شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، کۆتایی بە سەردانە خێراکەی بۆ پەکین هێنا، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکی بوو بۆ چین دوای نزیکەی 10 ساڵ، هەرچەندە سەردانەکە لەکەشێکی ئاهەنگێڕانی فراواندا بەڕێوەچوو، بەڵام بێ هیچ ڕونییەک لەسەر ئەنجامە ڕاستەقینەکان.
ترەمپ ڕایگەیاند، ئەوو سەرۆکی چین، شی جین بینگ، زۆر کێشەی جیاوازیان چارەسەرکردوە، بەڵام وردەکارییەکانی باسنەکرد، چاودێرانیش ئەو کۆبونەوەیەیان بەلوتکەی چەقبەستویی ناوبردو جەختیانکردەوە، جەوهەری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەگۆڕاوە.
دوای چەند کاتژمێرێک لەجێهێشتنی پەکین، ترەمپ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، وردەکاری زیاتری خستەڕوو، ئەو پرسە سەرەکیانەی خستەڕوو کە لەگەڵ سەرۆکی چین تاووتوێی کردوە.
ئێرانء گەروی هورمز:
قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبەهێزی خۆی سەپاند و ترةمپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ چین هاوڕان لەسەر ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و کراوەهێشتنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان. لایەنی چینیش ئاماژەی بە دەستپێشخەریی چوار خاڵیی "شی جین بینگ" کرد بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
تایوان:
ترەمپ ڕایگەیاند کە هێشتا لێکۆڵینەوە لە ناردنی پاکێجە چەکە گەورەکەی ئەمریکا بۆ تایپێ دەکات کە بەهای 14 ملیار دۆلارە. چین ئەم دوورگەیە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و "شی" هۆشداری دا کە تایوان گرنگترین مەلەفی نێوانیانە.
بازرگانی:
ترەمپ باسی لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نایاب کرد، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی (گۆشتی مانگا، سۆیا، و فڕۆکەی بۆینگ).
باس لەوەکرا، چین 200 فڕۆکەی بۆینگ دەکڕێتء ڕەنگە بگاتە 750 فڕۆکە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕانەگەیەندرا، بەتایبەت کە ئاگربەستی گومرگی لەمانگی تشرینی دوەمی داهاتودا کۆتایی دێت.
کانزا دەگمەنەکان:
چین ساڵی ڕابردوو هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکانی سنووردار کردبوو، هەرچەندە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ڕازی بوو بە دەستپێکردنەوەی، بەڵام هێشتا پرۆسەی پێدانی مۆڵەتەکان خاوە.
ترەمپ بێ ڕێککەوتنی ڕوون لەمبارەیەوە پەکینی جێهێشت. لە مەلەفی مافی مرۆڤیشدا، ترامپ وتی کە "شی" بە جدی بیر لە ئازادکردنی چەند قەشەیەکی دەستبەسەرکراو دەکاتەوە، بەڵام دۆسیەی بازرگانی میدیایی "جیمی لای" لە هۆنگ کۆنگ بە ئاڵۆز وەسف کرد.
