مەسرور بارزانى بە هۆکارى دەستپێنەکردنى شەقامى ١٠٠ مەترى سلێمانى دەزانرێت

کوردستان

03/02/2020‌ 2060 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رێگر دەزانێت لە دەستپێنەکردنى پرۆژەى شەقامى ١٠٠ مەترى سلێمانى.

رێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی بەپێگەى فەرمى حزبەکەى راگەیاندوە، هۆکارەکانی پشت دەستپێنەکردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی تەنیا یەک ھۆکاری ھەیە ئەویش رەزامەندنەبونی سەرۆکی حکومەتە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، تائێستا سەرۆکی حکومەت دوو جار بڕە پارەی تەرخانکراوی بۆ پرۆژەکە کەم کردۆتەوەو ھێشتاش پێی رازی نییەو دەڵێت زۆرە.

رێکەوت زەکى باس لەوە دەکات، بەرەو ئەوە دەچێت لەکۆتایدا ھێندە بودجەی پرۆژەکە کەم بکەنەوە تا کەس ئامادە نەبێت بیکات و کارەکە بسپێرن بە کۆمپانیایەکی خۆییانە.

ئەندامەکەى ئەنجومەنى پاریزگاى سلێمانى روونیدەکات، ھەموو ئەو ئاستەنگ دروستکردنانە لەکاتێکدایە کەکۆمپانیای جێبەجێکار ئامادەیە تا ئاستێک پرۆژەکە جێبەجێبکات و چاوەرێی سلفەی حکومەت نەکات.

ناوبراو ئەوە دەخاتەڕوو، گرفتەکە بەوە چارەسەر دەبێت کە دەسەڵاتی خەرجی بدرێتەوە پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکە خۆی خاوەنی بودجەو ئیدارەی ئەم پرۆژەیەو پرۆژە ستراتیژیەکانی دیکەی وەک بەنداوی خێوەتەو ئەوانیتر بێت.

بە وتەى رێکەوت زەکى نوێنەرانی سلێمانى لەحکومەت لەھەموو لایەنەکان بەرپرس و کەمتەرخەمن لەمبارەیەوە.
س.هـ