هەڵوێستی فەرمی حكومەتی چین بەرامبەر بە جەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا

جیهان

08/06/2019‌ 1228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لەماوەی پێشوودا جەنگێكی گەورەی بازرگانی لە نێوان ئەمریكا و چین بەرپابووە، جەنگەكە هێندە گەورەو ترسناكە ، كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. بۆ زانیاری زیاتر لەمەڕ ئەم كێشەیەوە، پێمانباشوو لە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی چین ئاگاداربین، كە زۆر لایەنی ئاشكراو نهێنی  كێشەكەی باسكردووە. 

لە ساڵی 2018 ەوە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەنگی بازرگانی لە دژی كۆمەڵێك دەوڵەتی جیهان راگەیاندووە، لەناویشیاندا چینیش رووبەروی ئەم جەنگە بوەوە. حكومەتی ئەمریكا بڕیاریدا گومرگێكی زۆر بەسەر كۆمەڵێك شمەك و كاڵای چینیدا بسەپێنێت، كە بەهایان دەگاتە نزیكەی 200 ملیارد دۆلاری ئەمریكی، جگە لەوەش بڕیاریدا  بڕی 25% بەسەر تەواوی كاڵاو شمەكە چینییەكان بسەپێنێت، كە كۆی گشتی دەگاتە نزیكەی 200 ملیارد دۆلار.

لە مێژوودا وێنەی نەبووە
ئەو جەنگە بازرگانییەی كە ئێستا حكومەتی ئەمریكا لە دژی چین بەرپایكردووە، جەنگێكی زۆر گەورەیە و لە مێژوودا وێنەی نەبووە، هەروەها ئەم جەنگە بۆتە هۆی ئەوەی كە زەرەر و زیانێكی گەورە بە كۆمەڵێك شـمەكی پیشەشازی و بازرگانی بگەیەنێت. لەلایەكی تریشەوە بۆتە رێگر لەبەردەم باشبوونەوەو گەشەپێدانی ئابووری جیهانی و لە هەمانكاتیشدا بۆتە هۆی شڵەژان و پشێوییەكی گەورە لە بازاڕی جیهانیدا.

زەرەری بۆ هەموان هەیە
ئەم جەنگە كاریگەری خراپیشی هەیە بۆسەر كۆمپانیا ڤرە رەگەزەو گەورەو جیهانییەكان، بەهەمانشێوەش كاریگەری خراپیشی دەبێت بۆ كۆمپانیا بچووكەكان. لەهەمووشی خراپتر، بەكارهێنەری جیهانیشیش زەرەرمەندی سەرەكی دەبن لەم جەنگەدا، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، كە ئەم جەنگە نەك سوود بەڵكە زەرەر بە بەرژەوەندییەكان و گەلی ئەمریكا گەیاندووە.

دوو گەورە زلهێزی ئابووری جیهان
پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان ئەمریكا و چین كە دوو زلهێزی گەورەی ئابووری جیهانن، گرنگی زۆری هەیە بۆ هەردوو وڵات، لەهەمانكاتیشدا رۆڵێكی بەرچاویشی هەیە بۆسەر پێشكەوتن و بەهێزكردنی گەشەسەندنی ئابووری جیهان. لە راستیدا دەبوایە لایەنی ئەمریكی هەوڵیبدایە لەگەڵ لایەنی چینی پێكەوەكار و هەماهەنگیان بكردایە بۆ پێشكەوتن و گەشەپێدانی ئابووری جیهان، كەچی بەپێچەوانەوە ئەمریكا لەجیاتی هەماهەنگی، جەنگێكی ئابووری گەورەو تاك لایەنانەی دژی شمەك و كاڵای چینی راگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ گوێ بداتە ئامۆژگاری و دەستپێشخەری خەڵكانی تر، بەم جەنگەش ئەمریكا هەموو ئەو رێكەوتنانەی پێشێلكرد، كە پێشتر هەردوولا لەسەری رێككەوتبوون، ئەمەش لەكاتێدا هەموو وەخت چین بە رۆحێكی راستگۆیانە و دلسۆزانەوە، مامەڵەی لەگەڵ ئەمریكا دەكرد و راوێژی پێدەكردن و گوێی بۆ داخوازییەكانی دەگرت.

