شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی شۆککەری ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) ئاشکرایدەکات، زانیارییە نهێنییەکانی هەواڵگریی ئەمریکا بەتەواوی دژ بهیهكن لەگەڵ لێدوانە سەرکەوتوەکانی سەرۆک دۆناڵد ترهمپ، بەگوێرهى بەڵگەکان تاران توانیویەتی 90٪ی کۆگای موشەکییەکانی ژێر زەویو 30 پێگەی ستراتیژیی لەگەروی هورمز کارابکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا خۆی بەدەست قەیرانێکی قورسی کەمبونەوەی تەقەمەنییەوە دەناڵێنێت.
ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) لەلێکۆڵینەوەیەکی بەرفراواندا جیاوازییەکی گەورە ئاشکرادەکات لەنێوان لێدوانە گشتییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ سەبارەت بەلەناوبردنی توانای سەربازیی ئێرانو نێوان ئەو هەڵسەنگاندنە نهێنییانەی کە دەزگاکانی هەواڵگریی ئەمریکا لەچەند هەفتەی ڕابردودا بەرزیانکردوەتەوە بۆ بڕیاردەرانی واشنتۆن.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ئەو هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییانەی لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئامادەکراون، ئاماژە بەوەدەکەن، تاران سەرکەوتوبوە لەدوبارە دەستڕاگەیشتنەوە بەزۆربەی پێگە موشەکییەکانیو بنکەکانی هەڵدانی موشەک لەژێر زەویدا، ئەمەش سەرەڕای ئەو هێرشە قورسانەی ئەمریکاو ئیسرائیل کە لەکاتی شەڕی ڕابردودا ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان پێکابوو.
ئەم پێشهاتە مەترسیو دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناوەندەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادا دروستکردوە، بەتایبەت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان لەپێگە موشەکییە ستراتیژییەکانی نزیک گەروی هورمز، ئەمەش پرسیار لەسەر کاریگەریی هێرشە سەربازییەکانو سنوری تواناکانیان بۆ پەکخستنی هێزی موشەکیی دورمەودای ئێران دروستدەکاتەوە.
دوبارە کارپێکردنەوەی پێگە موشەکییەکان بەدرێژایی گەروی هورمز
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپرسانی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، ئێران توانیویەتی توانای کارپێکردنی 30 پێگەی موشەکی لەکۆی 33 پێگە بهدرێژایی گەروی هورمز بگەڕێنێتەوە، ئەمەش گۆڕانکارییەکی یەکجار هەستیارە بۆ کەشتیگەلی ئەمریکیو هاتوچۆی نەوتبەرەکان لەناوچەکەدا.
هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، هێزەکانی ئێران ئێستا دەتوانن دوبارە سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی موشەک لەناو ئەو پێگانەدا بەکاربهێنن، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی موشەکەکان بۆ شوێنی جێگرەوە یان تەقاندنیان ڕاستەوخۆ لەو بنکانەی پێشتر بۆردومانکرابون. سەبارەت بەو سێ پێگەیەی کە ماونەتەوە، تائێستا بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەریانکەوتوە، ناتوانرێت بەتەواوی بەکاربهێنرێن.
ئێران زۆربەی کۆگای موشەکەکانی پاراستوە
هەواڵگریی ئەمریکا پێشبینیدهكات، ئێران تائێستاش نزیکەی 70٪ی سەکۆ گەڕۆکەکانی هەڵدانی موشەکو نزیکەی 70٪ی کۆگای موشەکیی خۆی کە پێش شەڕەکە هەیبوە، پاراستوە. ئەمەش موشەکی بالیستی دورمەودا دەگرێتەوە کە توانای پێکانی وڵاتانی ناوچەکەیان هەیە، لەگەڵ موشەکی کروزی کورتمەوداو ناوەند کە دەکرێت دژی ئامانجە دەریاییو وشکانییەکان بەکاربهێنرێن.
