پێویستە لەبەرلین بمێنمەوە.. نامەی خۆكوشتنی هیتلەر لەزیادكردنی ئاشكرادا دەفرۆشرێت

جیهان

28/04/2019‌ 1743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ئەمەریكا "نامەی خۆكوشتن"ی ئەدۆلف هیتلەر لە زیادكردیكی ئاشكرادا بۆ فرۆشتن دەخرێتە روو ، كە تێیدا یەكێك لەجەنەڕاڵەكانی دەڵێت: ئەو ئامادە نییە بەرلین بەجێبهێڵێت، سەرەرای پێشڕەوی خێرای هێزەكانی سۆڤێت لەساڵی ١٩٤٥  .

ئەو نامەیەی هیتلەر، كە لە ناوەندی زیادكردنەكانی ئەمەریكا  "Alexander Historical Auctions" ، لە ویلایەتی ماریلاند دەخرێتە روو، كە بیڵ بانا جوبولوس سەرۆكی ناوەندەكە لەو بارەوە دەڵێت: ئەو نامە بەڵگەیەكی نووسراوە ، ئەوە پیشان دەدات هیتلەر ویستی ئەوەی هەبووە مانەو مردنی هەر لە بەرلین بێت ، ئەوەش وا لەو نامەیە دەكات وەك نامەی خۆكوشتنی هیتلەر هەژمار بكرێت.

ڕێبەری نازییەكان ئەو نامەیەی لە ساڵی ١٩٤٥ لەرێگای تەلەگرافەوە ناردووە، كە تێیدا ویستوویەتی وێنەی خۆی وەك "ڕێبەرێكی نەبەز تاكۆتایی" لەبەرانبەر سەرباز و ئەفسەرەكانی پیشان بدات .

هیتلەر لە نامەكەیدا بۆ مارشاڵ فردیناند شۆرنز  نووسیویەتی: "دەبێت لە بەرلین بمێنمەوە ، بەڵام لەپێناو ئەڵمانیا بەشەرەفمەندانە بەشداری شەڕی یەكلاكەرە دەكەم ، تا ببمە بە باشترین نموونە بۆ  ئەوانەی دەمێنن".

هیتلەر لەدریژەی نامەكەیدا دەڵێت: "پێموایە لەو ڕێگایەوە باشترین خزمەتی ئەڵمانیا دەكەم ، بەڵام سەبارەت بە ئێوە ، پێویستە لەسەرتان ئەوەی لەتوانتاندایە بۆ سەركەوتن لە پێناو بەرلین بیكەن ".

هیتلەر و خۆشەویستەكەی ئیڤا براون لە لە ٣٠ نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لە پەناگەیەكدا لە بەرلین خۆیان كوشت ، لەكاتێكدا هەندێ بەڵگەنامەی نهێنی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریكا ئەوە دەردەخەن ، كە ئەو ئاژانسە ئەمنییە بەشێوەیەكی فەرمی لەساڵی ١٩٤٥ لەو دەنگۆیانەی كۆڵیوەتەوە كە باس لەوە دەكەن كە هیتلەر لە رێگای ژێردەریاییەكی جەنگییەوە بەرەو ئەرجەنتین ڕایكردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی