واشنتۆن‌و تاران بەرەو ڕێککەوتن.. ئێران بۆ یەکەمجار گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوە دەکات

ڕاپۆرت

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراودا کە ڕەنگە نەخشەی ململانێ ئەتۆمییەکانی ناوچەکە بگۆڕێت، تاران بۆ یەکەمجار ئامادەیی نیشانداوە گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی پاشەکه‌وتی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ دەرەوەی خاکەکەی بکات، به‌بڕواى چاودێرانیش، ئەم هەنگاوە دەبێتە بڕبڕەی پشتی یاداشتنامەیەکی 14 خاڵی کە لەئیسلام ئاباد تاووتوێدەکرێت، تاوەکو لەبەرامبەر بێدەنگکردنی دەنگی تۆپەکان لەگەروی هورمز، واشنتۆن قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بەگەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان بهێنێت.


بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، هەردوو وڵات لەبەردەم ڕەشنوسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتندان کە تەنها یەک لاپەڕەیە، بەڵام 14 خاڵی چارەنوسساز لەخۆدەگرێت، ئەم بەڵگەنامەیەش وەک وه‌ستاندنى شەڕ وایە کە دەرفەتێکی 30 ڕۆژە دەداتە دیپلۆماسی بۆ ئەوەی جێگەی موشەک‌و کەشتییە جەنگییەکان بگرێتەوە.

بڕبڕەی پشت‌و پێشنیازەکان بریتین لەوه‌ى، ئێران گەمارۆی سەر گەروی هورمز کەمدەکاتەوە، لەبەرامبەردا ئەمریکا لەماوەی 30 ڕۆژداو بەقۆناغ، گەمارۆی سەر بەندەرە ئێرانییەکان هەڵدەگرێت، هاوكات  ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، بۆ یەکەمجار، تاران ئامادەیی نیشانداوە باسی پاشەکۆتی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی بکات‌و تەنانەت گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات (جگە لەئەمریکا) تاووتوێبکات، کێشەی سەرەکی ئێستا لەسەر کاتە؛ ئەمریکا داوای 20 ساڵ ڕاگرتنی پیتاندن دەکات، لەکاتێکدا ئێران پێشنیازی پێنج ساڵی کردوە، بەڵام دەنگۆکان ئاماژە بەوەدەکەن، ڕەنگە لەسەر 12 تا 15 ساڵ ڕێکبکەون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە گەشبینییەکی وریایانەوە چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی تاران دەکات، بەڵام مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداریدەدات کە "دابەشبونی ناوخۆیی ئێران" لەوانەیە ببێتە بەربەست، ڕوبیۆ بەڕونی وتویه‌تى، "هێرشەکانی ئێمە بەرگریی بون، بەڵام کۆنترۆڵکردنی هورمز لەلایەن ئێرانەوە هێڵی سورە".

چاودێران ده‌ڵێن، ئێران دەزانێت کە ئەمجارە یارییەکە جیاوازە، ئابورییەکی ماندوو بەدەست سزاکانەوەو فشاری سەربازیی لەدەریادا، وایکردوە تاران بۆ یەکەمجار نەرمی بنوێنێت لەپرسی پیتاندنی یۆرانیۆم‌و بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکان، بەڵام مەرجی ئەمریکا بۆ ئەوەی کە "هەر پێشێلکارییەک ماوەی سزاکان درێژدەکاتەوە"، هێشتا وەک گرێکوێرە ماوەتەوە.

به‌بۆچونى شرۆڤه‌كاران، ئەم یاداشتنامەیە گرێبەستێکی مەرجدارە، ئەگەر لەماوەی ئەو 30 ڕۆژەی گفتوگۆدا نەگەنە ئەنجام، واشنتۆن ئامادەیە دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ بژاردەی سەربازیی‌و توندکردنەوەی گەمارۆکان، جیهانیش ئێستا چاوەڕێی واژۆیەکە کە یان ناوچەکە بەرەو هێوربونەوە دەبات، یان دەبێتە دوا وێستگە پێش پێکدادانێکی سەربازیی سەرتاسەریی.