گرنگترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان كامانەن؟
وردەكاری ڕێكەوتنی توركیاو ئەمەریكا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام

کوردستان

14/08/2019‌ 3085 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی دیاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان ناوەڕۆكی ڕێكەوتننامەی نێوان توركیا و ئەمەریكای بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا و لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان ئاشكراكرد.

شڤان خابووری لەو بارەوە دەڵێت: توركیا لە دروستكردنی ناوچەی ئارام بەپێی ئەو مەرجانەی دەیویست و ئەو قووڵاییەی داوای دەكرد شكستیهێناوە، چونكە ئەنجامی دانوستانەكانی لەگەڵ واشنتۆن لەبەرژەوەندی ئەودا نەبوون.

خابووری لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پێگەی "عەرەبییە نێت" دەشڵێت: ناوچەی ئارام بەو شكڵ و شێوەیە نابێت، كە توركیا داوای دەكات، بەو قووڵاییەش نابێت، كە رابگەیاندووە 30 بۆ 40 كیلۆمەتری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بێت.

ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەو مەرجانەی توركیا كۆتاییان هاتووەو ئێستا لەدەرەوەی دانوستانەكاندان، ئەوەش لەسەر زاری وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا جەختی لێكراوەتەوە، كە بەهیچ جۆرێك دیموگرافیای ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا ناگۆڕدرێت.

بەقسەی شڤان خابووری پێشتر واشنتۆن و ئەنقەرە رێككەوتبوون، كە ژوورێكی پرۆسە هاوبەشەكان لەناو خاكی توركیا دروست بكەن ، بەڵام ئەو رێكەوتنە شكست دەهێنێت.

لەدرێژەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ عەرەبییە خابووری دەڵێت: گفتوگۆكان ئێستا لەسەر خاڵێك چڕ بوونەتەوە ئەویش قووڵایی ناوچە ئارامەكەیە، كە پێنج كیلۆمەترە و لەناوچە بیابانییەكان و لەو دەرەوەی ئەو شوێنانەیەكە دانیشتووانی تێدایە و نزیكە لەهەردوو شاری گرێ سپی و سەرێ كانی .

هەروەها دەڵێت: ئەو خاڵە خاڵەكانی تریش دواتر ڕێكەوتنیان لەسەر دەكرێت ، ئێمەش لە ئیدارەی خۆسەری دەمانەوێت بڕوا بەرای گشتی بهێنین، كە بانگەشەكانی توركیا بەوەی ئێمە سەرچاوەی هەڕەشەین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییەكەی ناراستن، لەبەر ئەوە رازین بەوەی قووڵایی ناوچە ئارامەكە ٥ كیلۆمەتر بێت.

باسی لەوەش كردووە، كە توركیا بانگەشەی ئەوە دەكات دەبێت ناوچە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە، بەڵام لەراستیدا خۆی تیرۆریستان بۆ ناوچەكە دەنێرێت .

بەقسەی خابووری ئەو ناوچە ئارامەی وابڕیارە دروست بكرێت هیچ جۆرە چەكێكی قورسی لێنابێت‌و تەنیا سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێدەبێت، كە واشنتۆن سەركردایەتیان دەكات و سەربازانی توركیاش وەك سەربازانی ناتۆ نەوەك وەك سەربازی توركیا لەناوچەكە دەبن، كە ئەگەری هەیە شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لەگەڵ ئەو هێزانە بەشدار بن.

رۆژی دووشەممەش شاندێكی ئەمەریكی گەیشتنە توركیا بۆ كاركردن بۆ كردنەوەی ناوەندی پرۆسە هاوبەشەكان و هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ چۆنێتی درووستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا .

وەزارەتی بەرگری توركیا لەو بارەوە رایگەیاندـ ٦ بەرپرسی ئەمەریكی گەیشتوونەتە شاری ئورفا بۆ دەستبەكاركردن بۆ دامەزراندنی ناوەندی پرۆسە هاوبەشەكان، كە چاوەڕێ دەكرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەست بەكارەكانی بكات .

رۆژی شەشی ئەم مانگە توركیاو ئەمریكا لەسەر دروستكردنی ناوچەی ئارام رێككەوتن، كە تا ماوەیەكی زۆر ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بەشارەوایی مایەوەو دواتر میدیاكان چەند زانیارییەكیان لەو بارەوە ئاشكراكرد.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی