شارپرێس:
لەوڵاتێکدا کە بۆ چەندین دەیە ببوە مەیدانی جەنگە یەک لەدوای یەکەکان، هێشتا مەترسییەکی بێدەنگ لەژێر خاکەکەیدا حەشاردراوە، وەزارەتی ژینگەی عێراق لەنوێترین ڕاگەیەندراویدا، پەردەی لەسەر پێشکەوتنێکی گرنگ لادا لەدۆسیەی پاککردنەوەی مینو پاشماوە جەنگییەکان، کە بەشەڕی ملیارەکان دەناسرێت.
بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، عێراق سەرکەوتوبوە لەپاککردنەوەی 62٪ی ئەو زەوییانەی کە بەمینو تەقەمەنی چێنراو پیس ببون، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕوبەری گشتیی زەوییە مردوەکان لەعێراق دەگاتە چوار ملیار مەتر چوارگۆشە، تائێستا زیاتر لەملیارێکو 226 ملیۆن مەتر چوارگۆشە لەو مەترسییە پاککراوەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێگاکە درێژە.
لەکاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن، پارێزگای بەسرە وەک ناوچەی هەرە مەترسیدارو پیسبوو بەمین لەسەر ئاستی عێراق دەمێنێتەوە، ئەمە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو چیرۆکی ژیانی ههشت ملیۆنو 500 هەزار هاوڵاتی عێراقییە کە ڕێکخراوی خاچی سور دەڵێت، "لەنێوان مینو پاشماوە جەنگییەکاندا دەژین".
وەزارەتی ژینگە تەنها پشت بەهەوڵی مرۆیی نابەستێت، بەڵکو لەڕێگەی سیستەمێكى نوێوهو بەهاوکاری ناوەندی نێودەوڵەتی ژنێف، خەریکی نوێکردنەوەی نەخشەی مینەکانە، سیستەمەكهش ڕێگەدەدات، هاوڵاتیان لەڕێگەی هێڵی گەرمی (182) یان (911) دەتوانن شوێنە گوماناوییەکان ڕابگەیەنن، ههروهها بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو سیستەمی دیجیتاڵی بۆ دیاریکردنی جۆری مەترسییەکە پێش دەستپێکردنی کار.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، کەمیی بودجە گەورەترین کۆسپە لەبەردەم خێراکردنی کارەکان، تیمە مەیدانییەکانو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەکێبڕکێدان لەگەڵ کاتدا بۆ ئەوەی چیتر منداڵانی عێراق نەبنە قوربانی ئەو دیارییە کوشندانەی کە جەنگەکان لەدوای خۆیان جێیانهێشتوە.
عێراق ئەمڕۆ تەنها خاکەکەی پاکناکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت خاکی مردن بکاتەوە بەخاکی ژیانو ئاوەدانی، بەڵام بۆ تەواوکردنی ئەو 38٪ی کە ماوە، پێویستی بەپشتیوانییەکی نێودەوڵەتیو بودجەیەکی جێگیر هەیە.
