ڕۆژنامەی کوردستان و تێزی کۆمەڵگەی وێناکراو

مەلەفی تایبەت

27/04/2024‌ 719 جار خوێندراوه‌ته‌وه


                                                                                جەعفەر عەلی 

یەکەم: کوردستان لە بازنەی فیکری عوسمانیزمدا

   کوردستانی بندەستی عوسمانی بەراورد بە کوردستانی بندەستی سەفەوی-قاجار، لە ئاستێکی پێشکەوتووتردا بوو، دەرکەوتنی جوڵەی دەستەی ڕوناکبیر و خوێندەواری عەلمانی کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست لە سنوری دەسەڵاتی عوسمانیدا، دەیتوانی ئەم جوڵە و بەرەوپێشچوونە سیاسی و کولتورییەی کورد و کاریگەرییەکانی بپەڕێنێتەوە بۆ سنوری کوردانی بندەستی قاجاریش.
   ڕوناکبیر و خوێندەوارانی کورد، شانبەسانی گەلان و نەتەوەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، بە دژی سیاسەتی سوڵتان عەبدولحەمید و ناوەندی خیلافەت، بەشداری چالاکانەیان لە خەباتی هاوبەش لەپێناوی دادپەروەری، یەکسانی، برایەتی و هەوڵدان بۆ کارکردن بە دەستور دەکرد. ئەو ڕۆژگارە، عوسمانیزم وەک چەمکێکی سەروونەتەوەیی و کۆکەرەوەی هەمووان و تەواوی جیاوازییە نەتەوەیی و کولتورییەکان خۆی پێناسە دەکرد، کۆی جیاوازییەکانیش، بە لەبەرچاوگرتنی مافە سیاسی و کولتورییەکان، هەوڵیاندەدا لە ژێر بنمیچی ئەم چەمکە سیاسی و هەژمونگەرایەدا، بە دەوری یەکدی و لەگەڵ یەکدیدا کۆببنەوە. لێرەوە عوسمانیزم دەبوو بەو سەنتەرە سیاسی، فیکری و ئایدیۆلۆژییەی دەیتوانی تا ئاستێکی گەورە بیرکردنەوەکانی پەراوێز و فۆڕمە بچووکەکانی دیکەی جیاوازی دابپۆشێت. عوسمانیزم، هەرچەندە لە ڕووی تیۆرییەوە وەک ئایدیای بان-نەتەوەیی خۆی پێناسە دەکرد، بەڵام لە واقیعدا بیرۆکەیەکی سێنتڕاڵ و گشتگیری سیاسی و ئایدیۆلۆژی بوو، بە پلەی یەکەم دەچووەوە نێو ماڵی خزمەتکردن بە بوونی نەتەوەیی و کولتوری تورک وەک بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەباری دینیشەوە، ئاینی ئیسلام، دەزگای شێخولئیسلام، جامیعەی ئیسلامی و چەمکی پان-ئیسلامیزمیش، هەر دەبرایەوە نێو هەمان ماڵ و بەرژەوەندی سیاسی و کولتورییەوە.
   نوخبەی خوێندەوار و ڕوناکبیری کورد لە نێو ئەو جیهانی بە سەنتەرکردنی فیکری عوسمانیزم و کۆی ئەو ڕێکخستنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی لە ژێر ئەم ناونیشانەدا کاری بۆ دەکرا، لە ڕێی خەباتی کولتوری، کاری چاپ و بڵاوکردنەوەوە، هەوڵیاندا پێناسەی جیاوازی خۆیان، وەک بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بە ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرنە، بۆ سنوری عوسمانی و دونیاش بەیان بکەن. بێگومان کارەکە تەنیا بریتی نەبوو لە بەیانکردنی کێشە و دەرد و ئازارەکان، بەڵکو هەوڵدان بوو بۆ دروستکردنی هۆشیاری گشتی و کارکردن لەسەر ئەم ڕەگەز و بنەما سیاسی و کولتوریانەی، کە هەر نەتەوەیەک لە بونیادنانی سیاسی و کولتوری خۆیدا پێویستی زۆری پێیدەبێت.
   بەدرخانییەکان لەوەدا پێشەنگ و "ڕۆژنامەی کوردستان"یش خاڵی دەستپێک و وەرچەرخانی ناسیۆنالیزمی کولتوری کورد بوو. گرنگترین کارێک، کە بەدرخانییەکان و ڕۆژنامەی کوردستان کردیان، پەنجەبردن بوو بۆ تێکشکاندنی پیرۆزی ئەم چەمک و بیرۆکەیەی بە عوسمانیزم ناودەبرا، چونکە بەبێ کارکردن بۆ تێکشکاندنی چەمکی عوسمانیزم، کارێکی تەواو ئەستەم بوو، زمان و کولتور و ناسنامە لۆکاڵییەکانی نێو ئیمپراتۆرییەت، هێزی خۆپێناسەکردن و گەورەکردنی تایبەتمەندییەکانی خۆیان هەبێت. واتە دەتوانین بڵێین، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی پەیکەری فیکری سیاسی عوسمانیزم، هەمانکات هەوڵدان بوو بۆ گەڕانەوە بۆ خودناسی، گەڕانەوە بوو بۆ ناو دونیا تایبەتەکەی خۆت وەک بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز. ئەم هەوڵدان و جوڵەیە، گەورەترین دیدێکی ناسیۆنالیستانەی بەدرخانییەکان بوو، لە ڕێی چالاکی کولتوری، دەزگای چاپ و ڕۆژنامەوە، ویستیان کورد لە نێو دونیای فەرامۆشی و سڕینەوەوە بگەڕێننەوە بۆ نێو جیهانە تایبەت و جیاوازەکەی خۆی.

دووەم: ڕۆژنامەی کوردستان و خەمی نەتەوەیی

   "ڕۆژنامەی کوردستان"، سەرەتایەکی گرنگی بوژانەوەی سیاسی و کولتوری کوردە. دوای شکستی ڕاپەڕینە چەکدارییەکانی کورد، دەستەی ڕوناکبیری کورد بۆ هەرچی زیادتر هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کورد بە زمان، مێژوو، کولتور و ناسنامەی نەتەوەیی، قورساییان خستەسەر چالاکی کولتوری و بۆ یەکەمجار و لە دەرەوەی جوگرافیای دەسەڵاتی خیلافەتی عوسمانی و دەرەوەی خاکی کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییان بە ناوی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرە بە چاپ گەیاند. دەکرێ بگووترێ، شکستی ڕاپەڕینە چەکداری و سەربازییەکانی کورد لە سەدەی نۆزدەدا، بە خەباتی ڕۆشنگەری و کولتوری لە کۆتاییەکانی هەمان سەدەدا وەڵام درایەوە.
    "ڕۆژنامەی کوردستان"، زمانحاڵی نیشتمانپەروەرانی کورد و، هۆکارێکی گرنگی هەوڵدان بۆ یەکخستنی وزە و توانا جیاوازەکان و ڕێگەخۆشکردن بۆ یەکێتی و دروستکردنی یەکدەنگیان بوو. ئەم ڕۆژنامەیە، وەک داهێنانی شێوازێکی خەباتی نوێ وابوو لەپێناو بەدیهێنانی مافە سیاسی و کولتورییەکانی کورد، وێڕای ئەوەی هەوڵدانێکی پڕ بایەخ بوو لە هۆشیارکردنەوەی ناوەندی کۆمەڵایەتی کوردی بە ماف و ئازادی و ڕەگەزەکانی بوونی نەتەوەیی خۆی.
   "ڕۆژنامەی کوردستان" بایەخێکی تایبەتی بە فیکری نەتەوەیی کوردی داوە، ئەمەش لە ناونانی ڕۆژنامەکەوە بە "کوردستان"، وەک ئاماژەیەک بۆ نیشتمانی دایک بە ڕوونی دەردەکەوێت. ناونان لە بۆشاییەوە نایەت، بەڵکو هەڵگری مانا و دەلالەتی سیمبولییە، بۆیە دەشێت ئەم ناونانەی ڕۆژنامەکە وەک هەوڵدانێک بێت بۆ تێکشکاندنی ئەو ڕۆحی لۆکاڵیبوونەی کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی لە سەدەی نۆزدەدا پێدەناسرایەوە. ناو لێرەدا تەنیا دانانی وشەیەکی ئاسایی و ڕووت نییە، بەڵکو قوڵبوونەوەیە بۆ ڕەهەندی مێژوویی، جوگرافی و نەتەوەییش.
   لە "ڕۆژنامەی کوردستان"دا، چەمکی نیشتمان و خۆشەویستی نیشتمان بایەخێکی گەورەی پێدراوە، تەنانەت کاتێک لە هەندێک لە بابەتەکانیدا باس لە هەوڵدان بۆ فێربوون دەکات، ناڕاستەوخۆ مەبەستییەتی بڵێت، لە ڕێگەی فێربوون و زانستەوە دەتوانین نیشتمانەکەمان، کوردستان، باشتر بەرەوپێشەوە ببەین و باشتریش بیپارێزین.
   جەختکردنەوەی ڕۆژنامەکە لە بایەخدان بە دوو گەورە بیرکەرەوە و شاعیری کورد، ئەحمەدی خانی سەدەی حەڤدە و حاجی قادری کۆیی سەدەی نۆزدە، بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک لە بەیتەکانی داستانی "مەم و زین" لە ژمارەکانیدا، جەختکردنەوەیەکی دیکەی ستراتیژی کاری ڕۆژنامەکەیە لەسەر ئەو پرەنسیپ و دیدگا نەتەوەییەی، کە دەیەوێت لە ڕێی ئەو ئەدیب و بیرکەرەوانەی دونیای کوردی، هۆشیاری بە یەکێتی و یەکخستنی کوردان بەهێزتر بکەن. 

