شارپرێس:
سەرۆک کۆماری عێراق نزار ئامێدی، ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٦ لەبەغداد، لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتی وڵات و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان تاوتوێ کرا، بەو ئاراستەیەی کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن و پێداویستییەکانیان دابین دەکەن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت کرا و جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان کرایەوە بۆ خێراکردنی یەکلاکردنەوەی شایستە حکومییەکان لە چوارچێوەی وادە دەستوورییەکاندا، بە شێوەیەک کە پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا مسۆگەر بکات.
هاوکات ئامادەکارییەکانی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تاوتوێکرا بۆ دەنگدان لەسەر بەرنامە و پێکهێنانی حکومەت.