لەسەر جموجۆڵەكانی توركیا لەئیدلب روسەكان هۆشداری دەدەنە ئەنقەرە

لە میدیاکانەوە

12/02/2020‌ 2211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی دیبلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بەجموجۆڵەكانی توركیا لە باكووری سوریا بەگشتی و ناوچەی ئیدلب بەتایبەتی دەردەبڕن .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی روسی، بیوتەر ئیلیچۆڤ بەرێوەبەری بەشی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەڵێت: مۆسكۆ ناتوانێت دەستەوەستان دانیشێت بەرانبەر بەوەی لەسەر شانۆی ئیدلب دەگوزەرێت و تیرۆریستان بەردوام بۆردومانی پێگەكانی سوپای سوریا دەكەن.

رۆژی سێشەممە و لە بۆنەیەكی فەرمیدا ئەو بەرپرسە دیبلۆماسییە روسییە باسی كاریگەری رووداوەكانی ئەم دواییەی ئیدلبی لەسەر پەیوەندییەكلانی نێوان توركیا و روسیا كردووە‌و وتیشی: ڕێزگرتنی توركیا بۆ سەرەوەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا یەكێك بووە لەبەندەكانی یاداشتنامەی درووستكردنی ناوچەكانی كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئیدلب، جگە لەوەی یاداشتەكەی وتویەتی ڕێكەوتن لەسەر ناوچەی ئیدلب كاتییە.

ئیلیچۆڤ درێژەی داوەتێ و باسی لەوە كرد، كە پێشتر یاداشتنامەیەكی زۆر گرنگ تر هەبووە، كە تێیدا توركیا بەڵێنی ئەوەیداوە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەو لە تیرۆریستان جیابكاتەوە و ناوچەی لەچەك داماڵراو دروست بكات و ئازادی هاتووچۆكردن لەڕێگا نێودەوڵەتییەكانی M4 و M5  دەستەبەر بكات، بەڵام لەماوەی هەژدە مانگی رابردوودا هیچ كام لەو بەڵێنانەی نەبردە سەر.

ئەو بەرپرسە روسییە ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەوان لەو ئاستەنگانە تێدەگەین رووبەڕووی توركیا دەبێتەوە ، بەڵام ناكرێت دابنیشین و سەیر بكەین بزانین لە ئیلدب چی روودەدات، ئەوە لەكاتێكدا پێگەكانی سوپای سوریا و پێگە رووییەكانیش لەوانە بنكەی ئاسمانی حومەیمیم رۆژانە بە فرۆكەی بێفرۆكەوان هێرشیان دەكریتەسەر .

ئەو دۆخەی لە پارێزگای ئیدلب لە باكووری سوریا هاتۆتەپێشەوە بارگرژییەكی زۆری لەنێوان هێزەكانی توركیا كە لەو ناوچەیە جێگیرن لەگەڵ هێزە حكوومییەكانی سوریا درووستكردووە بەهۆی ئەوەی دیمەشق پرۆسەیەكی سەربازی فراوانی بۆسەر ئەو ناوچانە دەستپێكردووە كەلەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیادان . 

هەر ئەمەش وایكردووە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سوپای توركیا و سوریا چەند جارێك هێرش بكەنە سەر هێزەكانی یەكتر و مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگێكی هەرێمیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە زیادی كرد، هەروەك دانیشتنەكانی نێوان توركیا و روسیا بۆ كۆتاییهێنان بەگرییەكان بێ هیچ ئەنجامێك كۆتاییان هات . 

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا