لێکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 42 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێک بووە لە مەترسییە کاریگەرەکان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، نەک هەر وەک پارتێکی چەکدار بەڵکو وەک نەیارێکی پێکهاتەیی کە باوەڕە سەربازی و ئەمنی و یاساییەکانی دەوڵەتی تورکیای لە قاڵب داوەتەوە و دەستێوەردانەکانی ئەنقەرەی لە عێراق و سوریا فراوانتر کردووە. ئەم توێژینەوەیە باس لە کاریگەرییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و پەیوندی دەوڵەت لەگەڵ کورد لە باکور دەکات و ئەو مەترسیانە دەخاتە ڕوو لە ئەگەری دروست نەبوونی گۆڕان لە باوەڕی هەواڵگری و ئاسایشی تورکیا لە دوای هەڵوەشاندنەوە.
بەشی یەکەم: پاشخانێکی مێژووی
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە وەک پارتێکی چەپی ناسیونالیستی کوردی دامەزرا. ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو بە ئاوێتەکردنی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای مارکسی لینینی. پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ خەباتی چەکداری دەستیپێکرد و ململانێیەکی درێژخایەنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا بەرپاکرد، کە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کورد و داواکارییەکانی خۆبەڕێوەبەریی دەدا. ئەم گۆڕانکارییە دەرئەنجامی دۆخی سیاسیی دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٠ بوو لە تورکیا کە مافەکانی کوردی زیاتر سەرکوتکرد .
ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە دوای ساڵی ١٩٩١ لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاتەکایەوە، ڕێگەی بە پەکەکە دا کە ژێرخانێکی سەربازی بەرفراوان لە دەرەوەی خاکی تورکیا دروست بکات، دواتر ناوچەکەی کردە گۆڕەپانێکی ناوەندی بۆ ململانێی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە. پێشهاتەکانی دواتر نیشانی دەدەن کە بەکارهێنانی جوگرافیا لە ململانێی نێوان پەکەکە و تورکیا تا دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەک بەردەوام دەبێت، هەرچەندە بە شێوەی ئاڵۆزتر بێت.
بە تێپەڕبوونی کات، پەکەکە بوو بە مەترسییەکی ئەمنیی جددی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا. سەرەتا ئۆپەراسیۆنەکانی گەریلا دامەزراوە سەربازییەکانی دەکردە ئامانج، دواتر لە ماوەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، پەکەکە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی تورکیا زیاد كرد و ستراتیژی  شەڕی گەریلایان پەرەپێدا. لە بەرامبەردا حکومەتی تورکیا باری نائاسایی لە پارێزگا کوردنشینەکان ڕاگەیاند و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی دەستپێکرد بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو کاریگەرییەی پەکەکە دروستیکردبوو. لە ئەنجامی هەوڵە سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژمونی پەکەکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، حکومەت بە هەڵمەتی سەربازی بەرفراوان وەڵامی دایەوە و سەدان گوندی کوردنشین چۆڵکران کە گومانیان لێدەکرا گەریلاکان داڵدەدەدەن .
دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ پەکەکە، زیندانیکردنی ئۆجەلان کۆتایی بە توندوتیژییەکان نەهێنا، بەڵام گۆڕانکاری لە ستراتیژی پارتەکەدا دروستکرد. دوابەدوای زیندانیکردن، بانگەشەی پەکەکە لە داوای سەربەخۆیی و کوردستانی گەورەوە گۆڕا بۆ بانگەشەکردن بۆ ئۆتۆنۆمی سیاسی و مافی کولتووری زیاتر بۆ کورد لە تورکیا.
لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤، حیزب هەوڵیدا خۆی لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە پێناسە بکاتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی پێشووی خۆی و بەکار هێنانی ناوی نوێ لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان و دەربازبوون لە دەستنیشانکردنی وەک پارتێکی تیرۆریستی. بەڵام شکستی ئەم قۆناغە لەگەڵ نەبوونی هیچ یەکلاکردنەوەی سیاسی ڕاستەقینە، بووە هۆی دەستپێکردنەوەی چالاکیی چەکداری و لە ساڵی ٢٠٠٤ قۆناغێکی نوێ و ئاڵۆزتری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هێنایە ئاراوە.
بانگەوازەکانی ئۆجەلان بۆ ئاگربەست و دیالۆگ لەو کاتەدا هەم لە لایەن سەرکردایەتی پەکەکە و هەم لە لایەن بەرپرسانی تورکیاوە وەڵامی ئەرێنی درایەوە. ئەگەر چی هەوڵەکانی ئاشتی چەندین جار هەرەسی هێنا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە لە ساڵی ٢٠١٣ زیاتر دەرکەوت کاتێک پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند . بەڵام پرۆسەی ئاشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەوە و لە تەمموزی ٢٠١٥ هەرەسی هێنا و توندوتیژی دەستیپێکردەوە. لەو کاتەوە تورکیا و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا پەکەکەیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەند کرد بە پاساوی هێرش کردنە سەر خەڵکی سڤیل و توندتر کردنەوەی دابەشبوونە نەتەوەییەکان .
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانی تورکیا و چڕبوونەوەی هەماهەنگی ئەمنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، پەکەکە چووە قۆناغێکی گوشاری بێ وێنەوە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی توانای ئەندامگیری نوێ و فراوانبوونی کەلێنی نێوان سەرکردایەتی و بنکە کۆمەڵایەتییە کوردییەکەی و گۆڕانی خواستی سیاسی بەرەو سەقامگیری و بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکان نەک خەباتی چەکداری.
پەکەکە لە ژێر فشاری سەربازی و دیپلۆماسیی تورکیا زۆرێک لە چالاکییەکانی گواستەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم گۆڕانکارییە وەک هەنگاوێکی تاکتیکی بۆ دوورکەوتنەوە لەشەڕی ناوخۆیی تورکیا و پاراستنی هێزەکان لێکدرایەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە فشاری نێودەوڵەتی و هێرشە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ سەر پەکەکە زیادیکردبوو .