چین جەنگی بازرگانی ناخوازێت
چین جەنگی بازرگانی ناخوازێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا لەم جەنگەش ناترسێت، گەر كەسێك بیەوێت پەلامارمان بدات و لەبەردەم ماڵمان تەقەمان لێبكات، ئەوا بەدڵنییایەوە ئێمە هەتا دوا هەناسەمان بەرگری لە خۆمان دەكەین. هیچ كاتێك چین تەسلیمی فشاری دەرەكی نابێت، هەروەها هێز و توانایەكی گەورەشی هەیە ، بۆئەوەی بەرگری لە مافە رەواكانی بكات.

چین بەرگری لە ڤرە جەمسەری جیهانی دەكات
لەم كاتەدا ئەو رێوشوێنانەی كە چین بەرامبەر بەم تەنگەژەیە گرتوویەتیە بەر، تەنها بەرگری لە مافە رەواكانی خۆی ناكات، بەڵكە بەرگری لە جیهانی ڤرە جەمسەریی و سیستەمی بازرگانی ئازاد دەكات لە جیهاندا.

هەمیشە لایەنی چینی پێی وایە سەپاندنی گومرگی زیادە، هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، هەروەها جەنگی بازرگانیش، زەرەری بۆ خۆیان و لایەنی تریش دەبێت . هەربۆیە هیوادارین كە لایەنی ئەمریكیش، لەگەڵ لایەنی چینی كار بكات، بۆئەوەی بتوانن بگەنە رێكەوتنێكی هاوبەش، لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەكتریی و بەرژەوەندی هەردوولا بپارێزێت و وەفاداریش بۆ ئەو رێكەوتنانەی تێدابێت، كە هەردوولا لەسەری رێكدەون.

ئابووری چین تۆكمەو بەهێزە
ئابووری چین خاوەنی هێز وتوانایەكی بەهێزو تۆكمەیە، لەهەمانكاتیشدا باوەڕی تەواومان بە خۆمان هەیە و دەتوانین رووبەروی هەموو ترس و هەڕەشەیەكی دەرەكی بینەوە. راستە رێوشوێنە گومرگییەكانی ئەمریكا لە ئێستادا كەمێك كاریگەری خراپی بۆسەر چین دەبێت، بەڵام چین خاوەنی توانایەكی بەهێزەو دەتوانێت بەسەر ئەم تەنگژەیەدا سەربكەوێت.

هێز و تواناكانی چین
لە ئێستادا چین خاوەنی سیستەمێكی پیشەشازی بەهێز و گەورەیە، هەروەها خاوەنی توانایەكی گەورەی داهێنەرانەی تەكنەلۆژیی گەشەسەندووە و خاوەنی گەورەترین چینی ناوەڕاستە» ئەوانەی كە داهاتییان مام ناوەندییە» لە جیهاندا، لە هەمووشی گرنگتر خاوەنی گەورەترین بازاڕی بەكارهێنەری جیهانە. لەهەمانكاتیشدا باوەڕی تەواومان بە داهاتوو و ئایندەی ئابووری چین هەیە، بەردەوامیش دەبین لە هەنگاوەكانمان بۆ چاكسازی و كرانەوەو گەشەسەندی ئابووری ، بەپێی ئەو نەخشە رێگایەی خۆمان بێت، ئابووری چینی بەردەوامە لە گەشەسەندن و بوژانەوەی بەردەوام.

چین بە ورەیەكی بەرز و تۆكمەوە، بەردەوامە لە چاكسازی و كرانەوەی بەرووی جیهان، بە خۆشحاڵییشەوە پێشوازی لە كۆمپانیا جیهانیەكان دەكەین، كە دەیانەوێت سەرمایەگوزاری زیاتر لە چین دا بكەن، هەروەها بەردەوامیشین لە دروستكردنی رەوشێكی باشتر بۆ سەرمایەگوزاری و كاری بازرگانی، كە تێیدا ئارامی و عەدالەت و شەفافیەتی زیاتر ، بۆ سەرمایەگوزارە بیانییەكان مسۆگەر دەكات.

سەرچاوە:  ماڵپەری وەزارەتی دەرەوەی چین