شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر غەززەو سنورەکانی
لوبنانە، لەباشوری نیمچە دورگەی عەرەبییەوە، گۆڕانکارییەک سەریهەڵداوە کە خەریکە هەموو
هاوکێشە ستراتیژییەکانی جیهان سەرەوژێر دەکات، یەمەن، ئەو وڵاتەی نۆ ساڵە لەناوجەرگەی
جەنگو برسێتیدایە، ئێستا بوەتە یاریزانێکی سەرەکی کە نەک تەنها هەڕەشە لەئیسرائیل
دەکات، بەڵکو دەستیگرتوە بەبینەقاقای ئابوریی هەموو جیهانەوە.
دەروازەی فرمێسکەکان.. قورگی جیهان لەژێر ڕەحمەتی
یەمەندا
گەروی (بابولمەندەب) بە(دەروازەی فرمێسکەکان)
ناسراوە، چیتر تەنها ناوێکی مێژویی نییە، داخستنی ئەم گەروە لەلایەن حوسییەکانەوە،
واتە پەکخستنی 9٪ی نەوتی جیهانو 10٪ی بازرگانیی دەریایی، گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان
بۆ دەوری ئەفریقا، تەنها گۆڕینی ڕێگه نییە، بەڵکو زیادکردنی شهش ههزار میلو
دواکەوتنی 15 ڕۆژە لەگەیشتنی کاڵاکان، ئەمە واته، بەرزبونەوەی شێتانەی نرخەکانو
داڕمانی بازاڕەکانی وزە.
شەڕ لەسێ لاوە.. ئیسرائیل لەناو بازنەی ئاگردا
بۆ یەکەمجار لەمێژودا، ئیسرائیل خۆی لەبەردەم هێرشی
هاوکات دەبینێتەوە لەسێ وڵاتی جیاوازەوە، ئێران، لوبنانو یەمەن، چونە ناوەوەی یەمەن
بۆ ناو شەڕەکە بەموشەکی بالیستیو درۆنی دورمەودا، تەنها پاڵپشتییەکی سادەنییە، بەڵکو
جێبەجێکردنی کردەیی ستراتیژیی یەکێتیی گۆڕەپانەکانە.
عەمید یەحیا سەریع وتهبێژى هێزه چهكدارهكانى
شهرع بەڕەسمی ڕایگەیاند، "ئەمە سەرەتایەو پەیامەکە گەیشت، دوریی هەزاران کیلۆمەتر
چیتر ئیسرائیل ناپارێزێت".
کەنداوو ئەمریکا.. لەنێوان دوو بەرداشدا
ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لەگەڵ یەمەن لەشەڕدابون،
وەک سعودیەو ئیمارات، ئێستا لەهەموکات زیاتر نائارامن، ئەزمونی ساڵانی ڕابردوو و پێکانی
فڕۆکەخانەکانی دوبەیو کۆگاکانی ئارامکۆ، سەلماندویەتی کە درۆنەکانی یەمەن سنور
ناناسن، لەلایەکی دیكهشهوه، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا، تەنها چەند
چرکەیەک لەموشەکەکانی یەمەنەوە دورن.
جیهانێک کە بەرگەی 200 دۆلار ناگرێت
ئەوەی ئێستا ڕودەدات، تەنها ململانێیەکی سەربازی
نییە، بەڵکو جەنگێکی ئیرادەیە، یەمەنێک کە هیچ شتێکی نەماوە لەدەستی بدات، ئێستا
خاوەنی کارتێکە کە دەتوانێت نرخی بەرمیلێک نەوت بگەیەنێتە 200 دۆلار، جیهانی ئەمڕۆ
کە بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت، ئایا دەتوانێت بەرگەی "دۆزەخی بابولمەندەب"
بگرێت؟
ئێستا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا ڕۆژئاوا دەتوانێت
بەهێزی سەربازیی ئەم گەمارۆیە بشکێنێت، یان ناچار دەبێت لەسەر مێزی دانوستان باجی
بێدەنگیی یەمەنییەکان بدات؟
