کۆتایی مۆتەکەی ئەنفال.. سزای لەسێدارەدان بۆ پیاوە دڵڕەشەکەی سەردەمی بەعس

کوردستان

60 خولەک پێش ئێستا‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دادگای عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، سزای لەسێدارەدانی (بەپەت تا مردن) بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) ناسراو بە (حەجاجی نوگرەسەلمان) دەرکرد، ئەمەش دوای ساغبونەوەی تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دڕندانە لەدژی کە پۆلێندەکرێن وەک جینۆساید، دەستدرێژیی سێکسی‌و ئەشکەنجەدانی سیستماتیک لەوکاتەی وەک ئەفسەرێکی ئەمنی لەزیندانی (نوگرەسەلمان)دا کاریكردوه‌.


دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لەئابی ساڵی ڕابردودا، دوای بەدواداچونێکی هەواڵگریی ورد کە زیاتر لەشەش مانگی خایاند، دەستگیرکردنی تۆمەتباری ناوبراوی ڕاگەیاند کە کەسوکاری لەو ماوەیەدا بەمەبەستی چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان بانگەشەی مردنیان دەکرد، بەڵام شیکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان‌و بەراوردکردنیان لەگەڵ دانپێدانانەکانی پێشودا، یارمەتیدەر بوو لەئاشکراکردنی شوێنی خۆشاردنەوەی لەناوخۆی پارێزگای سەڵاحەدین‌و لەوێش دوای تەواوکردنی ڕەزامەندییە دادوەرییە پێویستەکان‌و تۆمارکردنی وتەی قوربانیان‌و داواکارانی مافی کەسی، دەستگیرکرا.

لەکاتی دانیشتنە چڕەکانی لێکۆڵینەوەدا کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئەنجامدران، تۆمەتبارەکە دانپێدانانی ڕاشکاوانەی لەسەر کۆمەڵێک تاواندا کە لەسەردەمی خزمەتەکەیدا لەزیندانی نوگرەسەلمان ئەنجامیدابون؛ بەجۆرێک دانی بەوەداناوه‌، دەستدرێژیی سێکسیی کردوەتەسەر یەکێک لەدەستبەسەرکراوەکانی نەتەوەی کورد کە بەر شاڵاوەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێی ئەنفال کەوتبون، جگە لەبرسییکردنی سیستماتیکی دەستبەسەرکراوان‌و بەشداریکردنی لەپرۆسەکانی لەناوبردندا کە لەو سەردەمەدا لەلایەن دەزگای هەواڵگرییەوە جێبەجێدەکران، ئەمەش به‌گوێره‌ى بەیاننامەیەکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.

تۆمەتبارەکە وتویه‌تى، کۆی ماوەی خزمەتەکەی پێنج ساڵ بوە، سێ ساڵی لەزیندانی نوگرەسەلمان بەسەربردوە، پێشئەوەی بەهۆی شەڕو ئاژاوەیەکەوە وەک خۆی دەڵێت خانەنشین بکرێت.

پشتبەستن بەو دانپێدانانەو وتەی قوربانیان‌و داواکارانی مافی کەسی‌و سەرجەم ئەو بەڵگانەی کە لێکۆڵینەوەکان پێی گەیشتن، دادگای تایبەتمەند به‌گوێره‌ى بەیاننامەکە، سزای خۆی بەلەسێدارەدانی تۆمەتبارەکە دەرکرد، وەک سزایەکی دادپەروەرانە بەرامبەر بەو تاوانە قێزەونانەی کە لەدژی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق (به‌تایبه‌ت گه‌لى كورد) ئەنجامیدابون.