تۆفانی دەستلەکارکێشانەوە لەبەریتانیا.. کابینەکەی کیه‌ر ستارمەر لەلێواری داڕوخاندایە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتەکەی کیه‌ر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕوبەڕوی سەختترین قەیرانی سیاسیی خۆی بوەتەوەو زنجیرەی دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی باڵا گەیشتە چوارەم وێستگەى.


لەنوێترین پەرەسەندندا، زوبێر ئەحمەد وەزیری تەندروستی به‌ریتانیا وازهێنانی خۆی ڕاگەیاندو بەئاشکرا تیری ڕەخنەکانی ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردو داوای لێکرد، دەستبەجێ لەسەرکردایەتی پارتی کرێکاران بکشێتەوە.

ئەم هەنگاوە توندەی وەزیری تەندروستی، بومەلەرزەیەکی سیاسیی لەناو پارتی دەسەڵاتداردا دروستکردوه‌، لەکاتێکدا زیاتر لە 80 پەرلەمانتار هاوشێوەی وەزیرە دەستلەکارکێشاوەکان متمانەیان بەسەرۆکایەتی ستارمەر نەماوەو زیاتر لە100 پەرلەمانتاری دیكه‌ى پارتەکەش لەنامەیەکی هاوبەشدا، پشتگیریی خۆیان بۆ ستارمه‌ر دوپاتکردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێن، "وڵات لەم دۆخە هەستیارەدا بەرگەی گۆڕینی سەرکردایەتی ناگرێت".

سەرەڕای شکستە پڕ بەدەنگەکانی ئەمدواییەی پارتەکەی لەهەڵبژاردنەکان‌و لێشاوی گوشارە ناوخۆییەکان، کیه‌ر ستارمەر لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەتوندی وه‌ڵامى نەیارەکانی داوه‌ته‌وه‌و ڕایگەیاندوه‌، بەرپرسیارێتی ئەنجامەکان دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام سورە لەسەر بەردەوامبون‌و هیچ پلانێکیش بۆ هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ لەئارادانییە.