لەو چوارچێوەیەشدا لە بەهاری ٢٠٢٥دا ئاماژەی نوێ سەریان هەڵدا، ئەمەش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، کە لە مێژوودا بە هەڵوێستی توندڕەوی خۆی لەمەڕ پرسی کورد ناسراوە، دەستپیشخەری کرد و داوای لە عەبدوڵا ئۆجالان کرد کە پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی گشتگیری ئاشتیدا. ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەبوو بۆ بوونی کۆدەنگی لەناو پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیادا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی قۆناغێکی نوێی پرسی کورد.
دواتر سەرکردایەتی پەکەکە وەک دەرخستنی نیاز پاکی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخست و لە مەرسیمێکدا  لە ئازاری ٢٠٢٥ ژمارەیەک گەریلا چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە سوتاند، وەک هەنگاوێکی سیمبولی کە وەک پەیامی ئامادەیی بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداری لێکدرایەوە. جگە لەوەش، لە نێوان کۆتاییەکانی مانگی ئازار تا سەرەتای نیسانی  ٢٠٢٥ بە چەند قۆناغێک هێزەکانی پەکەکە لە ناو خاکی تورکیاوە بۆ ناو سنووری هەرێمی کوردستان کشانەوە. چاودێران پێیان وابوو ئەم هەنگاوانە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی پەکەکە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ببێتە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوەکە لە ژێر ناوی جیاوازدا.
بەشی دووەم : ئاڵنگارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کە بۆ ماوەی نزیکەی چوار دەیەیە وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی چارچێوەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشە لە بیرکردنەوەی ئاسایشی و هەواڵگریی تورکیا کارا بووە، گۆڕانکاریی قووڵ لە سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی بەرگریی ئەم وڵاتەدا دەهێنێتە ئاراوە. بە درێژایی ئەم ماوەیە، پلانی سەربازی، جێگیرکردنی هێز، تەرخانکردنی بودجە، فراوانکردنی دەسەڵات و توانای هەواڵگریی، مۆدێرنکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکان و داڕشتنی گوتاری فەرمیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەرجەمیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەست بوون بە بەڕێوەبردنی ئەو هەڕەشەیەی کە پەکەکە دروستی کردبوو لەسەر ئاسایشی تورکیا. لەم ڕوانگەیەوە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە تەنها وەک کۆتایی هێنان بە یەک ڕێکخراوی چەکدار نابینرێت، بەڵکو وەک قۆناغێکی نوێ بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لێکدەدرێتەوە، کە تێیدا پۆلێنکردنێکی نوێی مەترسییەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە ، بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئامانج و ئەرکەکانی هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکان دووبارە دیاری دەکرێنەوە. ئەگەر پەکەکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردی بناغەی بیرکردنەوەی ئەمنی تورکیا بووبێت، پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٥، بۆ یەکەمجار، ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەم چوارچێوە تەقلیدییەی هێنایە ئاراوە.  
ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبیاتی تیۆری سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتە چەکدارەکان هەیە، کە جەخت لەوە دەکاتەوە، زۆرینەی ئەو پارتانە لە ڕووی سەربازییەوە شکست ناهێنن، بەڵکو دەگۆڕدرێن یان تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسی دەبنەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەكان زیاتر لە 40%ی گروپە چەکدارەکان لە ڕێگەی سازان و دانوستانەوە چالاکییەکانیان ڕادەگرن، نەک بەهۆی شکستی سەربازی. لەم چوارچێوەیەدا، وەرچەرخانی پەکەکە بەرەو داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە، ڕەنگدانەوەی بەرتەسکبوونەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئامانجە سیاسییەکانە، کە لە پڕۆژەیەکی جوداخوازی شۆڕشگێڕییەوە دەگوازرێتەوە بۆ داواکاری سنووردارتر کە فۆکەسی لەسەر مافی خۆبەرێوەبەری و دیموکراسییە، لەلایەکی دیکەوە ئەم گۆڕانکارییە لە ژێر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندنێکی ناوخۆیی پەکەکە لە سنوورداربوونی میلیتاریزەکردنی درێژخایەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بنکە کۆمەڵایەتییەکەی و توانای بەرگەگرتنەکەی لێکدەدرێتەوە .
پەکەکە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تەنها وەک پارتێکی چەکداری ئاسایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەبینرا، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی و سەرەکی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی هەڵسەنگێنرا. ئەم تێگەیشتنە وای کرد بیرکردنەوەی هەواڵگری، پلانی سەربازی، یاسا و گوتاری فەرمی دەوڵەت بە شێوەیەکی درێژخایەن لەسەر پرسی پەکەکە بنیات بنرێت. ئاڵۆزیی ئەم ڕێکخراوە تەنها لە قەبارە یان پانتایی هێرشەکانیدا سنووردار نەبوو، بەڵکو بەهۆی سروشتی خەباتی درێژخایەن، ئایدیۆلۆژیای نێونەتەوەیی، توانای بەرهەمهێنانی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی لە ناو ژینگەکەیی و بوونی لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی وڵاتانی دراوسێ وەک عێراق، سوریا و ئێران، بۆ ماوەیەکی درێژ وەک هەڕەشەیەکی جەهەری هەژمار دەکرا. ئەم تایبەتمەندییانە وایان کرد کە ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە لە چوارچێوەی شەڕێکی ئاسایی یان تەنها ئەمنی دەرچێت و ببێتە پرسێکی قووڵتر کە پەیوەندی بە شوناس، مێژوو، سیاسەت و ئاسایشی نەتەوەیی هەیە . تێکڕای ئەم ئاڵۆزییانە وایکرد ململانێ لەگەڵ پەکەکە بۆ تورکیا ئاسایی نەبێت.
