شارپرێس:
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، زیاتر لە ملیۆنێک حاڵەتی تێکچوونی جی پی ئێس (سیستەمی جیهانی دیاریکردنى شوێن) لە ناوچەی کەنداو تۆمارکراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی سکای نیوز، کۆمپانیای هەواڵگری دەریایی ویندوارد ڕایگەیاندووە کە ٩٨٪ی هەموو تێکچوونەکانى جی پی ئێس لە جیهاندا لەم ناوچەیەدا ڕوویداوە. شارەزایان باس لەوە دەکەن کە وڵاتانى کەنداو لەوانە ئێران، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، تەکنەلۆجیای جامینگ و شەڕی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.
زۆرینەی ئەم تێکچوونانەش لە دەوروبەری گەرووی هورمزدا بەدیکراون، کە هێزە سەربازییەکان تەکنەلۆجیای جامکردنی جی پی ئێس و فێڵکردن بەکاردەهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شاردنەوەی شوێنى نەوتهەڵگرەکان.
دکتۆر تۆماس ویتنگتۆن پسپۆڕی شەڕی ئەلیکترۆنی بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە: هەموو لایەنێک ئەو کارە دەکات و ئێران زۆر شارەزا بووە لەو تەکنەلۆجیایەدا.
پێداچوونەوەیەک بە نەخشەکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەڕوونی تێکچوونى جی پی ئێس دەردەخەن، لەوانە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان کە بە ئاراستەی نائاساییدا دەجوڵێن یان ژمارەیەکی زۆر کەشتی لە نەخشەدا لە یەک شوێن دەردەکەون. ئەمانە نیشانەن بۆ ئەوەی ئەو سیستمەی پشت بە جی پی ئێس دەبەستێت هەڵخەڵەتێنراوە.
شارەزایان دەڵێن جامکردنی جی پی ئێس ئێستا بەشێکی ئاسایی شەڕی مۆدێرنە و تەنها لە سەنگەرەکاندا سنووردار نییە. لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئەو فڕۆکەیەى کە هەڵگری ئورسولا ڤۆن دێر لایین بوو تووشی جامکردنى جی پی ئێس بوو، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی بولگاریا گومانیان کرد لەوەى کە ڕوسیا بەرپرسیار بێت لەو کارە.
پچڕانی جی پی ئێس لە دەریای ڕەش و دەوروبەری بەندەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیادا بەدی کراوە، بەڵام لە دوای شەڕی ئێران و ئەمریکاوە حاڵەتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. نەخشەکانی گەرووی هورمز ناوچەیەکی فراوان نیشان دەدەن کە تووشی تێکچوونی جی پی ئێس بوون و ئەو حاڵەتە کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە تا فڕۆکەی نەفەر هەڵگر.