شارپرێس:
لەنێو مشتومڕێکی بەرفراوان لەناوەندە سیاسییو ڕاگەیاندنەکانی ئەڵمانیا سەبارەت بەلێکەوتەو کاتی سەردانەکە، دوزین تیکال ڕۆژنامەنوسی كوردى ئەڵمانی ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت، سبهینێ دوشەممە، 30ی ئادار، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بگاتە بەرلینی پایتەخت، تیکال دهڵێت، "ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ئەڵمانیایە بۆ پەناگەی تۆمەتباران".
دوزین تیکال باس لهوهدهكات، ئەم سەردانە، ئەگەر ئەنجامبدرێت، نیشاندەری کێشەیە لەشێوازی مامەڵەی سیاسەتی ئەڵمانیا بەرامبەر دۆسیەی سوریاو پێیوایە، ئەڵمانیا بەرە بەرە دەبێتە پەناگەیەک بۆ تۆمەتباران.
تیکال داوایکردوە، سەردانەکە دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوەو سیاسەتی وڵاتەکە بەرەو ڕێڕەوێکی جیاواز ڕاستبکرێتەوە کە ببێتە هۆی دەسپێکێکی سیاسی ڕاستەقینە لەسوریا، بەجۆرێک هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی بەشداربن.
ئهوهشى وتوه، "شەرع پێشتر سەردانێکی دیكهى بۆ بەرلین هەڵوەشاندوهتهوه"، ئەمەشی بەستەوە بەوەی کە سەرقاڵی هەڵگیرساندنی شەڕ بوە دژی کورد لەڕۆژئاواى كوردستان (باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا).
هەروەها تیکال یادی ئەو خۆپیشاندانانەی کردەوە کە لەمانگی کانونی دوەمی ڕابردودا لەئەڵمانیا ئەنجامدرا، کاتێک دەیان هەزار کەس دژی ئەو سەردانە پلان بۆداڕێژراوەو بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە ڕژێمەکەی شەرع لەسوریا ئەنجامیدەدات، ڕژانەسەر شەقامەکان.
تیکال ڕەخنەی لەحکومەتی ئەڵمانیا گرتوهو پێیوایە، چاوپۆشی لەزۆرێک لەدەنگە ناڕازییهكان دەکات کە دژی ئیسلامگەرایی لەئەڵمانیا دەوەستنەوە، لەکاتێکدا مشتومڕە ناوخۆییەکان لەسەر توندوتیژی پیاوان دژی ژنان وەک کێشەیەکی هاوردەکراو لەهەڵکشاندایە، "کەچی دەوڵەت هیچ شەرمێک ناکات لەپێشوازیکردن لەکەسایەتییە ئیسلامگەراییەکان کە هێزەکانیان لەسوریا تۆمەتبارن بەکوشتنی ژنان لەسەر بنەمای ڕەگەزییو ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی کەمینەکان".
لەکۆتایی هەڵوێستەکەیدا، تیکال جەختی لەڕەتکردنەوەی پێشوازیکردن لەو کەسایەتییە ئیسلامگەرایانە کردەوە کە تۆمەتبارن بەپێشێلکاریی مافەکانو داوای هەڵوێستێکی سیاسیی توندتریکردوه بەرامبەر ئەو دۆسیانەو ڕەتیکردەوە، "ئامادەیی ئیسلامگەرایان لەناو جەرگەی دیموکراسی ئەڵمانیادا ئاسایی بکرێتەوە".
دۆزین تیكال كێیه؟
کچە کوردێکی ئێزدییە ناوی (دۆزین تیکال)ە ڕۆژنامەنوسو ئامادەکاری فیلمی بەڵگەنامەییە لەسەر تاوانەکانی جەنگ، ساڵی 2014 لەگەشتێکی بۆ باشوری کوردستان کاری لەسەر فیلیمێکی دۆکۆمێنتاری کرد سهبارهت بهتاوانەکانی داعش لەجینۆسیادکردنی ئێزدیەکان کە ئهوكات ئەحمەد شەرع بەشێکبوە لەو تاوانانەی دژ بەخەڵکی ئێزدی ئەنجامدراون، ئەو فیلمەی بۆ یەکەمیجار لە 49مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ھۆڤ لەساڵی 2015 نمایشکرا.
ھەروەھا دوهم بەڵگە فیلمی دۆزین تیکال ساڵی 2020 بەناوی (جیھانو قوربانیە لەبیرکراوەکانی داعش) ساڵی 2020 لەسینەما ئینتهرناشناڵی بەرلین نمایشکراوە.
بەھۆی ئەوکارە گرنگانە ڕۆژنامەنوس دۆزین لەبواری بەرگریکردن لەقوربانیانی جەنگو ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی ئەنجامیداوە، ساڵی 2018 دامەزراوەی بزوتنەوەی ئەوروپا خەڵاتی ژنی فەخری بۆ ساڵی 2018 پێبەخشیوە، دۆزین، جگە لەکاری میدیاییو ڕۆژنامەنوسی ئەو کارەکتەرێکی گرنگی سیاسییەو لەئەڵمانیا وەک کاراکتەرێکی سیاسیی لەپارتی دیموکرات مەسیحی کار لەسەر مافی پەنابەرانو پرسی جینۆساید دەکات.
لەبواری مرۆیشدا دۆزین بەھاوکاری خوشکێکى بەناوی توبا تیکال کە یاریزانێکی ناوداری تۆپی پێی کچانی ئەڵمانیایە، ڕێکخراوی ھاوار بۆ ھاوکاری پەنابەرە کوردەکان بەگشتییو ئێزدییەکان بەتایبەت دادەمەزرێننو خزمەتێکی دیاری ئەو توێژە دەکەن.
ئەو ڕۆژنامەنوسە کوردە ئەڵمانیە لەبارەگای UN کە وا خۆى بەئەحمەد شەرع ناساند کە ئەو خەڵکی شاری ئامهدى باكورى كوردستان (توركیا)یه، مەبەستی بوو تا شەرع ڕازیبێت وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە، چونکە دڵنیابوو ئەگەر شەرع باكگراوندی كارهكانى بزانێت ئامادەنابێت وەڵامی بداتەوە.