لە سیستمی بیرکردنەوەی ئاسایشی تورکیا، هەڕەشەی سەرەکی وەک چەمکێکی بنەڕەتی هەڵدەستێت بە ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی دامەزراوە سیاسی، هەواڵگری و سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکی دیاریکراو. ئەم چەمکە ڕێگە دەدات بە دەوڵەت کە هەڕەشەیەک بە شێوەیەکی فەرمی وەک مەترسییەکی نائاسایی پێناسە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت سەرچاوە سەربازی، یاسایی و هەواڵگرییەکان کۆبکاتەوە و گوتارێکی سیاسی دروست بکات کە کۆدەنگیی نێوخۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دروست بکات. لە چوارچێوەی ئەم بیرکردنەوەیەدا، پەکەکە بۆ ماوەیەکی درێژ وەک هەڕەشەی سەرەکی لە سیستمی ئاسایشی تورکیا پێناسە کرا، چونکە وەک هێزێکی شۆڕشگێڕی توانای بەرهەمهێنانی شەڕی نائاسایی، بەردەوامی، و دروستکردنی بنکەی کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردنشینەکان هەبوو، کە نەدەتوانرا بە شێوەیەکی سادە لە ڕێگەی هێزی سەربازیی کلاسیکییەوە شکستی پێبهێنرێت. بەم شێوەیە، هەڕەشەی پەکەکە نەک تەنها وەک مەترسییەکی ئەمنی، بەڵکو وەک کێشەیەکی سیاسی–ناسنامەیی و ستراتیژیی درێژخایەن خوێندنەوەی بۆ دەکرا، کە ژێرخانی ئاسایشی تورکیای بۆماوەی چەندین ساڵ لەسەر بنیات نراوە.
جوگرافیا وەک یەکێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەی هەڕەشەکە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروستبوون و بەردەوامبوونی ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گێڕاوە. ئەم ململانێیە تەنها لە چاورچێوەی جوگرافیای دەوڵەتی تورکیا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە سەرەتای دەستپێکی خۆیەوە شێوەیەکی نێودەوڵەتی بەخۆوە گرت، کە تێیدا دۆڵی بیقاع ڕۆڵێکی سەرەکی چارەنووسسازی لە سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پێکهێنانی پێکهاتەی سەربازی- ئایدۆلۆژیای لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بینی. بیقاع ژینگەیەکی لواوی بۆ مەشق و ڕاهێنانی بۆ حیزب لە دەرەوەی خاکی تورکیا و دوور لە دەستی دەوڵەتی ناوەندی دابین کرد. دواتر چیای قەندیل وەک بارەگای سەرەکی و هێڵی دواوەی بەرگریی پارتەکە کاری دەکرد. مەخمور و شنگال-یش وەک ناوەندی لۆجستی، مرۆیی و هێزی سیاسی کاریان دەکرد، لە دوای ساڵی 2011 ەوە باکووری سوریاش بوو بە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ پێگەی سیاسی–سەربازیی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی. ئەم فراوانبوونە جوگرافییە ململانێکەی بردە ناو چوارچێوەیەکی هەرێمی–نێودەوڵەتییەوە و وایکرد دەوڵەتی تورکیا چەمکی بەرگری لە خۆی و دوورخستنەوەی هەڕەشە لە دەرەوەی سنوورەکانی وەک بنچینەی سیاسەتی ئاسایشی خۆی دیاری بکات .
تورکیا پێی وابوو پەکەکە تەنها پارتێکی چەکداری ئاسایی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی–سیاسییە کە هەوڵیدەدا شوناسی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیی کورد دووبارە پێناسە بکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە، بە پەیوەستکردنی بە شەڕێکی درێژخایەن، هەوڵی دا پەیوەندی لەنێوان چالاکی سەربازی و بنیاتنانی بنکەی کۆمەڵایەتی لە ناوچە گوندنشین و پەراوێزخراوەکان دروست بکات. ئەم ڕەهەندە وایکرد ململانێکە تەنها وەک ڕووداوێکی سەربازی نەبینرێت، بەڵکو وەک پڕۆسەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی–سیاسی کە ڕەگ و ڕیشەی لە ژیان و ناسنامەی کوردی داکوتیوە، پەکەکە لە ماوەی شەڕیدا لەگەڵ تورکیا، توانای بەرچاوی لە خۆگونجاندن و گۆڕینی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە پیشاندا؛ لە شەڕی گەریلا لە ناوچە شاخاویەکانەوە بۆ هێرش لەناو شارەکان و چالاکی گیانفیدایی، ئەم فرە-شێوازییەش لە شەڕ، تورکیای ناچار کرد سیستمێکی فرەئاڕاستە بۆ بەرگری دروست بکات کە تێیدا هێزە تایبەتەکان، توانا هەواڵگری، چاودێری ئاسمانی، شەڕی ئەلیکترۆنی و ئامرازە یاسایییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو بەکارهێنراون .
لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی ململانێی درێژخایەن لەگەڵ پەکەکە، هۆکاری فراوانکردنی دەسەڵات و توانای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (MIT) بوو، بە تایبەتی لە بواری هەواڵگری دەرەوە و ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەدا، هەروەها بووە هۆی چەسپاندنی ئامادەیی سەربازی بە شێوەیەکی درێژخایەن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، و پەرەپێدانی یەکە تایبەتمەندەکانی دژەشۆڕش و هێزە تایبەتییەکان لە هەمان کاتدا، ئەم هەڕەشەیە بەشدارییەکی سەرەکی هەبوو لە خێراکردنی گەشەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا، بە تایبەتی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستمی چاودێری و زانیاری، تەکنەلۆجیای سیخوڕی و چاودێری دیجیتاڵ. بەم شێوەیە، پەکەکە تەنها وەک ئامانجێکی ئەمنی نەمایەوە، بەڵکو بووە فاکتەرێکی بنچینەیی لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئاسایشی و هەواڵگریی و پیشەسازی سەربازی دەوڵەتی تورکیا .
