توركیا چیتر ڕێگە لەپەنابەران ناگرێت لەوەی بگەنە ئەوروپا

جیهان

29/02/2020‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاردانەوەی كوژرانی ٣٣ سەربازی توركیا بە هێرشی ئاسمانی هێزەكانی حكومەتی سووریا، بەرپرسێكی باڵای توركیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند چیتر وڵاتەكەی ڕێگە لەپەنابەران ناگرێت لەوەی بگەنە ئەوروپا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی كرد لەسەر هێرشەكە تێیدا هولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری و فەرماندەكانی هێزەكانی توركیا پێشنیازی ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا كردووە.

توركیا هەزاران سەرباز و چەكی قورسی ناردووەتە نێو سوریا و ئەردۆغانیش هۆشداری داوە لەوەی لە ئەگەری نەكشانەوەی هێزەكانی سوریا لە بنكەی ڕوانگەی چاودێرییەكانی توركیا لە ناوچەكە، ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان دەست پێدەكات بەمەبەستی پاشەكشە پێكردنیان.

ڕاگەیاندنی كوژرانی ٣٣ سەربازی توركیا و بریندار بوونی ٣٢ی دیكە لەلایەن پارێزگاری پارێزگای هاتای لەسەر سنووری سوریا، ئاماری كوژراوانی سوپای توركیای لەم مانگەدا لە ناوچەكە بەرزكردەوە بۆ ٥٤ كوژراو.

لەدوای كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە نزیكەی ملیۆنێك خەڵكی سڤیل ئاوارەی نزیك سنووری توركیا بوون، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریای پاڵپشت بە ڕوسیا ناوچەكەی لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەرهێنا، كە ئەمیان توركیا پاڵپشتی دەكات، ئەو هێرشەش دژوارترین قەیرانی مرۆیی لەماوەی جەنگی نۆ ساڵەی سووریا لێكەوتەوە. 

بەرپرسە باڵاكە بە ڕۆیتەرزی راگەیاند، بەهۆی پێشبینی كردنی گەیشتنی ژمارەیەكی زۆر پەنابەر لە ئیدلیبەوە، پۆلیسی توركیا و پاسەوانی كەنار و بەرپرسانی ئەمنی سنوور فەرمانیان پێكراوە دەروازە ئاوی و وشكانیەكان بەرەو ئەوروپا لەبەردەم پەنابەراندا واڵا بكەن.

ئەو بەرپرسە، كە داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، وتیشی: دەستبەجێ و یەكلاكەرەوانە بڕیارمان داوە ڕێگە لە پەنابەرە سورییەكان نەگرین لەوەی بەڕێگەی ئاوی یان وشكانی بگەنە ئەوروپا. 

سەرجەم پەنابەران، لەنێویاندا پەنابەرانی سوری، لەئێستادا بەخێرهاتنیان لێدەكرێت لەوەی بگەنە یەكێتی ئەوروپا.

وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان
سەرچاوە: France 24 English