هەروەها هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن کە تاران توانیویەتی دەستی بگاتەوە بەنزیکەی 90٪ی کۆگاو بنکەکانی هەڵدانی موشەک لەژێر زەویدا لەسەر ئاستی وڵاتەکە، کە ئێستا بهگوێرهى وەسفی هەواڵگریی سەربازیی ئەمریکا بەشێکن یان بەتەواوی کاردەکەن.
ئەو پێشبینیانه پشت بەوێنەی مانگە دەستکردەکان، ئامرازەکانی چاودێریی تەکنیکیو هەواڵگریی مەیدانی دەبەستن، ئەمەش ئەو باوەڕە لەناو بەشێک لەدامەزراوەکانی ئەمریکادا بەهێزدەکات کە ئێران بەشێکی گەورەی پێکهاتە سەربازییەکەی پاراستوە سەرەڕای هێرشە چڕەکان.
لێدوانەکانی ترهمپو هیگسێس لەژێر وردبینیدا
ئەم زانیارییانە بەتەواوی دژبەیەکو پێچەوانەن لەگەڵ ئەو لێدوانە گشتییانەی کە ترهمپو پیت هیگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەچەند مانگی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو.
ترهمپ چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی شەڕەکە وتبوی، "موشەکەکانی ئێران پەرتەوازەبونو ئێران ئیتر لەڕوی سەربازییەوە هیچ شتێکی نەماوە"، لەکاتێکدا هیگسێس لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەپێنتاگۆن جەختیکردبوەوە، "هێرشهكانیان توانای شەڕکردنی ئێرانی بۆ چەندین ساڵ تێکشکاندوە"، بەڵام ڕاپۆرتە نوێیەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات، ئەو هەڵسەنگاندنانەی زیانەکان کە بۆ ڕای گشتی بڵاوکرابونەوە ڕەنگە زیادەڕهویان تێداکرابێتو توانای ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ژێرخانی موشەکییەکەی زۆر زیاتر بوە لەوەی واشنتۆن پێشبینیدەکرد.
لەلایەکی دیکەوە وەک وەڵامێک بۆ ئەم دزەپێکردنە هەواڵییانە، وتەبێژی کۆشکی سپی دوبارە جەختیکردەوە، سوپای ئێران تێکشکێنراوەو ڕایگەیاند، هەر قسەیەک لەسەر چاکبونەوەی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە، دهچێتە خانەی پروپاگەندەی ئێرانەوە.
قەیرانی تەقەمەنیی ئەمریکاو ئەگەرەکانی گرژیی زیاتر
ئەم هەڵسەنگاندنانە تیشکدەخەنەسەر ئەو ئاڵۆزییانەش کە ڕەنگە ڕوبەڕوی واشنتۆن ببنەوە ئەگەر ڕێککەوتنی لەرزۆکی ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئێران نهگاته ئهنجامو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ دەستپێبکاتەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، شەڕەکە بەشێکی زۆری کۆگاکانی تەقەمەنیی ئەمریکای بەفیڕۆداوە، لەوانەش موشەکەکانی (تۆماھۆک، پاتریۆتو ئاتاکمس)، لەکاتێکدا پیشەسازییە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕوبەڕوی زەحمەتی دەبنەوە بۆ قەرەبوکردنەوەو پڕکردنەوەی خێرای ئەم کۆگایانە.
ئاماژە بهوهشدهكرێت، بونیادنانەوەی یەدەگی سەربازیی ئەمریکا ڕەنگە پێویستی بەچەندین ساڵ بێت، نەک چەند مانگێک، سەرەڕای پلانی کۆمپانیا گەورەکانی چەک وەک (لۆکهید مارتن) بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان.
هەروەها ئەم پێشهاتانە دڵەڕاوکێی لای هاوپەیمانەکانی واشنتۆن دروستکردوە، بەتایبەت ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە پشت بەپێداویستییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەبەستن بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا، لەناوەڕاستی ئەو مەترسییانەی کە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی زیاتر بەفیڕۆدانی کۆگای سەربازیی ئەمریکاو پەکخستنی گرێبەستە بەردەوامەکانی پڕچەککردن.
