خەونی ئیمپڕاتۆرییەتەكەی ئەردۆغان بەشكست كۆتایی دێت

ڕاپۆرت

14/01/2020‌ 3155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاتی خۆی هەموو هێزە ئەوروپییەكان و ڕوسیاش دەیانزانی، كە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی لە ڕووی سەربازی ئابوورییەوە كۆتایی هاتووە، بەڵام هاوسەنگی نێوان خۆیان وایكرد، كە تەمەنی ئیمپڕاتۆرییەتەكە بۆ 600 درێژبێتەوە، لەو ماوەیەشدا گەلە دێرینە ناموسوڵمانەكانی ئەنادۆڵ  باجەكەیاندا و بەتایبەتیش ئەرمەنەكان.

ئەمڕۆ توركیا هەمان ڕێچكەی دەوڵەتی عوسمانی گرتووە، كە دیارە خۆی ڕادەستی ڕوسیا كردووە، گرفتە مێژووییەكانیشی لەگەڵ مۆسكۆدا بیرچووەتەوە، كە دەكرێت دووبارە ببنەوە. 

سەرباری لووتبەرزییەكانی ئەردۆغان، بەڵام بەو ئەندازەی مۆسكۆ دەیەوێت و ڕێگەی پێدەدات، توركیا دەتوانێت لەسوریا و لیبیا شوێنپێیەكی هەبێت.

ئێستا ئەردۆغان بەپارە و پولی قەتەری، خەریكی خۆئامادەكردنە بۆ سەركێشییەكی دیكە، ئامانجەكەشی گەیشتنە بەسەرچاوەكانی وزەو باڵادەستی بەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و پاراستنی ئەو بەڵێندەرە توركانەی لەلیبیا كاردەكەن. 

ئەو لەو پێناوەدا چەمكی جیهادی بۆ بەرژوەندییەكانی خۆی خستووەتەگەڕ، كە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ بنكە جەماوەرییە كۆنەپارێزەكەی حیزبەكەی، بۆیە بەوە "فەرەج مستەفا"ی فەرماندەكەی میسڕاتە‌ وەسف دەكات، كە "شێری دەوڵەتی ئیسلامییە".

گرێدانی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێك بە ئایدیۆلۆجیای كوێرانەوە مەترسییەك گەورەیە، دەوڵەتی عوسمانیش لە ماوەی ئیتحاد و تەرەقی، یان ئەڵمانیایی نازی، پێنوێنێكی زەقی ئەنجامە كارەساتبارەكان ئەو جۆرە ئیدارەیە. 

ئەردۆغان بەهەمان شێوەی ئەنور پاشا، بە دوای ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامیدا غارغارێنییەتی كە بۆی مەیسەر نابێت، ئەمەش بۆیە مەحاڵ، چونكە ئابووری توركیا بەخێرایی بەرەو هەرەسهێنان هەنگاو دەنێت، تەنانەت بەبوونی پشتیوانی دارایی قەتەریش، ئەو جۆرە سەر‌كێشییانە سەخت و دژوارن، ئەمە جگە لەوەی قەوارەیەكی تەواو نییە ناوی جیهانی ئیسلامی بێت. 

لەناو دەوڵەتە نەتەوەییە ئیسلامییەكانیشدا تەنیا كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین هەن، كە وەك ئەردۆغان بیردەكەنەوە.. ئەو دەوڵەتانەش بە دەست هەژاری و نەزانییەوە دەناڵێنن و سەركردەكانیشی لە كەیف و سەفای خۆیان ناكەون و هەموو كەموكورتییەكانیشیان دەدەن پاڵ ڕۆژئاوا.

خەونە مەحاڵەی ئەردۆغان خوێنی زیاتری لەپێناودا دەڕژێت و خەڵكی زیاتری لەپێناودا دەمرن، توركیاش دەخاتە زەلكاوێكەوە، كە هاتنەدەرەوەی ئەستەمەو لەوانەیە ئەردۆغان بیتوانێت گرفت لە لیبیادا دروست بكات، بەڵام بەو كارەی هیچی دەست ناكەوێت. بۆچی؟

مەتین غۆرجان لەڕووی سەربازییەوە بەتێروتەسەلی ئەو پرسەی لە ڕۆژنامەی مۆنیتۆردا ڕوونكردووەتەوە، ئەو بە مەرجی دەزانی توركیا بنكەیەكی سەربازی دەریایی لەدەریایی ناوەڕاستدا هەبێت، تا تەرابلوس و ئەو یەكە سەربازییانەش بپرێزێت، كە توركیا دەیاننێرێت بۆ لیبیا، هەروەها بتوانێت بوارێكی ئاسمانی دژفڕین لە ناوچەكە دروست بكات بۆ بەرپەرچدانەوەی هێزەكانی حەفتەر. 

