گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا 45 هاوڵاتی كورد لە عەفرین دەڕفێنن

کوردستان

05/04/2020‌ 380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردودا 45 هاوڵاتی  لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە رفێندراون.

ئەمڕۆ یەكشەممە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتێكیدا لەبارەی  رەوشی عەفرین لەرۆژئاوای  كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە "دەیان پێشێلكاری مرۆیی، رفاندن، دزی و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاوڵاتیان لەو شارە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی توركیاوە ئەنجامدراون".

باسیلەوەشكردووە، هەر لە مانگی رابرودا نزیكەی 45 هاونیشتیمانی مەدەنی لەلایەن ئەو گروپە چەكدارانەوە لە ناوچە جیاوازەكانی عفرین رفێندراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیان دواتر بەرامبەر پارە ئازادكراون هێشتا زۆرینەیان بە تۆمەتی لایەنگریان لە یەكینە و هێزە كوردییەكان لەژێر دەسەڵاتیاندان.

بەپێی راپۆرتەكەی روانگەكە ، لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە  توركیا گڵۆپی سەوزی بۆ گروپە چەكدارەكانی هەڵكردوە تا ماڵ و سامانی كوردانی ناوچەكە بە نرخێكی زۆر كەم بفرۆشن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەكدارانی ئەو گروپە خانووەكانی  ئەو كوردانە دەفرۆشن كە لەلەشكركێشییەكەی تورکیادا بۆ سەر عەفرین خانووەكانیان جێهێشتوە و بەرامبەر هەر ماڵێكی دو نهۆمی، بڕی سێ بۆ پێنج هەزار دۆلاری ئەمریكیان وەرگرتوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەشێكی دیكەی خانوەكانی كوردانی ناوچەكەیان داوە بە كرێ و هاوشێوەی سەروەت و سامانی خۆیان مامەڵەیان پێوەدەكەن، بێجەگە لەوەی گەندەڵییەكی بێشوماریان دروستكردوە و كوردانی ناوچەكە ناوێرن لە ماڵەكانیان بچنەدەرەوە، بەتایبەتی لە ئێواراندا لە رفاندنیان دەترسن لەلایەن ئەو گروپە چەكداریانەوە.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن هێزەکانی سوپای تورکیاوە زیاتر لە 350 هەزار کەس، کە دانیشتوی رەسەنی گوند و شارۆچکەکانی ئەو سنورەن ئاوارەبون، هاوکات رێکخراوە مرۆییەکان ئەنقەرە بە ئەنجامدانی پاکتاوی رەگەزی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین تۆمەتبار دەکەن.