بەشی دووەم: بەراوردی ڕێکخراوەکانی  (IRA) و (ETA) لەگەڵ پەکەکە
سوپای کۆماری ئێرلەندی (IRA) ڕێکخراوێکی چەکداری ناسیۆنالیستی ئێرلەندی بوو، لە ساڵی ١٩١٩ بە فەرمی دامەزرا، ئامانجی سەرەکی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئیرلەندای باکوور و یەکخستنی ئێرلەندا بوو  . IRA  لە نێوان کۆتاییەکانی شەستەکان و تا ١٩٩٨دا چالاک بوو، تاکتیکی شەڕی شارەکانی وەک بۆردومان و تیرۆرکردن و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکان و ئابوورییەکانی ناو ئێرلەندای باکوور و ناوبەناو لە خودی بەریتانیادا بەکارهێنا. سەرەڕای بەدەستهێنانی هەندێک پشتیوانی، بەڵام IRA ڕووبەڕووی فشاری ئەمنی و سیاسی توند بووەوە لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیا، لەلایەکی دیکەوە و فشارە نێودەوڵەتییەکان زیادیان کرد بۆ چارەسەری ئاشتیانە. ڕەوتی سیاسی ئەو ڕێککەوتنە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی هەینی پیرۆز لە ساڵی 1998 گەیشتە لوتکە کە دابەشکردنی دەسەڵاتی لە ئیرلەندای باکوور دامەزراند و دواتر بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی باڵی سەربازیی IRA و بەشداریکردنی باڵە سیاسیەکەی (شین فین) لە پرۆسەی سیاسیدا .
بزووتنەوەی چەکداری وڵاتی باسک  (ETA)ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی چەکداری بوو کە لە ساڵی ١٩٥٩ لە وڵاتی باسک دامەزرا، بانگەشەی بۆ سەربەخۆیی باسکەکان دەکرد لە ئیسپانیا (و بەشێک لە فەرەنسا). ETA لە سەردەمی ڕژێمی فرانکۆدا سەریهەڵدا و دوای گواستنەوەی ئیسپانیا بۆ دیموکراسی بەردەوام بوو، تیرۆرکردنی سیاسی و بۆردومان و ڕفاندنی وەک شێوازی خەبات بەکاردەهێنا. بە پلەی یەکەم بەرپرسانی ئەمنی و سیاسی ئیسپانیای کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە ماوەی چەند دەیەیەکدا گیانیان لەدەستدا. سەرەڕای ئەوەی وڵاتی باسک ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوانی بەدەستهێنا، بەڵام ETA بەردەوام بوو لە خەباتی چەکداری، بەڵام دواتر پشتیوانی جەماوەری لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠١١دا ڕێکخراوی ETA وەستاندنی چالاکیی چەکداری ڕاگەیاند، پاشان لە ساڵی ٢٠١٨دا بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندەوە. لە کۆتاییدا ETA نەیتوانی بە زۆر پڕۆژەی جیابوونەوەی خۆی بسەپێنێت و دواجار لە ژێر فشاری دەوڵەت و کۆمەڵگا و ژینگەی دیموکراسیی ئەوروپادا هەڵوەشایەوە.
لێرەدا بەراوردکردنی IRA و ETA لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) وەک ئامرازێکی شیکاریی بەکاردەهێنین بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتە جیاوازەکانی جوڵانەوە چەکدارییە ناسیۆنالیستەکانی نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی بەشێک لەو جوڵانەوانە بە سازان یان هەڵوەشانەوە کۆتاییان هات، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە وەک کارەکتەرێکی گرنگی ناوچەیی، توانیان بەردەوام بن؟
لە ململانێی درێژخایەندا جوگرافیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێرێت، ڕێکخراوی سوپای ئێرلەندای نهێنی (IRA) بەهۆی بوونی سنووری نێوان کۆماری ئێرلەندا و باکووری ئێرلەندا، هەندێ جار سوودی لە پشتیوانییەکی سنووردار لە باکوور وەرگرت، بەڵام گۆڕەپانی شەڕەکە بە شێوەی سەرەکی لە ناو سنووری دوورگەکەدا بەجێگیری مایەوە و ڕێکخراوەکە نەیتوانی هێڵی دواوەی بەرگرییەکی بەرەو دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت درێژبکاتەوە، ڕێکخراوی (ETA)ش، سەرچاوەی ناسنامەیی و جوگرافیایی لە ناوچەی باسک (نێوان ئیسپانیا/فەرەنسا) بوو، لە سەردەمێکدا دەتوانرا هەندێک پەناگەی لە نزیک سنووری فەرەنساوە هەبێت، بەڵام ڕێژە و بەردەوامی ئەو پشتیوانییە سنووردار بوو بەهۆی هەماهەنگی دەزگا ئەمنییەکانەوە  لە بەرامبەردا، پەکەکە لە ناو تورکیا دروست بوو، بەڵام بە خێرایی پانتایی جوگرافیای ململانێی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا فراوانتر کرد، لە سوریا/بیقاع لە قۆناغی سەردەمی 1980–1998 وەک پەناگە و ڕێکخستنی ڕاهێنان،  لە زنجیرە چیاکانی قەندیل لە باشووری کوردستان وەک بارەگا و هێڵی دواوەی بەرگری، و دواتر لە دوای 2011ەوە باکووری سوریا وەک گۆڕەپانێکی نوێی سیاسی–سەربازی. ئەم فراوانبوونە جوگرافییە، شەڕەکەی گواستەوە بۆ ناو چوارچێوەیەکی هەرێمی–نێودەوڵەتی و وایکرد تورکیا بە شێوەیەکی دیاریکراو ستراتیژی دوورخستنەوەی مەترسی لە سەر سنوورەکانی بەکاربهێنێت.
