شارپرێس:
ڕێکخراوی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند، بەردەوامە لەگفتوگۆکردن سەبارەت بەئەگەری پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بەو وڵاتانەی بەهۆی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بەرزبونەوەی نرخی وزەو كاڵا سەرەکییەکان زیانیان بەرکەوتوە، بەڵام پشتڕاستینەکردەوە، عێراق داوای هاوکاریی دارایی کردبێت.
جولی کۆزاک وتەبێژی سندوقەکە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکردکە ئەوان تاووتوێی یارمەتیدانی ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە بەدەست گرانی تێچوی وزەوە دەناڵێنن، بەبێئەوەی ناوی وڵاتێکی دیاریکراو بهێنێت یان لێدوان لەسەر ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەعێراق بدات.
وتیشی، "چەندین وڵات داوای ڕاوێژکارییو پاڵپشتی ئابوریی دەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شۆکە داراییەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتەکان باسیان لەوەکردبوو، عێراق داوای هاوکاری کردوە، هەروەها کریستالینا جۆرجێڤا بەڕێوەبەری گشتیی سندوقەکە، پێشتر ڕایگەیاندبوو، نزیکەی 12 وڵات پێویستیان بەپاڵپشتی دارایی هەیە کە بڕەکەی لەنێوان 20 بۆ 50 ملیار دۆلاردایە.