شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئهمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، وڵاتهكهى لەنزیکەوە چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکات، واشنتۆن هۆشداریدهدات کە مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتی داهاتودا لەسەر بنەمای هەڵوێستی ئەو حکومەتە بەرامبەر بەگروپە چەکدارەکانی سەر بەئێرانو ڕۆڵیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دیاریدەکرێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی ئەو دانیشتنە دێت کە تێیدا بڕیارە عەلی زەیدی كاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابینهى نوێى حكومهتى عێراق، کابینە وزارییەکەی یان بەشێکی لێی پێشکەشی پهرلهمان بکات بۆ دەنگدان لەسەرى، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر دۆسیەی چەکو بەشداریکردنی ئەو هێزانەی خاوەنی باڵی چەکدارین لەحکومەتی داهاتودا ڕوو لەهەڵکشانە.
بڕیارە ئەمرۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر کارنامەی وەزارییو حکومەتەکەی زەیدی بدات، لەهەمانکاتدا سەرچاوەکانی نزیک لەو ڕایانگەیاندوە، هێشتا یەکلاییکردنەوەی هەندێک لەوەزارەتەکان ماوەو زەیدی سەرقاڵی پێداچونەوەی ناوی ئەو كاندیدانهیه کە لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە پێشکەشکراون.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتویهتى، "ئهمریكا بەردەوامە لەچاودێریکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، واشنتۆن سەیری کردار دەکات نەک تەنها قسە، عێراقیش لەبەردەم بژاردەیەکدایە کە دەبێت دەستی بداتێ".
وتوشیهتى، "گروپه چهكداره توندڕهوهكانى سەر بەئێران نابێت هیچ ڕۆڵێکیان لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت، هەروەها ناشبێت پارەی حکومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو گروپانه بەکاربهێنرێت".
ئەم لێدوانەی ئەمریکا گوشاری زیاتر دەخاتەسەر زەیدی لەکاتژمێرەکانی کۆتایی پێش دەنگدانە چاوەڕوانکراوەکەى ئهمڕۆ، ئەو هەوڵدەدات حکومەتێک تێپەڕێنێت کە بەرەوڕوی هەڵوێستی ئەمریکا نەبێتەوە سەبارەت بەگروپە چەکدارەکان، لەهەمانکاتدا هاوسەنگی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تێکنەدات کە کاندیدیان کردوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
سەرچاوە سیاسییەکان ڕاگەیاندوە، دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بوەتە یەکێک لەگرێکوێرە سەرەکییەکانی بەردەم ڕاگەیاندنی کابینەکە، ئەمەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی هەندێک لەگروپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان یان تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان بەبێ مەرج.
هاوکات لەگەڵ هەڵوێستەکەی ئەمریکا، بزوتنەوەی (سادقون) کە باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقە ڕایگەیاند، بەشداریکردنیان لەحکومەتەکەی زەیدیدا پاش تاووتێکردنی (دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بهگوێرهى دیدگای مەرجەعیەت) بڕیاری لێدەدرێت.