یەکێک لە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان پەکەکە و ڕێکخراوەکانی وەک IRA و ETA، جۆری ئەو دوژمنەیە کە هەریەک هەیانبووە،  IRA بە شێوەیەکی سەرەکی، دەوڵەتی بەریتانیای وەک زلهێزی کۆلۆنیالیستی کردە ئامانج، بێ ئەوەی تۆڕێکی فراوانی دوژمنانی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی دروست بکات. هەروەها ETA تەنها دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیای وەک دەسەڵاتی سەرکوتکەر کردەئامانج، هەرچەندە هەندێک پەیوەندی سنوورداری لەگەڵ فەرەنسا هەبوو، بەڵام شەڕەکەی لە بنەڕەتدا ناوخۆیی بوو. لە بەرامبەر ئەمانەدا، پەکەکە لە سەرەتای دروستبوونی خۆیدا تەنها ڕووبەڕووی دەوڵەتی تورکیا نەبوەوە، بەڵکو بە هۆی پانتایی جوگرافیایی و گەشەی ستراتیژی خۆی، بە شێوەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سوریا، عێراق و ئێران ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەم فراوانبوونەی ڕووبەڕووبوونەکان وایکرد پەکەکە لە سنووری شەڕێکی ناوخۆیی تێپەڕێت و ببێتە پارتێکی نێونەتەوەیی .
مۆدێلی خەباتی ڕێکخراوە چەکدارەکان بە پێی جۆری جوگرافیا، دەستەواژەی سیاسی و توانای کۆمەڵایەتیان جیاواز دەبێت،(IRA) لە بنەڕەتدا مۆدێلی شەڕی ناوشارەکانی پەیڕەو کرد، کەلەسەر بنەمای چاندنی بۆمب، هێرشە ناوچەییەکان و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و دەزگای ئاسایشی بەریتانیا دامەزرابوو. ئەم مۆدێلە پێویستی بە تۆڕێکی بەهێزی هەواڵگری، نهێنی‌کاری، و پەیوەندی بە ژینگەی ناوشارەکانەوە هەبوو، و ئامانجی سەرەکیی ئەوە بوو کە بە فشاری سیاسی و میدیایی دەوڵەت ناچار بکات بۆ ڕێککەوتن. ETAش مۆدێلێکی هاوشێوەی پەیڕەو کرد، کە تێیدا تیرۆرکردن، هێرشە دیاریکراوەکان، و بەکارهێنانی ژینگەی میدیا و سندیکاکان بۆ گەیاندنی پەیام و بنەما ستراتیژییەکەی بوو. شەڕی ETA لە چوارچێوەی ناوخۆیی و لە سنووری ناوچەی باسک–ئیسپانیا سنوورداربووە و نەبوونی پەناگەی دەرەوە ڕێگەی بە شەڕی درێژخایەن نەداوە. لە بەرامبەر ئەم دوو نموونەیەدا، پەکەکە مۆدێلێکی جیاوازی هەڵبژارد کە لەسەر بنەمای شەڕی شاخ و دروستکردنی هێزی گەریلا لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بنیاتنرابوو. ئەم مۆدێلە بریتی بوو لە ڕاهێنانی درێژخایەن، دامەزراندنی سەربازگە، دروستکردنی پەناگە و بنکەی پارێزراو، دروستکردنی کادری ئایدیۆلۆژی، و پشتبەستن بە ئابووری جەنگ بوو بۆ بەردەوام بوون. بەم شێوەیە، پەکەکە توانی شەڕێکی درێژخایەن بەڕێوە ببات لە چوارچێوەیەکی ستراتیژی فرە-سنوور دا .
بەشی چوارەم/ کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر تورکیا
هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەنها بە مانای کۆتایهاتنی هەڕەشەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دەتوانرێت وەک تێکچوونی پێکهاتەیی لە سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا تێبینی بکرێت. بۆ ماوەی چەندین دەیە، پەکەکە وەک دوژمنی سەرەکی ناسێنرابوو، ڕێکخراوێکی دیاریکراو بە سەرکردایەتی ناسراو، جوگرافیایەکی دیاریکراو، و شێوازی ئۆپەراسیۆنی تا ئاستێک پێشبینی‌کراو. ئەم دیاریکردنە ڕێگەی بە دەوڵەت دا بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی جێگیر دروست بکات بۆ پێناسەکردنی هەڕەشەکە ، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئەم چوارچێوەیە تێکدەچێت و سیستمی ئاسایشی تورکیا ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ دەبێتەوە کە دەتوانرێت بە بۆشایی چەمکی و ئەمنی ناوببرێت. لەم قۆناغەدا، هەڕەشەکان چیتر ڕوون و یەکڕەنگ نابن، بەڵکو شێوەی فرە-کارەکتەری، نادیار، و گۆڕاو وەردەگرن. بەم شێوەیە، دەوڵەت ناچار دەبێت میکانیزمەکانی هەڵسەنگاندنی مەترسی، پێشبینی و وەڵامدانەوەی ئاسایشی خۆی دووبارە پێناسە بکاتەوە، چونکە ناتوانرێت ئیتر تەنها لەسەر بنەمای دوژمنێکی یەکپارچە سیستمی ئاسایش بەردەوام بێت .
لەدەستدانی دوژمنێکی ڕوون و تێکدانی باوەڕی ئاسایش: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تاڕادەیەک کارەکانی پەکەکە جێگەی پێشبینی بوو بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان، پێگە ناسراوەکان و هێڵە لۆجستییەکان، پاڵپشتییە دارایییەکان، و شێوازی هێرشکردن کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکرا پەی پێ ببرێت. بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، ئەم پێشبینییە دەسڕێتەوە و دەرگا بەڕووی هەڕەشەیەکی نوێدا دەکرێتەوە ئەگەر پرسەکە ئیحتیوا نەکرێت کە تایبەتمەندییەکانی بریتین دەبن لە: ناڕێکیی بە ئاستێکی بەرز، تێچووی کەم، گۆڕان لە کات و شوێن، و پەیدابوونی کارەکتەر و شێوازە نوێیەکان کە کەمتر لەسەر نیشانە و شێوازێکی دیاریکراو جێگیر دەبن .
