شارپرێس:
قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوەو رایگەیاند، لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتووچۆ، لە سلێمانی پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە.
قائیمقامییهتی سلێمانی له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی ئهمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و رایگەیاند، "لە ئەگەری درێژنەکردنەوەی ٤٨ کاتژمێرەکەی قەدەغەی ھاتووچۆ، لە سلێمانی پلانێکی گشتگیریان داناوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی بەشێک لەو شوێنانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە".
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەى بەوەشکردوە، کارکردنی ئەو شوێنانە تەواو جیاواز دەبێت لە شێوازی کارکردنی پێشووترو بە رەچاوگرتنی ھەموو رێنماییە تەندروستیەکان و گرتنەبەری چەند رێکارو رێوشوێنێکی گونجاو رێگە بەکارکردنیان دەدرێت.
ئاوات محەمەد دەشڵێت"ئەگەر رەوشەکە لەباربێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەکی نوێ کە دواتر بڵاویان دەکەینەوە رێگەبەکردنەوەی بەشێک لە "مارکێت و دەرمانخانەو نانەواو سەمونخانەکان و عەلوە" دەدرێت.
هەروەها قایمقامى سلێمانى ھاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە ھەموو بڕیارو رێنماییەکان بەڕەچاوگرتنی مەترسی قۆناغەکە دەدرێن و پاراستنی لایەنی تەندروستی خەڵک لە ئاستێکی باڵادا لە بەرچاو دەگیرێت.
لە کۆتاییشدا ئاوات محەمەد، سوپاسی پابەندبوونی بەرچاوی ھاوڵاتیانی سلێمانی دەکات بە قەدەغەکردنی ھاتووچۆ و جێبەجێ کردنی رێنماییە تەندروستەکان، داواش لە هاوڵاتیان دەکات بە پابەندبونی ئێوەو مانەوەتان لەماڵەکانتان مەترسییەکانی کۆرۆنا زووتر تێدەپەێنین و نزیکتر دەبینەوە لە ئاسایی بوونەوەی ژیان لە ھەرێمی کوردستان.