شارپرێس:
لەناو جەرگەی ناوچەی سەوزی بەغدا کە بەتوندی داخرابوو، عێراق پێی نایە قۆناغێکی سیاسیی نوێوە، پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشییە کابینەکەی عەلی زەیدیی، بەڵام حکومەتێک کە تەنها 14 وەزیری تێپەڕاندو نۆ وەزارەتی گرنگو سیادی (بەتایبەت ناوخۆو بەرگریی) بەهەڵواسراوی مانەوە.
زەیدیی تەکنۆکراتێک لەبەردەم گەردەلولدا
عەلی زەیدیی کە کەسایەتییەکی ناسراوی جیهانی سەرمایەگوزارییو خاوهن کارو بازرگانێكى گهورهی عێراقیه، ئێستا لەلوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندایە، ئەو کە بەکاندیدی سازان دادەنرێت، هەوڵدەدات وێنەی خۆی وەک پیاوێکی چاکسازیی ئابوریی نیشانبدات، نەک پیاوی ململانێ سیاسییەکان، بەڵام ڕاستیو ئاڵۆزییەکانی ناو پەرلەمان، دەریانخست کە ئەرکەکەی زۆر لەوە قورسترە.
ڤیتۆی ئەمریکاو دورخستنەوەی گروپه چهكدارهكان
دیارترین خاڵی کابینەكەى زهیدى، چۆڵبونی کورسییە وزارییەکانە لەو گروپە چەکدارانەی کە نزیکن لەئێران، واشنتۆن لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەیەوە پەیامێکی ڕونی ناردو وتى، "نابێت گروپهكانى سەر بەئێران هیچ ڕۆڵێکیان لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت"، ئەم فشارە وایکرد تەنانەت گروپی وەک عەسائیبى ئەهلى حەق، سەرەڕای وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، تائێستا بەفەرمی بەشدارینەکەن.
ململانێ لەسەر وەزارەتە سیادییەکان
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایدەکەن، وەزارەتی ناوخۆ بوەتە گەورەترین گرێکوێرەی ناو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگی)و وەزارەتی بەرگریش بوەتە قوربانیی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی سوننە، زەیدی-ش ناچاربوە متمانەكهى پهرلهمان بەحکومەتێکی شەل وەربگرێت تاوەکو دوای جهژنی قوربان، بەو هیوایەی لەو ماوەیەدا بگەنە ڕێککەوتنی نوێو حكومهتێكى تهندروست دهست بهكارى خۆى بكات.
سێبەری سەدرو فشاری شەقام
هەرچەندە ڕەوتی سەدر لەناو حکومەتدا نییە، بەڵام موقتهدا سەدر وەک کارتێکی فشار لەدەرەوە ماوەتەوە، پەیامەکانی ئەو سەبارەت بەچەکو گروپە چەکدارەکان، ترسێکی گەورەی لای هێزە سیاسییەکان دروستکردوە، ترسی ئەوەی هەر شکستێکی ئەم حکومەتە نوێیە، ببێتە هۆی گەڕانەوەی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکان بۆ سەر شەقام.
حکومەتەکەی زەیدیی لەنێوان بەرداشی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ چاکسازییو فشارەکانی گروپە چەکدارەکان بۆ پاراستنی هەژمونی خۆیاندا گیریخواردوە، ئەوەی لەپەرلەمان ڕویدا، نەک کۆتایی قەیران، بەڵکو تەنها ڕاگرتنی کاتیی کێشەکان بوو، تائەوکاتەی شەڕی نفوزو دهسهڵات لەسەر وەزارەتە ماوەکان یەکلایی دەبێتەوە.
