"بەقاچاخبردن"ی نەوت لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەردەوامە

عیراق

16/09/2019‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

پێگەی مەعلومە بڵاویكردۆتەوە
لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق دووپاتیكردەوە، كە "بەقاچاخبردن"ی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ توركیا بەردەوامە.

لەو بارەوە هەیبەت حەلبوسی سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و وزەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەكەیان بە چەند نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی نەوتی لەم پرسە ئاگاداركردووەتەوە، كە بەسەر ئەو دەروازیە‌دا زاڵبن، چونكە "بە ناشەرعی نەوتی لێوە دەبرێتە دەرەوە".

ئەو راشیگەیاند، ڕێوشوێنەكانی وەزارەتی نەوت لاوازن و لە ئاستی پێویستدا نین.

هەیبەت حەلبوسی باسی لەوەش كرد، كە هێشتا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە نەوت بەقاچاخ ڕەوانەی توركیا دەكات‌و ئەوەشی راگەیاند "ئەو بەقاچاخبردنەی نەوتە،‌ كاریگەری نەرێنی هەبووە و باری سەرشانی حكومەتی فیدڕاڵی بەكۆمەڵێك قەرزی دەرەكی گرانتر كردووە".

ناوبراو ئەوەشی ڕوونكردەوە، كە وەزارەتی نەوت لێپرسراویەتی تەواوی ئەو پرسەی دەكەوێتە سەرشان، چونكە ڕێوشوێنی دەمكوتكەرانەی نەگرتووەتەبەر.

ڕۆژنامەی شەڕقلئەوسەت  بڵاویكردەوە
لە دوای هێرشەكانی سەر دوو دامەزراوە نەوتییەكەی سعودییە، كیلیان كۆنوای ڕاوێژكاری كۆشكی سپی ڕایگەیاند، لە پێناوی سەقامگیری بازرگانی نەوتی جیهانی، وەزارەتی وزەی ئەمریكا ئامادەیە نەوت لەو كۆگا ستراتییژییە نەوتییەكانی هەڵێنجێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، كونوای لە لێدانێكی بۆ كەناڵی ئاسمانی "فۆكس نیوز" راشیگەیاندووە، ئەمریكا ئامادەی جموجوڵە ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر سعودییە.

ژنە ڕاویژكارەكەی كۆشكی سپی ئەوەشی بەدوور نەزانی، كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا،  دیدارێك لە نێوان دۆناڵد ترامپ و حەسەن ڕۆحانی سازبدرێت، بەڵام رایگەیاند، هێرشەكانی ئەم دوایەی سەر ئارامكۆ یارمەتیدەری دیدارێكی لەم جۆرە نین.

دوێنێ یەكشەممە، ئەمریكا لەسەر زاری مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە،‌ ئێرانی بە هێرشكردنەسەر ئەو دوو دامەزراوە نەوتییە سعودییە تۆمەتبار كرد.

لای خۆیشییەوە یەكێتی ئەوروپا لەسەر زاری "فیدریكا مۆگرینی" هۆشداری ئەوەیدا، كە لە دوای هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر دوو دامەزراوە نەوتییە سعودییەكە، ئاسایشی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیدایە. 

مۆگرینی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورویا داوای ئەوەشی كرد هەڵكشانی ڕووداوەكان بوەستندرێن و تا ئەوپەری ڕادەش لایەنەكان دانبەخۆیاندا بگرن.

ئەحوال توركیا بڵاویكردەوە 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی  بە سەركردایەتی واشنتۆن ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوونێكی گەورە سەبارەت بە ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە توركیا هێشتا لەسەر زاری بەرپرسەكانییەوە بۆلەبۆڵییەتی سەبارەت بە دۆخی ناوچەی ئارام و دیدگای جیاوازی لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە ناوچەی ناوبراو.

پێشتر واشنتۆن و ئەنقەرە لە مانگی پێشوو گەیشتبوونە پێكهاتن لەسەر دانانی چەند میكانیزمێكی ئەمنی بۆ پێكهێنانی ناوچەی ئارام، كە ببێتە ناوچەیەكی دابڕاو لەسەر سنوری نێوان توركیا – سوریا، لە نێوان هێزەكانی سوریا دیموكرات و دەوڵەتی توركیا.

لە 8 ی سێبتێمبەری ڕابردوو، تیمێكی هاوبەشی سەربازی ئەمریكی – توركی بە ناوچە ئارامەكەدا سوڕانەوە، بەڵام ئەنقەرە ڕەخنە لەواشنتۆن دەگرێت، كە لێبڕاوانە كار بۆ پێكهێنانی ئەو ناوچە ئارامە ناكات.

یەكشەممەی رابردووش شاندێكی هاوپەیمانی ئەنجوومەنی سەربازی، سەردانی شاری تەلئەبیەزی كرد لە باكووری سوریا، كە مانگی ڕابردوو هێزە كوردییەكان لێی كشانەوە. 

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا ڕاشیگەیاند، قۆناغێكی باش چوونەپێشەوە لە پێكهێنان و خستنەگەڕی میكانیزمە ئەمنییەكان.

هەروەها رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات چەند تیمێكی گەڕۆكیان بە ناوچەكەدا سوڕاونەوە بۆ بەسەركردنەوەی سەنگەرە و مەتەرێزەكانیان و لابردنی هەندێكیان بۆ ڕەواندنەوەی ترس و نیگەرانییەكانی توركیا، هاوكات هێزەكانی ئەمریكا و توركیاش 4 كردەی فڕۆكەوانییان بەسەر ئاسمانی ناوچە ئارامەكەدا ئەنجامداوە.

هێشتا قەبارەی ناوچە ئارامەكە و شێوازی كاركردنی نادیارە، هەر چەندە ئەنقەرە رایگەیاندووە، بنكەی چاودێری سەربازی و تیمی سەربازی گەڕۆكی تێدا دەسوڕێنەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هاوپەیمانی لە دانوستان و هەماهەنگی لەگەڵ توركیا بەردەوام دەبێت سەبارەت بە میكانیزمەكانی بەڕێوەچوونی ناوچە ئارامەكە. ووتیشی ئەو سەنگەر و مەتەرێزانە لادەبەین كە جێگەی نیگەرانی توركیان.

دەوڵەتی سوریاش دژی پێكهێنانی ئەو ناوچە ئارامەیە ی گەڕێدەیی ئەو تیمە هاوبەشانەی بە دوژمنكاری وەسف كرد كە پێی ماوەی جەنگی سوریا درێژتر دەكەنە‌وە.

شارەزا سیاسییە نێودەوڵەتییەكانیش پێیانوایە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە دواخستنی ناوچە ئارامەكەی باكوری سوریا، ئەوەشیان دووپات كردەوە كە سوڕانەوە تیمە سەربازییە هاوبەشەكانی ئەمریكا و توركیا واتای پێكهێنانی ئەو ناوچە ئارامە ناگەیەنێت.