شارپرێس ـ تایبه‌ت:
فالح ساری، پیاوە دەستنوقاوەکەی لیژنەی دارایی، ئێستا وه‌زیرى داراییه‌كه‌ى ڕەوتی حیکمەیه لهكابینهكهى زه‌یدیدا، لەکاتێکدا کورسی وەزارەتی دارایی عێراقى وه‌رگرتوه، چاوەکان چونەتە سەر چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ساری کە بەوردبینییەکی مونجڕانە لەژمارەکاندا ناسراوە، ئێستا لەنێوان دۆستایەتییە سیاسییەکەی عەممار حەکیم بۆ کورد‌و پابەندبونی یاسایی خۆی بەدەقە وشکەکانی بودجەدا گیریخواردوە، ئەمەش وایکردوە فەرمانبەرانی هەرێم لەنێوان هیوای ساڕێژبونی برینه‌كانى سەردەمی تەیف سامی‌و ترسی داڕشتنەوەی مەرجی یاسایی قورستردا چاوەڕێی بڕیارەکانی بن.
لەگەڵ دەستبەکاربونی کابینەی نوێ، چاوەکان چونەتەسەر وەزارەتی دارایی، شوێنێک کە بڕیارە کلیلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدابێت، فالح ساری وەک وەزیری نوێی دارایی عێراق، دەستبەکاربوو، پیاوێک کە مێژوەکەی تێکەڵەیەکە لەدەستپاکیو توندیی لەمامەڵەکردن لەگەڵ دینارەکانی دەوڵەتدا،
فالح ساری کێیە؟
فالح ساری پیاوی سێ خولی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانى عێراقه‌و ئێستا تەمەنى 61 ساڵه، وه‌كو هاوڕێ په‌رله‌مانتاره‌كانى ده‌ڵێن، ئه‌و تەنها سیاسەتمەدارێك نییە، بەڵکو یەکێکە لەشارەزاترین کەسایەتییە داراییەکانی عێراق، 12 ساڵ لەپەرلەمان بوه واته ئەزمونێکی درێژخایەنی لەیاسادانان هەیە.
سارى ناوبانگی (مونجڕ)ى لەناو پەرلەماندا هه‌یه‌و زیاتر به‌و نازناوه دەناسرێت، چونكه وه‌كو ده‌وترێت زۆر توندە لەخەرجییەکانو بەئاسانی ڕازیی نابێت پارە لەشوێنی خۆی لابدرێت، ئەمەش وای له‌هاوڕێکانی كردوه بەدەستنوقاو و مونجڕ بناسرێت.
لەدایکبوی ساڵی 1965و کوڕی پارێزگای موسەننایە، یەکێکە لەپەرلەمانتارە دێرینەکان، بۆ ماوەی سێ خولی یەک لەدوای یەک (2010، 2014و 2018) نوێنەری پارێزگای موسەننا بوە، ئه‌مه‌ش خاڵی بەهێزی ئەوەو واده‌كات بوترێت، ئەو کەسێکە لەوردەکاریی هەموو بڕگەو مادەکانی بودجەو یاسای بەڕێوەبردنی دارایی شاره‌زایى زۆر وردى هه‌بێت.
ئەمەش وای لێدەکات شارەزاییەکی قووڵی لەیاسادانانو ململانێ سیاسییەکاندا هەبێت، لەهەرسێ خولەکەدا، ئەندامێکی سەرەکی‌و کاریگەری لیژنەی دارایی پەرلەمان بوە، ئەمەش خاڵی بەهێزی ئەوە؛ چونکە ئەو تەنها وەزیرێکی سیاسیی نییە، بەڵکو تەکنۆکراتێکە کە لەوردو درشتی هەموو بڕگەو مادەکانی بودجە دەزانێت.
ساری سەر بەڕەوتی حیكمەی عەممار حەکیمە کە بەمیانڕەوییو دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناسراوە، به‌ڵام سارى لەناو هاوڕێکانیدا بەکەسێکی دەستنوقاوو مونجڕ ناسراوە، واتە زۆر توندە لەخەرجییەکانو ڕێگەنادات هیچ دینارێک بەبێ بنەمای یاسایی خەرجبکرێت، ئەم تایبەتمەندییە وادەکات مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لەسەر ئاستی دارایی، زۆر ورد‌و یاسایی بێت.
لەنێوان سێبەری تەیف سامی‌و دۆستایەتیی عەممار حەکیم-دا
فەرمانبەرانی هەرێم ساڵانێکی سەختیان لەژێر سێبەری تەیف سامی وەزیری پێشوی دارایی عێراقدا بەڕێکرد کە زۆرجار بەبەربەستی گەورە دەبینراو وا ناوى ده‌هێندرا، ئێستا سارى کە سەر بەڕەوتی حیکمەی عەممار حەکیمە، وەک دۆستی کورد سەیر دەکرێت، وه‌كو ده‌وترێت چاوەڕوانییەکان له‌وه‌دا كۆبونه‌ته‌وه کە گوتاری میانڕەوی حەکیم ڕەنگبداتەوە لەبڕیارە داراییەکانی ساریدا.
مەترسییەکان.. ئایا موچەی هەرێم پارێزراو دەبێت؟
سەرەڕای گەشبینییەکان بهمیانڕهوى عه‌ممار حهكیمو ڕهوتهكهى به‌رامبه‌ر بهههرێمى كوردستان، به‌ڵام جه‌خت لهوهشدهكرێت، مەترسییەکان هێشتا لەئارادان، له‌به‌رئه‌وه‌ى، ساری یاساناسێکی وردە، ئەگەر هەرێم لەڕادەستکردنی داتا‌و داهاتەکاندا خاوبێت، ڕەنگە ساری-ش بەشێوازێکی یاسایی‌و بێدەنگ موچە ڕابگرێت، بەبێئەوەی وەک تەیف سامی توشی ململانێی ڕاگەیاندن بێت.
باس لهوهشدهكرێت، وەک پەرلەمانتارێکی پێشوو، ساری باشدەزانێت چۆن فشارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کاریگەرییان دەبێت، ئەمەش ڕەنگە وا‌بکات زیاتر پابەندیی دەقە وشکەکان بێت نەک ڕێککەوتنە سیاسییەکان.
ئەنجامو ئایندەی موچە
چاودێران باس لهوهدهكهن، هاتنی فالح ساری دەرفەتێکی زێڕینە بۆ هەولێر تاوەکو لەڕێگەی پیاوێکی تەکنۆکراتەوە چاره‌سه‌رى كێشه‌ى موچە بكات، بەڵام هاوکات هۆشدارییەکی توندیشە؛ چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ وەزیرێک کە کونی دەرزیی دارایی دەزانێت، زۆر قورسترە لەمامەڵەکردن لەگەڵ وەزیرێک کە تەنها کارەکتەرێکی سیاسیی بێت.
ئێستا موچەی هەرێم لەنێوان دەستپاکیو سارىو دۆستایەتی حەکیمدا سەقامگیر دەبێت، بەمەرجێک هەولێر زانیارییەکانی هاوتەریب بێت لەگەڵ وردبینییەکانی ئەم وەزیرە نوێیە، چونكه وه‌كو ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق بۆ شارپرێس ده‌ڵێت، "ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان ئه‌و پابه‌ندیانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى له‌باره‌ى داهاتى نانهوتیهوهو جێبه‌جێیان نه‌كات، ئه‌وا كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌رده‌وامده‌بێت".