باوەڕی دژەشۆڕشی تورکیا بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر چەند بنەمایەک بنیات نرا بوو: کۆنترۆڵکردنی شاخ، لەناوبردنی پێگە و بارەگا، دابڕانی هێڵە لۆجستییەکان، کۆنترۆڵی گوندە سنوورییەکان، و بەئامانجگرتنی کادر و سەرکردەکان بۆ لاوازکردنی ناوەندی فەرماندەیی، بەڵام لە قۆناغی دوای هەڵوەشاندنەوە، ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر کاریگەر دەبن، چونکە هەڕەشەکە لە شێوەی یەکە چەکدارە ڕێکخراوەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ تۆڕەکان، تاک کارەکتەرەکان، و شێوازی هێرشی ناو شارەکان؛ هەروەها جوگرافیای هەڕەشە لە ناوچە گوندنشینەکانەوە دەچێتە ناو شارەکان و ڕێڕەوی لۆجستی دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانە باوەڕی سەربازی باو تێکدەدات و دەوڵەت ناچار دەکات بۆ گواستنەوە بەرەو مۆدێلەکانی تری ململانێ .
هەڕەشەی ناهاوسەنگ دوای هەڵوەشانەوە: ئەدەبیاتی تایبەت بە توێژینەوەی جوڵانەوە چەکدارییەکان ئەوەمان پیشان دەدات کە هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی ناوەندی زۆرجار شوێنی خۆی بە سەرهەڵدانی هێزی بچووک و گرووپە پارچەبووەکان دەدات، کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە توندڕەوتر، لە ڕووی ڕێکخراوییەوە کەم دیسپلینتر، و لە ڕووی ستراتیژییەوە کەمتر پابەندن بە هێڵی سیاسییەوە. ئەم جۆرە گرووپانە زۆرجار پێویستیان بە پشتیوانی دارایی یان ساختاری گەورە نییە، و بە توانای تاکەکەسی یان تۆڕیی کار دەکەن، کە ئەمەش ڕێژەی پێشبینیکردن و مەترسی راگرتنیان زیاد دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، هەڕەشەکە لە شێوەی ڕێکخراوی دیاریکراوەوە بۆ شێوەی پەرتەوازە دەگوازرێتەوە، کە ناتوانرێت بە هەمان ئامرازەکانی دژەشۆڕش یان سەربازی کلاسیک کۆنترۆڵ بکرێت.
یەکێکی دیکە لە مەترسیدارترین دەرئەنجامەکانی هەڵوەشاندنەوە، گواستنەوەی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیە بۆ شێوزای شەڕی بێ‌سەرکردە؛ مۆدێلێک کە تێیدا میراتی ئایدیۆلۆژی دەبێتە سەرچاوەی هاندانی تاکەکان، بەبێ ئەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی ڕێکخراویی هەبێت. لەم شێوەیەدا، تاکەکان یان گرووپە بچووکەکان بە شێوەی خۆبەخۆ و بە بڕیاری تاکەکەسی هێرش ئەنجام دەدەن و ناتوانرێت بە ئاسانی لە ڕێگەی هەواڵگرییەوە پێشبینی بکرێت. ئەم مۆدێلە کێشەیەکی سەرەکی بۆ سیستمی ئاسایش دروست دەکات، چونکە هیچ سەرکردایەتییەکی دیاریکراو نییە بۆ دانوستان لەگەڵ کردن یان فشارخستنەسەر، هیچ ناوەندێکی فەرمی نییە بۆ تێکدان، و هیچ هێڵی فەرمانبەری ڕوون نییە کە بتوانرێت لێی تێبگەیت. لە ئەنجامدا، هەڕەشەکە بۆ شێوەیەکی پێشبینی‌نەکراو، پراکەندە و درێژخایەن دەگوازرێتەوە، کە بۆ دامەزراوەکانی هەواڵگری و ئاسایش ئاڵۆزییەکی زۆر دروست دەکات.
کۆتایی هاتنی مۆدێلی دزەکردنی ڕێکخراوەیی دەتوانێت یەکێکی دیکە بێت لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان، ساڵانێکە ئاژانسی هەواڵگری تورکیا  MIT لەسەر دزەکردنە ناو پەیکەری ڕێکخراوەیی و دروستکردنی سەرچاوەی هەواڵگری مرۆیی لە ناو پەکەکە بونیاد نراوە، بەڵام لە ئەگەری هەڵوەشانەوە ئەم وەبەرهێنانە بەشێکی زۆر لە بەهاکەی لەدەست دەدات و MIT  ناچار دەبێت سەرچاوە هەواڵگرییەکانی بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژینگەی ناو شارەکان وهاوکاریی ناوخۆیی لەگەڵ پۆلیس/ژاندارما زیاد بکات . بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە خودی هەڵوەشاندنەوەی پارتێک کێشەکە چارەسەر ناکات؛ ئەوەی چارەسەری دەکات بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای هەڵوەشاندنەوەیە .
لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، باوەڕی ئاسایشی تورکیا لەسەر بنەمای یەک هەڕەشەی سەرەکی دامەزرابوو، کە بریتی بوو لە پەکەکە و شێوازی شەڕی گەریلا لە ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان. ئەم چوارچێوەیە ڕێگەیدابوو بۆ پێکهاتنی ستراتیژیەکی دیاریکراو کە جەختی لەسەر کۆنترۆڵی جوگرافیا، هێزە سەربازییەکان، پەناگەکان، و لەناوبردنی بنکە و سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە دەکرد. بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە—وەک ڕووداوێکی ساختاری—کۆتایی بەو مۆدێلە دەهێنێت و سیستمی ئاسایشی تورکیا ناچار دەکات بگوازرێتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێ کە لەسەر بنەمای هەڕەشەی فرەجەمسەر، ناهاوسەنگ و کەم‌خەرج بنیات نراوە . لەم قۆناغەدا، مەترسییەکان چیتر بە شێوەی یەک هێز یان یەک ناوچە ناسراو نابن، بەڵکو بە شێوەی تۆڕ، پەرشوبڵاو و گۆڕاو و کە لە کات و شوێنی جیاوازدا دەردەکەون. ئەم گۆڕانکارییە وادەکات پلاندانانی سەربازی چیتر لەسەر یەک بەرەی دیاریکراو یان هێزی فیزیکی نەتوانرێت پشتی پێببەسترێت، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی تێکەڵکراو لەگەڵ ئاسایشی سەربازی، ئاسایشی ئابووری، هەواڵگری دارایی، پاراستنی ژێرخان و ئاسایشی دیجیتاڵ بەیەکەوە ببەسترێنەوە . بەم شێوەیە، هەڵوەشاندنەوە تەنها کۆتایی بە دوژمنێکی دیاریکراو ناهێنێت، بەڵکو قۆناغێکی نوێی داڕشتنەوەی باوەڕی ئاسایشی دروست دەکات کە تێیدا هەڕەشەکان فرەجەمسەر، ناهاوسەنگ و پێشبینی‌نەکراو دەبن و پێویستیان بە گۆڕانکاریی قووڵ لە فەلسەفە و ئامرازەکانی پاراستن هەیە.
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، پەکەکە لە سیستمی سیاسی و گوتاری گشتیی تورکیادا ڕۆڵی دوژمنی ناوەندی گێڕاوە، وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوەی ڕای گشتی، وەک پاساوێک بۆ توندکردنەوەی یاسا و دەسەڵاتەکانی دژە-تیرۆر، هەروەها وەک ئامرازێک بۆ تاودانی گوتاری ناسیۆنالیستی و بەئەمنیکردنی پرسی کورد بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پرسیارێکی هەستیار دەوروژێت: ئەگەر هەڕەشەی چەکداریی سەرەکی نەمێنێت، دەوڵەت چۆن ڕەوایەتی دەدات بە بەردەوامیی ئامرازەکانی کۆنترۆڵ (یاسایی/ئەمنی) کە بە ناوی دژە-تیرۆر جێگیر کراون؟ ئەمە بەتایبەتی لە تورکیادا گرنگە چونکە دوای کۆتایی دۆخی فەرمیی باری نائاسایی (لە تەمموزی 2018)، یاسا و ڕێوشوێنە نوێکان هێز و دەسەڵاتی بەرفراوانی دژە-تیرۆر بەردەوام بوون . لەم قۆناغەدا، دەوڵەت بە شێوەی پراکتیکی ڕووبەڕووی دوو ئەگەری ستراتیژی دەبێتەوە:
ئاساییکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ: کەمکردنەوەی پرسی بەئەمنیکردن، گەڕاندنەوەی کێشەکان بۆ کەناڵە سیاسی–یاساییەکان، و ڕێکخستنی تێڕوانینی ئاسایش بە شێوەی ڕەچاوکردنی ماف و بەشداری سیاسی .
دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەڕەشەی جێگرەوە  گۆڕینی ناوی دوژمنی سەرەکی (یان دروستکردنی چوارچێوەی هەڕەشەی نوێ) بۆ ئەوەی هێڵی کۆنترۆڵ و گوتاری دژە-تیرۆر بەردەوام بێت بە تایبەتی لە کاتێکدا کە پۆلێنکردنی ئۆپۆزسیۆنی بە پەیوەست بوون بە تیرۆر لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکیا دا مێژوویەکی دوورودرێژ هەیە .
لە ڕووی دامەزراوەییەوە، ئەو دەزگایانەی کە لە ماوەی شەڕدا فراوان بوون — وەک دەزگا هەواڵگرییەکان، هێزە تایبەتییەکان و سیستەمی دادگایی دژە-تیرۆر — زۆرجار خۆیان بە بە پارێزراو دەبینن و لە گۆڕانکارییەکاندا و بەرگری دەکەن. ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی پاش-ململانێکاندا ناسراوە، واتە مانەوەی ڕەفتار و گوتاری کۆن تەنانەت دوای ئەوەی ئامانجی سەرەکییان نامێنێت . لەم چوارچێوەیەدا، مەترسی هەیە کە دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات، بودجە و ڕۆڵی خۆیان، هەوڵ بدەن گوتارێکی نوێی هەڕەشە دروست بکەن یان هەڕەشەکان دووبارە پێناسەبکەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان.
