شارپرێس:
تۆزی شەڕی ئێران نیشتەوەو نەخشەیەکی نوێی سیاسیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوت،
ڕاپۆرتێکی وردی ناوەندی مۆدێرن دیپلۆماسی فهرهنسى، پەردە لەسەر حەوت گۆڕانکاریی
گرنگ لادەبات کە تێیدا ئێرانی بریندار سەرەڕای گورزەکان هێشتا لەسەر پێیەو ئەفسانەی
کەنداوی ئارام بۆ وەبەرهێنانی جیهانی درزی تێکەوتوە، ئاماژە بەقۆناغێکی نوێ-ش دەکات
کە تێیدا پڕۆژەی ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل وهك سههۆڵ بەستویەتیو
پێشبڕکێیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی لەناوچەکەدا دەستیپێکردوە، هاوکات چین وەک براوەیەکی
بێدەنگ پێگەی خۆی جێگیردەکاتو درزەکانی ناو پەیوەندیی واشنتۆنو تەلئەبیبیش بەڕونی
دەردەکەون.
ماڵپەڕی (مۆدێرن دیپلۆماسی) کە بنکەکەی لەپاریسە، لەڕاپۆرتێکی شیکاریدا
ئاشکرایدەکات، شەڕی ئەمدواییەی ئیسرائیلو ئەمریکا دژى ئێران، کۆتایی بەسەردەمێکی
کۆن هێناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو واقیعێکی نوێ برد کە تێیدا حهوت گۆڕانکاریی
سەرەکی بڕیار لەداهاتوو دەدەن.
یەکەم: مانەوەی ئێرانو گۆڕانی یاساکان
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ڕژێمی تاران هێشتا ماوە، زۆربەی لۆژیکی شەڕەکە لەسەرئەوەبوو
کە هێرشی (توڕهیى داستان ئامێز) دەبێتە هۆی ڕوخانی ڕژێم، بەڵام ئەوە ڕوینەدا، ئێران
گەورەترین هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکی-ئیسرائیلی تێپەڕاند، ڕێبەرە باڵاکەی لەدەستداو
بنکە ئەتۆمییەکانی زیانیان پێگەیشت، بەڵام هەر ماوە، ئێستا تاران گەیشتوەتە ئەو قەناعەتەی
کە دیپلۆماسی بێسودەو تەنها چەکی ئەتۆمی (وەک کۆریای باکور) دەتوانێت بیپارێزێت.
دوەم: کەنداو بەشێوەیەکی هەمیشەیی ناسەقامگیربوو
دوای هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکان، وێنەی وڵاتانی کەنداو وەک ناوچەیەکی
ئارام بۆ وەبەرهێنان تێکشکا، ئەم شەڕە نیشانیدا کە پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ
واشنتۆن ناتوانن پارێزگاری لەژێرخانی وڵاتانی کەنداو بکەن، بڕیاری ئیمارات بۆ جێهێشتنی
ڕێکخراوی (ئۆپێک) ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گۆڕانی ستراتیژییو هەوڵدان بۆ دروستکردنی سیستەمێکی
ئەمنیی ناوچەیی سەربەخۆ.
سێیەم: بەستنو ڕاوهستانى پڕۆژەی ئاساییبونەوە
پێش شەڕ، وا دیاربوو کە گەلانی عەرەب وازیان لەدۆزی فەڵەستین هێناوەو ئاساییبونەوەی
نێوان سعودیەو ئیسرائیلیش نزیکە، بەڵام شەڕی ئێران ئەم گریمانەیەی وێرانکرد، ئێستا
87٪ی شەقامی عەرەبی دژی ئاساییبونەوەنو هیچ سەرکردەیەکی عەرەب ناتوانێت لەم کەشەدا
ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل واژۆبکات بەبێئەوەی باجێکی سیاسیی قورس بدات.
چوارەم: درزی نوێ لەپەیوەندیی ئەمریکاو ئیسرائیل
پێشتر پاڵپشتی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل شتێکی نەگۆڕ بوو، بەڵام ئێستا گۆڕاوە، زیاتر
لە 60٪ی ئەمریکییەکان پاڵپشتی شەڕی ئێران ناکەنو ناوبانگی ترەمپ بەهۆی بەرزیی نرخی
سوتەمەنی دابەزیوە، لەناوخۆی ئەمریکادا دەنگێک دروستبوە کە داوای لێپرسینەوە لەئیسرائیل
دەکات، ئەمەش وایکردوە هاوپەیمانییەکە ببێتە بارگرانییەکی هەڵبژاردن بۆ ئیدارەکانی
داهاتوو.
پێنجەم: چین وەک هێزێکی دەستپێوەنەگیراو
چین بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک توانیی خۆی وەک ناوبژیوانێکی پێویست نیشانبدات،
پەکین توانیی متمانەی هەردولایەنی ئەمریکاو ئێران بەدەستبهێنێتو لەکاتی گەیشتن بەئاگربەستدا
زۆرترین دەستکەوتی دیپلۆماسی هەبوو، ئەمەش نیشانیدا کە چین ئامرازی ئابورییو سیاسیی
بەهێزی هەیە بۆ بەرگریکردن لەبەرژەوەندییەکانی.
شەشەم: پێشبڕکێی ئەتۆمی (دۆمینۆی ئەتۆمی)
بینینی ئەوەی کە ئێران لەکاتی گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا هێرشی کرایەسەر، وایکرد
وڵاتانی ناوچەکە پێداچونەوە بەبژاردە ئەتۆمییەکانیاندا بکەن، سعودیە بەئاشکرا دەڵێت،
ئەگەر ئێران ببێتە خاوەن چەک، ئێمەش دەبین، تورکیاو کۆریای باشورو ژاپۆنیش هەمان ڕێگە
دەگرنەبەر، چونکە چیتر متمانەیان بەگەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا نەماوە.
حەوتەم: تێکشکان وێنەی بریقەداری کەنداو
وڵاتانی کەنداو ساڵانێکی زۆربوو وێنەیەکی وایان بۆ
خۆیان دروستکردبوو کە ناوچەیەکی مۆدێرنو ئارامنو دورن لەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،
بەڵام ئەم شەڕە ئەو وێنەیەی تێکدا، کاتێک خەڵک لەدوبەییو قەتەرو ڕیاز بینینان چۆن
موشەک بەسەر سەریانەوە دەفڕێتو نەوتەکان دەسوتێن، ئەو متمانە دەرونییەی کە وەک
"بەهەشتێکی ئارام" هەیانبوو، بەیەکجاری لەناوچوو.
