شارپرێس:
بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێرانو هەڵکشانی نرخی وزە، بازاڕە داراییەکانی جیهان ڕوبەڕوی دۆخێکی ناسەقامگیر بونەتەوە، تێکچونی هێڵەکانی گواستنەوەو بەردەوامیی داخرانی گەروی هورمز، ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردوە کە جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی گرانیی شتومەکو بێکارییو نەمانی پارە لەبازاڕدا هەنگاوبنێت.
بهگوێرهى سهرچاوهكان، سودی قهواڵه حکومییەکان لەژاپۆن، ئەمریکاو ناوچەی یۆرۆ، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوە، بەجۆرێک سودی قهواڵهى 30 ساڵەی ژاپۆن گەیشتە 4٪ کە لەمێژوی وڵاتەکەدا بێوێنەیە.
باس لهوهشدهكرێت، بەهۆی جەنگەوە کۆمپانیاکانی جیهان تائێستا لانیکەم 25 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتوەو پێشبینیدەکرێت دۆخەکە بەرەو خراپتر بڕوات.
پێشبینیدەکرێت بانکە ناوەندییەکانی بەریتانیاو ئەوروپا لەمانگی حوزەیراندا ڕێژەی سود بەرزبکەنەوە، لەکاتێکدا ئەگەری کەمکردنەوەی سود لەئەمریکا بۆ کۆتایی ساڵ دواکەوتوە.
شارەزایان هۆشداریدەدەن کە نرخی غازی سروشتی بەرزدەبێتەوەو نرخی خاوی برێنت لەنێوان 80 بۆ 100 دۆلاردا دەمێنێتەوە.
ههروهك شارهزایان پێیانوایه، دۆخەکە زۆر مەترسیداره، بەوپێیەی ئابوری جیهان لەنێوان بەرزبونەوەی نرخەکانو فشارە سیاسییەکاندا گیریخواردوه، تەنانەت ئەگەر جەنگەکەش زوو کۆتایی بێت، پێناچێت نرخی وزە بەو خێراییە دابەزێت کە بازاڕەکان چاوەڕێی دەکەن.
بهگوێرهى لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسى ڕۆیتەرز، بۆ ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمپانیاکان، ئەو کۆمپانیایانەی لەئەمریکا، ئەوروپا و ئاسیا کاردەکەن ئاماژەیان بەوەکردوە، بەرزبونەوەی نرخی وزە، پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردنو داخستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان بەهۆی چالاکییەکانی ئێران لەگەروی هورمز، هۆکاری سەرەکیی ئەم زیانە داراییانەن.
داتاکان ئەوە نیشاندەدەن، لانی کەم 279 کۆمپانیا بەشێوەیەکی فەرمی ڕایانگەیاندوە کە جەنگی ئێران وای لێکردون ڕێکاری بەرگرییو خۆپارێزیی بگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانیان.
ئەو ئامارانە دەریدەخەن کە کاریگەرییەکانی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێرانو نەیارەکانی تەنها لەچوارچێوەی ناوچەکەدا نەماوەتەوە، بەڵکو گورزێکی قورسی لەئابوریی جیهانو بازرگانیی نێودەوڵەتی وەشاندوە.