بەشی پێنجەم / دەرفەتەکان
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەتوانێت وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی کوردی لە تورکیا تێبینی بکرێت، بە تایبەتی لە ڕووی متمانەی سیاسی، سەقامگیری ئاسایش و مافەکان، و پێناسەکردنەوەی هاوڵاتیبوونی یەکسان. لە ماوەی ململانێی درێژخایەندا، گوتاری دژە-تیرۆر بووە بنچینەی سەرەکی پەیوەندی دەوڵەت بە ناوچە کوردنشینەکان، و ئەمەش زۆرجار بووە هۆی بەئەمنیکرنی داواکارییە مەدەنی و سیاسییەکان لە قۆناغی پاش-هەڵوەشاندن، ئەگەر دەوڵەت بتوانێت ئەم گوتارە بگۆڕێت بۆ چارچێوەیەکی نوێ کە لەسەر بنەمای ماف، یاسا و هاوبەشی سیاسی بنیات نرابێت، ئەوا دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنەوەی متمانە فەراهەم دەبێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە چاکسازی یاسایی تایبەتە، وەک سنووردارکردنی بەکارهێنانی یاساکانی دژە-تیرۆر، کەمکردنەوەی دەستگیرکردنە سیاسییەکان، و فراوانکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەڵام ئەگەر دەوڵەت شکست بهێنێت لە دروستکردنی ڕێگایەکی سیاسی و ئابووری جێگرەوە، ئەوە مەترسییەکان زۆر دەبن. ناڕەزایی کۆمەڵایەتی، بێ‌باوەڕی بە دامەزراوەکان، و هەستکردن بە نادادپەروەری دەتوانن بگەنە قۆناغێک کە تێیدا توندوتیژی نوێ یان ڕادیکاڵیزمی ناتەقلیدی سەرهەڵبدات، بە تایبەتی لە نێوان گەنجاندا. ئەم جۆرە دۆخە لە ئەدەبیاتی پاش-ململانێدا بە conflict relapse ناسراوە، کاتێکیش ڕوو دەدەن کە هۆکارە بنچینەکان چارەسەر نەکرێن، بەم مانایە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خۆی بە تەنیا چارەسەر نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ توانای دەوڵەت لە گۆڕینی فەلسەفەی فەرمانڕەواییدا، لە لایەکی دیکەوە تورکیا بە شێوەیەکی ناچار ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە بۆ پێداچوونەوە و چاکسازی کردن لە چوارچێوە یاساییەکان، بە تایبەتی یاساکانی دژە-تیرۆر، سنووردارکردنی ئازادیی میدیا و میکانیزمەکانی چاودێری سیاسی. لە ماوەی ململانێی درێژخایەندا، ئەم یاسایانە وەک ئامرازی بنچینەیی بۆ بەڕێوەبردنی پرسی کورد و کۆنترۆڵکردنی بوارە سیاسییەکان بەکارهاتوون، زۆرجار بە شێوەیەکی فراوانتر لە سنووری دژە-تیرۆر تێپەڕیون، هەروەها پرسەکانی نوێنەرایەتی سیاسی، مافە کولتوورییەکان، و گەشەسەندنی ئابووری دەبێت چارەسەر بکرێت. ئەگەر ئەم بابەتانە پشتگوێ بخرێن، بێزاری کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانە دەتوانن بگەنە قۆناغێک کە تێیدا هێزە ناڕازییەکان پەنا بۆ شێوازە نوێی ڕووبەڕووبوونەوە ببەن.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ململانێی درێژخایەن زیانی ماددی و مرۆیی بەردەوامی دروست کردووە. گواستنەوە لە ڕێبازێکی سەربازی بۆ ڕێبازێکی بنیاتنەر پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە لە دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و دروستکردنی دەرفەتی کار و ژیانێکی باشتر.
لە کۆتاییدا، ئەگەر تورکیا بتوانێت چاکسازییە ناوخۆییەکان بە وردی و قۆناغ ‌بەقۆناغ بەڕێوەببات بەبێ ئەوەی لە ژێر فشاری ڕەوتی ناسیۆنالیستیدا گیربخوات، ئەوا دەتوانێت بنەمایەکی بەهێز بۆ بنیاتنانی ئاشتی و متمانە دروست بکات. چاکسازییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئەگەر لەگەڵ هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی کورد ئاوێتەبکرێن، دەتوانن سەقامگیری ناوخۆیی زیاد بکەن و لە هەمان کاتدا ڕۆڵی تورکیا وەک کارەکتەرێکی کاریگەر لە ناوچەدا پەرە پێبدەن. چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییانە بنەمایەکی گرنگە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیری پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی تورکیا.
دەرەنجام
پەکەکە تەنها پارتێکی چەکداری ئاسایی نەبووە، بەڵکو سەرەکیترین مەترسیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست کردووە و پێکهاتەی دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکان، سنووری دەستێوەردانی دەرەکی و شێوازەکانی گوتاری سیاسی ناوخۆیی بۆ چەندین دەیە لەقاڵبداوە. هەر بۆیە هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە بە مانای کۆتایی هاتنی ئەو مەترسییە نایەت، بەڵکو بە مانای کۆتایی هاتنی قۆناغێکی ململانێ و سەرەتای قۆناغێکی دیکەی ململانێ دێت بۆ ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.
 هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە مانای کۆتایی هاتنی سەردەمی مەترسییەکی ناوەندی و کۆنتڕۆڵکراو و سەرەتای سەردەمێکی دیکەی مەترسی دەبێت ئەگەر تورکیا نەتوانێت دەستبەجێ گۆڕان لە باوەڕی هەواڵگری و ئاسایشی خۆیدا دروست بکات.
هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتایی بە ململانێ ناهێنێت، بەڵکو پێناسەی دەکاتەوە لە نێوان دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی و بەرزبوونەوەی سەقامگیری سیاسی یان بەرهەمهێنانەوەی ململانێکان بە ئامرازی نوێ و لە ژێر ناوی جیاوازدا. هەڵبەتە تەنها سەرکەوتنی بژاردەی یەکەم دەتوانێت کۆتایی پەکەکە لە ڕووداوێکی ئەمنی ڕاگوزەرەوە بگۆڕێت بۆ گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بەردەوام لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادا.
لە ماوەی ململانێی درێژخایەندا، گوتاری دژە-تیرۆر ببووە بنچینەی سەرەکی پەیوەندی دەوڵەت بە ناوچە کوردنشینەکانەوە، ئەمەش زۆرجار بووەتە هۆی بەئەمنیکرنی داواکارییە مەدەنی و سیاسییەکان، بەڵام بەهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەتوانرێت دووبارە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی کوردی بونیاد بنرێتەوە، بە تایبەتی لە ڕووی دروستکردنەوەی متمانەی سیاسی، سەقامگیری ئاسایش و دەستەبەرکردنی مافەکان.