سێیەم: ڕۆژنامەی کوردستان و کۆمەڵگەی وێناکراوی ئەندرسن  

   لە ژمارەکانی سەرەتایەوە، هەست بەوە دەکرێت هەندێک لە ژمارەکانی "ڕۆژنامەی کوردستان" گەیەنراونەتەوە خاکی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕۆژنامەکە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، گەیشتووەتە دەستی کوردەکان و پێشوازی لێکراوە. ئەم بڵاوکردنەوەیە و گەیاندنی بە دەستی کوردان، وەک لە بەشی سەرەوەی ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەکەدا هاتووە: "هەرجار دو هزار جریدەیا بی پرە ازی ریکم کردستانی دە بدن خلکی"، بەڵگەی ئەوەیە، کە بەدرخانییەکان هەوڵێکی زۆریان داوە تا ڕۆژنامەکە بگەیەنرێتەوە کوردستان و کوردان دەستیان پێیبگات. ئەوەش جگە لەم ئاگایی و هۆشیارییەی ڕوناکبیرانی کورد بە کاریگەری ڕۆژنامە لە دروستکردنی سەرزەمینی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و فیکری یەکگرتوو بە پرسی نەتەوەیی هیچ مانایەکی دیکە نادات.
   بە گرنگی دەزانین، لەم ڕوانگەیەوە بابەتەکە، بەم تیۆرەوە گرێبدەینەوە،  کە بەندیکت ئەندرسن ناویناوە، کۆمەڵگەی وێناکراو (Imagined Communities). ئەندرسن، کتێبێکی گرنگی لەبارەی ناسیۆنالیزم و نەتەوە بە ناونیشانی (کۆمەڵگەی وێناکراو: تێڕامان لە سەرچاوە و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم) نوسیووە. لای ئەندرسن، سەرمایەداری چاپ، بڵاوکردنەوەی کتێب و ڕۆژنامە و گەورەبوونی دەزگاکانی جاپەمەنی و خستنە بازاڕی بەرهەمەکان بە تیراژی زۆر و نرخی هەرزان، تا بە ئاسانترین شێوە بگاتە دەستی خوێنەران، هۆکارێکی تەواو گرنگن لە دروستکردنی خەیاڵی نەتەوەیی هاوبەش. ئەندامانی کۆمەڵگەی ئەندرسنی، کە کتێب، یان ڕۆژنامەیان پێدەگات دەشێت لە دوور لە یەکدی و لە شوێنی جیاواز بن، هیچ پەیوەندی و یەکترناسینێک لە نێوانیاندا نەبێت، بەڵام ڕووپەڕەکانی کتێب و ڕۆژنامە دەتوانن، هەموو ئەو دووری و یەکدی نەناسینە بۆ ئاستی هاوبەشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوری گرنگ نزیک بکەنەوە و لە کۆمەڵگەیەکی وێناکراودا یەکیانبخەن. چاپ و ڕۆژنامە دەبێتە سەرزەمینی فیکری و دروستکردنی جۆرێک لە هۆشیاری و سایکۆلۆژیای هاوبەشی ئەندامانی کۆمەڵگەیەک بەبێ ئەوەی پێشتر ئەندامەکانی پەیوەندییەک لە نێوانیاندا هەبووبێت، یان یەکدیان ناسیبێت. بە مانا، کاغەز سەرزەمینێکی هۆشیاری هاوبەش بە بوونی نەتەوەیی لە خەیاڵی هەر یەکێکیاندا دروست دەکات و سەرجەم ئەم هاوبەشیانە بە خەیاڵێکی ڕاستەقینەوە لە کۆمەڵگەیەکی فانتازیاکراودا کۆدەکاتەوە.