ئەمەش پێویستی بە شەش بۆ هەشت فڕۆكەی جۆری F-16 Block 50 و فڕۆكەی ئەواكس و بەلایەنی كەمەوە كەشتییەكی جەنگی تیژڕەوو (فیرقاتە) و ژێردەریاییەك  دوو كەشتی جەنگی هێزێكی سەربازی 3000 كەسی پێویستە.

جگە لە قەتەر‌یش هیچ دەوڵەتێكی دیكە پشتی توركیا ناگرێت، جەزائیر و تونسیش بە هۆی بوونی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمینەوە ئەرێنییانە لەتوركیا دەڕوانن، بەڵام پشتیوانی لە كردە سەربازییەكانی ناكەن. 

جۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاش ناڕازییە بەرانبەر دەستوەردانی توركیا لەلیبیا، هەروەها یەكێتی ئەوروپا   بە تایبەتیش ئیتاڵیا و فەڕەنسا.. میسریش پشتیوانی لە هێزەكانی حەفتەر دەكات. 

غۆرجان پێیوایە مەحاڵە توركیا بتوانێت هاریكاری حكومەتەكەی سەڕاج بێت، ئەگەر پشتیوانی ئاسمانی و دەریایی تونسی لەگەڵ نەبێت.

توركیا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوەتە هێزەكانی سەڕاج، بەڵام میسر موشەكی ڕاوچی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان (بانتسیر ئێس 1) ڕوسی  داوەتە حەفتەر، ئەم موشەكانە نایەڵێن ئەو فڕۆكە بێفڕكەوانانە بەكارایی كاری خۆیان بكەن.

پوختەی قسە ئەوەیە توركیا لەو ئاستەدا نییە بچێتە ناو جەنگێكی دەریاییەوە دژ بە ئەمریكا و بەریتانیا، ئەمە ڕاستییە، بەڵام سەرباری ئەوەش وا چاوەڕوان دەكرێت تێوەگلانی توركیا لە زەلكاوی لیبیا، سەركێشییەكە و باجەكەشی خوێن و ئازاری دوورمەودا دەبێت و زۆریش دەخایەنێت.

سەرباری ئەمانەی باسكران، هێزەكانی حەفتەر، كە چەتە ڕوسەكان پشتیوانی لێدەكەن، بە ئاسانی دەستییان بەسەر شاری "سرت"دا گرت و گورزێكی كاریگەیشیان لە هێزەكانی سەڕاج وەشاند. 

دوای گیرانی سرت، فەرماندەكانی سەڕاج بە توندی هۆشدارییان دایە یەكە سەربازییەكان لەوەی دەست لەگەڵ دوژمن تێكەڵاو نەكەن، چونكە هەندێك یەكەی سەربازی لەسرت كوتمت ئەوەیان كرد.

سرت دوا هێڵی بەرگری بوو بۆ میسڕاتە، كە دامەزراوەی سەرەكی و كارای حكومەتە سازانكارییەكەی نیشتمانی لیبی لەخۆ گرتبوو وەك بانقی مەركەزی لیبیا و فەتحی پاشای وەزیری ناوخۆیی لیبیا.

هێزەكانی حەفتەر بەرەو تەرابلوس كشان و تەنیا چەند شوێنێكی بچووكیش لە بندەستی هێزەكانی حكومەتەكەی سەڕاجدا هێشتەوە، حەفتەریش 95% ی خاكی لیبیای لەبندەستدایە و دەورەی تەرابلوس و  میسڕاتە و زاوییەی گرتووە، لەوانەشە توركیا بە پشتیوانیكردن لە جیهادییەكان كەوتنی تەرابلوس دوابخات، بەڵام ناتوانێت بەر بە كەوتنی یەكجارەكی بگرێت.

توركیاش لەو گێرمەوكێشمەدا دوژمنی زۆری بۆ زیاد دەبن، خوێنی زیاتری موسوڵمانانیش دەڕژێت، ئابوورییەكەشی خراپتر و خراپتر دەبێت. 

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر