هیچ شەڕێک ناتوانێت بەیەکجار و بۆ هەمیشە کۆتایی بە ئێران بهێنێت

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 45 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تۆماس فریدمان
وەرگیرانی لەعەرەبیەوە بەختیار ئەحمەد

من لەبارەی ئەم شەڕەى دژ بە ئێران دوودڵ بووم — بەڵام ئەگەر بە ڕاستی بڵێم، هەڵوێستم ناجێگیر بوو. لە کاتێکدا هیچ شتێک ناتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر باش بکات وەک ئەوەی حکومەتێکی باش لە تاران دەست بەکار ببێت، بەڵام زۆر گومانم هەیە کە تەنها بە هێزی ئاسمانی بتوانرێت ئەم گۆڕانکارییە دروست بکرێت. حەزم دەکرد سەرۆک ترامپ پێش ئەوەی هێرش بکات، لە کەسێکی تر ڕایوەرگرتایە.
ڕەنگە بتوانم هەڵوێستم باشتر ڕوون بکەمەوە بە بەشداریکردنی هەندێک یاسا کە هەمیشە ڕێنمایی کردووم لە کاتی نووسین لەبارەی ئەم ناوچەیە.
یاسای یەکەم:
مەترسیدارترین چوار وشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە: یەک جار و بۆ هەمیشە — وەک ئەوەی بڵێین ئەمریکا یان ئیسڕائیل دەتوانن هەر هەڕەشەیەکی سەربازی لە هەر شوێنێک یەک جار و بۆ هەمیشە کۆتایی پێبێنن.
من ئەم یاسایەم لە وتارێکدا لە 16ی ئۆکتۆبەری 2023 باس کردووە، دواى نۆ ڕۆژ لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، لە کاتێکدا حکومەتی ئیسڕائیل بیر لە وەڵامدانەوە دەکردەوە، یەکەمین ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بە هەڕەشەیەکی سەربازی بە یەکجارى و بۆ هەمیشە ئەوەیە: هێز + سیاسەت — بە دروستکردنی سەرکردایەتییەکی باش و بەردەوام لە لایەن ئەو لایەنەى ترەوە. ئەمە کارێکی زۆر ئاڵۆزە و هەمیشە پێویستی بە دانپێدانان و سازش هەیە.
سەیری سنووری تیرۆری سەرکردەکان وەک ئامرازێکی کۆتایی پێهێنان بکە. ئیسڕائیلییەکان سێ نەوەی سەرکردەکانی حەماسیان تیرۆر کردووە. نەوەی یەکەم دامەزرێنەران بوون لە 90کان و سەرەتای 2000کان، وەک یەحیا عەیاش (ئەلموھەندیس/دروستکەرى بۆمب) کە لە 1996 کوژرا، و شێخ ئەحمەد یاسین ڕابەرى ڕۆحی لە 2004، و عبدالعزیز ڕەنتیسی جێگرەوەى ئەحمەد یاسین کە ماوەیەکی کەم دوای ئەو کوژرا.
پاشان نەوەیەکی نوێ دروست بوو کە هەوڵی گۆڕینی حەماسیان دا بۆ ڕێکخراوێکی حکومی و خاوەنی توانا مووشەکیی لەوانە: سەعید صیام، ئەحمەد جعبری، و مەحمود مەبحوح — هەموویان دواتر لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژران.
پاش هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل هەوڵێکى سیستماتیکى دەستپێکرد بۆ کوشتنی نەوەی دواتر و لە ماوەى دوو ساڵدا هەر یەک لە  صالح عاروری کە خاڵى پەیوەندى بوو لەگەڵ حزبوڵا، فەرماندەى سەربازى محمد الضیف، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکى مەکتەبی سیاسی، یەحیا سنوار پلاندانەرى سەرەکى هێرشەکانى 7 ئۆکتۆبەر، و محمد سنوار-ى براو و جێگرەوەى تیرۆر کرد.
ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەرەوە: کێ ئێستا کۆنترۆڵی غەزە دەکات؟
وەڵام: حەماس — نەوەی چوارەم.
بە کورتی: ئیسڕائیل سێ جار سەرکردایەتی حەماسى تیرۆر کردووە، بەڵام نەیتوانیوە بە یەکجار و بۆ هەمیشە کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی بێنێت. ئێستا بزانە چەند قورس‌تر دەبێت ئەمە لە ئێران، لە ئاسمانەوە و لە دووری نزیکەی هەزار میلەوە. 
لە غەززەدا، ستراتیژی بڕینی سەر سەرکەوتوو نەبوو، لەبەرئەوەى حەماس ڕیشەیەکی قووڵی سیاسی و کلتوری هەیە. هەروەها، حەماس دەتوانێت هاوڵاتیانی دژبەرلاى خۆی بترسێنێت. هەروەها حکومەتی ئیسڕائیل ڕەتیکردووە کار لەگەڵ جێگرەوە سیاسییەکەى بکات — ئەوەش دەسەڵاتی فەلەستینییە لە کەنارى ڕۆژئاوا کە پێشتر غەززەى بەڕێوە دەبرد بەر لەوەى کە حەماس لە 2007 دەریبکات.
بۆچی نەیتوانی؟ چونکە ئامانجی نەتانیاهۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیەتى لە کەناری ڕۆژئاوا. ئەمەش پڕۆژەیەکە کاری لەسەر دەکات لە کاتێکدا کە شەڕ لەگەڵ ئێران بەردەوامى هەیە.
زۆر کێشە هەیە لە سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەلەستینی، بەڵام هێشتا هاوکاری لەگەڵ سوپای ئیسڕائیل دەکات بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی لە کەناری ڕۆژئاوا. بەڵام تۆ ئەمە لە بنیامین نەتانیاهۆ نابیستی. ئەو دەیەوێت دونالد ترامب وا بزانێت کە دەسەڵاتی فەلەستینی هیچ سوودێکی نییە، و ترامپیش تەواو ئەم قسەیەی وەرگرتووە.
نەتانیاهۆ دەوێت هەر سەرۆکێکی ئەمریکی وا بزانێت کە هیچ جێگرەوەیەکی فەلەستینیی ڕەوا بۆ حەماس نییە و بەو هۆیە چارەسەری دوو دەوڵەت ناکرێت، و ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیسڕائیل دەبێت بەردەوام کۆنترۆڵی کەناری ڕۆژئاوا بکات و ڕۆژێک بەیەکجارى بیخاتە ژێردەستى خۆی و بۆ هەمیشە. (بەڵام ئەم سیناریۆیەش سەرکەوتوو نابێت).
بەهەمان شێوە، چیرۆکی ئێرانیش لەمە دەچێت: نەتانیاهۆ و ترامپ بەردەوامن لە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، و ئێرانیش بەردەوامە لە دروستکردنەوەیان. هەتا ئێستاش، ئەندامانی ئازای هێزى ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش— کە هێشتا سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو و بەرنامەیەکی هاوبەشیان نییە — لە ماڵەکانیان ماونەتەوە، ترسیان هەیە لە ستەمى ڕژیم و ئەو بۆمبانەى کە لەلایەن تەل ئەبیبەوە دەخرێنە خوارەوە.
یاسای دووەم:
هەموو میڵک شەیکی دراوسێکەت مەخۆ
هەر لەسەرەتاوە فێری ئەوە بووم کە ئەوە زیرەکی نییە کە هیچ ڕێزێک بۆ دوژمنەکەت نەهێڵیتەوە تا ئەو ئاستەی کە وا هەست بکات هیچی نەماوە لەدەستى بدات. چونکە ئەمە زۆرجار دواتر دەگەڕێتەوە و دەبێتە هۆی کێشە بۆت.
لە یەکێک لە دیالۆگە سینەماییە دڵخوازەکانم، لە فیلمی There Will Be Blood  کە لە ساڵی 2007 بڵاوکراوەتەوە و چیرۆکی دۆزەرەوەیەکی زیو دەگێڕێتەوە کەچۆن دەبێت بە بازرگانى نەوت، فێری وانەیەک بووم:
لە دیمەنی کۆتایی فیلمەکەدا، پاڵەوانەکە بۆ ڕکابەرەکەی ڕوون دەکاتەوە کە چۆن هەموو نەوتەکەی دەرهێناوە بە هەڵکەندنێکی زیرەکانە کە دەگاتە ناو خاکەکەی ئەو، و دەڵێت:
ئەگەر تۆ میڵک شەیکێکت هەبێت و منیش میڵک شەیکێکم هەبێت، من بە قەسەبەکەم کە لەژوورەکەمەوە دەدرێژێتەوە، میڵک شەیکەکەت دەخوات!
ساڵانێکە من دەبینم چۆن هاوڵاتیانى ئیسرائیلی بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ میڵک شەیکی فەلەستینییەکان لە کەنارى ڕۆژئاوا دەخۆن، بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی یەکگرتوو بهێڵنەوە. ئەمە لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئیسرائیل و دەیخاتە بەردەم تەنها دوو بژاردە: یان دەوڵەتێکی دوو نەتەوەیی (نەک دەوڵەتیکى جولەکە)، یان دەوڵەتێکی جیاکاریی نەتەوەیی (نەک دەوڵەتێکى دیموکراسی).
دەزانم کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات سەرکردایەتیی حزبوڵا لە لوبنان و ڕژێمى ئیسلامی لە ئێران لاببات. ئەمانە کەسانێکن کە بە ڕاست خراپن و بەرژەوەندیی خۆیان خستۆتە پێش بەرژەوەندیی گەلەکەیان.
بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەوڵ بدات بۆ کوشتنی هەموو سەرکردە باڵاکان یەک جار بۆ هەمیشە بگاتە ئەوەی بەشێکی گەورەی لوبنان وێران بکات و ئابووری نەوتی ئێران تێکبدات، وەک ئەوەی لە غەززە کردى، ئەوا دوو شت دەکات: یەکەم، خەڵکی ناوخۆیی دەکاتە دوژمنی خۆی—ئەوانەی کە دەیانویست دژی حزبوڵا و ڕژێمى ئێران هەستن و ڕاپەڕن.  دووەم، ئەم وڵاتانە دەخاتە ناو بێسەرەوبەرەیەکى ئابووری کە حوکمرانی تێدا ناگونجێت، و لە کۆتایی‌دا ئیسرائیل ناچار دەبێت بۆ هەمیشە لە لوبنان بمێنێتەوە.
وتارێکی ورد لە ماڵپەڕی Geopolitical Futures  لە نووسینی کامەران بوخارىئاماژەی بەوە داوە کە سەرنجی ئیسرائیل لەسەر تێکشکاندنی زۆرترینـە—واتە تێکدانی زۆرترین بەش لە دامەزراوە و سیستمی هێزی ئێران—لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی بەدەستهێنانى هاوسەنگیەکی ورد دەدات.
واشنگتن دەیەوێت سیستمەکە بە شێوەیەکی دیاریکراو لاواز بکات و فشاری بخاتە سەر بۆ ئەوەی ناچار بکرێت پابەند بێت بە پرسە گرنگەکان (وەک چالاکیی ئەتۆمی، مووشەکە بالستیکیەکان، و چالاکیی پڕۆکسییەکان)، بەبێ ئەوەی بگاتە ڕووخانی تەواو کە ناوچەکە ناجێگیر دەکات. ئەمەش پێویستی بە هاوسەنگییەکی زۆر ورد هەیە لە نێوان توندی و خێراییی هێرشەکان.
ئەمڕۆ لوبنان باشترین سەرکردایەتی هەیە لە دوای شەڕی ناوخۆوە: سەرۆک وەزیران نەواف سەلام   سەرۆک جۆزێف عۆن،  ئەوان هەوڵ دەدەن حزبوڵا وەک هێزێکی سەربازی کۆتایی پێبهێنن. بەڵام شیعەکان گەورەترین تایفەى ئاینیین لە لوبنان، و حزبوڵا سەرچاوەی شانازی و هێزەبۆیان.
تەنها شیعە لوبنانیەکان دەتوانن حزبوڵا بە شێوەیەکی سیاسی کۆتایی پێبهێنن، لە ڕێگەی دروستکردنی جێگرەوەیەک لەگەڵ دەوڵەت. ئەمەش پێویستی بە هێز و سیاسەت هەیە. بەڵام ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە بۆمبارانکردنی هەر بینایەک کە تێیدا سەرکردەیەکی حزبوڵا هەبێت و باشووری لوبنان داگیر بکات، ئەوا دەستپێکردنی ئەم ڕێبازە سیاسییە زۆر سەخت دەبێت.
یاسای سێیەم:
هێزی لایەنى بەهێز و هێزی لایەنى لاواز زۆر نزیکترن لەوەی کە تۆ دەیزانیت.
وەزیری بەرگری پیت هیگست شانازی دەکات بە هێزی لایەنى بەهێز —بە ژمارەی ئەو ئامانجانەی کە لە ئێراندا وێرانی کردوون. بەڵام ئەگەر ئێمە ئەوەندە بەهێزین، بۆچی ئیدارەکەى دۆناڵد ترامپ سەرسام بوو بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتی و دامەزراوە نەوتییەکان؟
لە جیهانێکی زۆر پەیوەندیداردا، بۆ ئێرانێکی لاوازیش بەسە کە ڕۆژانە تەنها یەک درۆن بنێرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گواستنەوەی نەوت لە گەرووى هورموز تێکبدات و نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبکاتەوە.
ئەم شەڕە تا ئێستا سوپرایزی زۆر خراپی پێبووە. ئایا دەتوانێت سوپرایزێکى باشیشى هەبێت؟ ئەگەر بەخۆشى کۆتایی پێبێت، ئەوا بە کوشتنی هەموو سەرکردەکانی حەماس یان حزبوڵا یان ئێران و چەککردنیان نابێت، بەڵکوو لەوانەیە ئەو کاتە بێت کە ئەم هێزانە بە ئەندازەیەک لاواز بن بۆ ئەوەی شوێن بکەنەوە بۆ سیاسەتی ڕاستەقینە—تا ناچار بن وەڵامى خواستەکانی خەڵک بدەنەوە بۆ ژیانێکی بە کرامەت، سوود وەرگرتن لە مۆدێرنێتە، و بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، نەوەک مانەوە هەمیشەیی لە دۆخی بەرگریدا.   
ئەمە تەنها ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنانی ئەم پێکدادانە یەک جار و بۆ هەمیشە، بەڵام لە نێوان ئێرە و ئەوێدا مەودایەکى زۆر درێژ هەیە و ئەگەر تۆ پەلەتبێت، لەوانەیە بەهەڵە شەڕێکت دەست پێکردبێت.