   ئەگەر بە پشبەستن بەم تێزە مۆدێرنەی ئەندرسن، قسە لەبارەی "ڕۆژنامەی کوردستان" لە دروستکردنی زەمینەی یەکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چوونیەککردنی خەیاڵ و سایکۆلۆژیای هاوبەشی کوردان بکەین، دەتوانین بڵێین، ئەم ڕۆژنامەیە، ڕاستە بە هۆی سانسۆری عەبدولحەمیدی دووەمەوە، نە تەنیا لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان دەرچووێنراوە، بەڵکو بڵاوکردنەوەشی لە سنوری عوسمانیدا سانسۆر کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵدراوە ژمارەکانی بگەیەنرێنەوە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستانیش کوردان بیخوێننەوە. واتە کوردێک لە شام، یەکێکی دی لە حەڵەب و قاهیرە، ئەویدی لە ئامەد و لەندەن و جنێڤ، بەبێ ئەوەی پێشتر هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێوانیاندا ڕوویدابێت، یان یەکدیان ناسیبێت، لاپەڕەکانی ڕۆژنامە، ڕایەڵ و پەیوەندی خەیاڵی هاوبەشی نەتەوەییان بۆ دروست دەکات، کاغەز و چاپەمەنی دەبنە ئەو ناوەندە مەعریفی و ئەدەبی و مێژووییەی، سەرزەمینی هاوبەشی کولتوری و سیاسییان بۆ دەخوڵقێنێت، واتە بە مانا ئەندرسنییەکەی، لە بازنەی کۆمەڵگەیەکی وێناکراودا یەکیاندەخات و شوناسی هاوبەشیان پێدەبەخشێت، شوناسی خۆناسین و کرانەوە بەسەر تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکاندا.
   ڕۆژنامە، دەتوانێت بە بێدەنگی کاریگەرییەکانی خۆی بەسەر پێکهاتی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری مرۆڤەکانەوە دابنێت، بۆیە دەکرێ بگووترێ، هەر خوێنەرێک، یان هەر کەسێک ڕۆژنامەکەی بە دەست گەیشتبێت، زانیبێتی یان نا، ڕاستییەک هەیە و ناتوانرێت نادیدە بگیرێت، ئەویش ئەوەیە، کاتێک تۆ ڕۆژنامەیەک دەخوێنیتەوە، هەمانکات هەزاران، یان ملیۆنان کەسی دی لە نێو هەمان کەش و سروتەکانی لاپەڕەکانیدا دێن و دەچن، کەسانێک کە هیچ گومانێک لە بوونیان ناکرێت، خەڵکانێکی ڕاستەقینەن و بوونیان هەیە، بەڵام خاوەنی هیچ بیرۆکەیەکی تایبەت سەبارەت بە ناسنامەی تایبەتی خۆیان نین. ئەگەر سەرنج بدەین، ئەو کەش و سروتانەی لە نێو لاپەڕەکانی ڕۆژنامەدا هەن، ڕۆژانە ئەگەر دووجار نەبێت، ئەوا یەکجار و بە درێژایی ماوەی دەرچوونی دووبارە دەبێتەوە، دەبێت چ وێنەیەک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وێناکراو لە ڕووی ژیانی، چالاکبوون و کاریگەرییەوە، لەم وێنەیە بەهێزتر و کاریگەرتر بێت، کاتێک ڕۆژنامە بەم بەردەوامی و کاریگەرییەوە دەیبەخشێت. هەرچەندە هیچ یەکێک لەم دەرفەتانە بۆ "ڕۆژنامەی کوردستان" لەبارنەبوون، تا بتوانێت هێزی کاریگەرییەکەی بباتە ئاستی ئەو ڕۆژنامانەی بەبێ سانسۆر و کێشەی سیاسی، بە بەردەوامی و بە تیراژی زۆرەوە دەخرانە بازاڕی سەرمایەداری چاپەوە. 
