شارپرێس:
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، پیت هیگسێس وەزیری جەنگ، ئامادەکاریی دەکات بۆ پێشوازیکردن لەکەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد ئاڕ فۆرد" لەبنکەی دەریایی نۆرفۆڵک لەویلایەتی ڤێرجینیا، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکێکی 11 مانگی.
هیگسێس پێشوازیی لەنزیکەی چوار ههزارو 500 دەریاوانو خێزانەکانیان دەکات کە لەسەر ئەم کەشتییەو کەشتییە جەنگییە تێکشکێنەرەکانی "بێینبریدج"و "ماهام" بون.
ئەم کاتە درێژەی مانەوە لەدەریادا کە 326 ڕۆژبوو، بەدرێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە50 ساڵی ڕابردوداو سێیەم درێژترین ماوە لەدوای شەڕی ڤێتنام دادەنرێت.
ئەم کەشتییە لە 15ی نیسانی ڕابردودا ژمارەی پێوانەیی پێشوی شکاند کە هی کەشتی "ئەبراهام لینکۆڵن" بوو کە لەساڵی 2020 بۆ ماوەی 295 ڕۆژ لەدەریادا مابوەوە.
لەنێوان گرنگترین ئەرکەکانی ئەم دەورەیەدا، بەشداریکردن بوو لەپرۆسەی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ لەسەرەتای ئەمساڵداو هەروەها شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران.
ئەم گەشتە بێ ئاستەنگ نەبوو، چونکە لە 12ی ئاداری ڕابردودا ئاگرێک لەسەر کەشتییەکە لەدەریای سوردا کەوتەوە کە کوژاندنەوەی 30 کاتژمێری خایاندو بوە هۆی برینداربوونی دوو دەریاوانو بێبەشبونی زیاتر لە 600 سەرباز لەجێگەی خەوتن، ئەمەش ناچاریکردن لەسەر زەویو مێزەکان بخەون، لەگەڵ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەی گەورە لەسیستمی ئاوەڕۆو نزیکەی 650 WC لەسەر کەشتییەکە.