   خوێنەری ڕۆژنامە، کاتێک هەمان ئەم ڕۆژنامەیەی دەیخوێنێتەوە، لە ناو میترۆ، لە سەرتاشخانەیەک، لە ماڵی دراوسێکەی، یان هەر جێگەیەکی دیکەدا دەبینێت، جار لە دوای جار زیادتر لەوە دڵنیا دەبێتەوە، کە جیهانی وێناکراو بە ڕوونی ڕەگ و ڕیشەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیی هەیە.
   "ڕۆژنامەی کوردستان"، ڕاستە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی لە وێنەی کۆمەڵگە وێناکراوەکەی ئەندرسن باسی دەکات، ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدا بوو، نە لە ڕووی بڵاوکردنەوەوە، نە لە ڕووی گەیشتنی بەشێوەیەکی ئازادانە بۆ کوردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، نە لە ڕووی کارکردن و تیراژەوە ئەو هێزە گەورەیەی نەبووە بتوانێت لە ئاستی کوردیدا، کۆمەڵگەیەکی وێناکراو لەسەر کاغەز دروست بکات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، نەیتوانیبێت لەم بوارەدا کاریگەری دابنێت.
   کاتێک ڕۆژنامەکە بەشێوەی نهێنی لە سنوری دەسەڵاتی سیاسی عوسمانیدا بڵاودەکرێتەوە، کاتێک کوردێک لە شام، یەکێک لە حەڵەب و یەکێکی دی لە ئامەد و قاهیرە، یان هەر ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، یان لە دەرەوەی خاکی کوردستان، ڕۆژنامەکەی بە دەست دەگات، چ خوێنەرە کوردەکەی شام و حەڵەب، چ ئەوانەی ئامەد و قاهیرە و هەر ناوچەیەکی دی، بەبێ ئەوەی پێشتر لە نزیکەوە پەیوەندییەکیان بووبێت، بەبێ ئەوەی یەکدیان ناسیبێت، لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەکە  کۆمەڵگەیەکی وێناکراو لە خەیاڵ و هۆشیاریاندا دروست دەبێت، کۆمەڵگەیەک دەیان ڕایەڵ و ڕەگەزی زمانەوانی، مێژوویی، سیاسی، ئەدەبی و کولتوری هاوبەش بەرەو کۆبوونەوە لە یەک چوارچێوە و خانەی نەتەوەییان دەبات، واتە دەتوانین بڵێین، "ڕۆژنامەی کوردستان"، بەبێ ئەوەی خوێنەرانی بیریان لە بابەتێکی وەها کردبێتەوە، بەڵام لەسەر کاغەز کۆمەڵگەیەکی هاوبەش و نەتەوەیەکی وێناکراویان لە خەیاڵ و هۆشیاری خۆیاندا دروستکردووە، وەک چۆن کتێب و ڕۆژنامە، پیشەسازی چاپەمەنی لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا دروستیکرد. ئەگەر سەرمایەداری چاپ لە ئەوروپا هێزی دروستکردنی ئەم کۆمەڵگە فانتازیاکراوەی لەلای گەلانی لۆکاڵی و زمانە لۆکاڵییە ئەوروپییەکان دروستکردبێت، گومانێک لەوەدا نییە، "ڕۆژنامەی کوردستان"یش، هەمان گرنگی و بایەخی لە ڕووی نەتەوەییەوە بینیوە، بەڵام لە ئاستێکی بچووکتر و لە ڕووبەرێکی سنوردارتردا.