شارپرێس:
سەرۆکایەتیی تورکیا لەراگەیەندراوێکدا دەڵێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوە، سەرۆکی تورکیا لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئەستەنبوڵ، پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووەو لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون و هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نیگەرانی خۆی نیشانداوە بەوەی لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا خاکی عێراق بە هەولێریشەوە کراوەتە ئامانج.
ئەردۆغان وتوشیەتی، تورکیا بە هیچ شێوەیەک نایەوێ شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پەل بکێشێت و هەماهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
هەروەها سەرۆکی تورکیا پاراستنی سەقامگیریی عێراقی بۆ تەواوی ناوچەکە بە گرنگ ناوبردووە و دەڵێت، پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە خێرایی خزمەت بە یەکڕیزی و تەبایی عێراق دەکات و تورکیا سوورە لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە زۆر بواردا، بەتایبەتی بازرگانی، گواستنەوە و وزە.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، دەڵێت، سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و خوازیاری ئارامی و سەقامگیرین لە وڵاتەکەیان و وڵاتانی دراوسێش.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا ئامادەی بوون ، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە .
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
سەرۆکی تورکیا ، ستایشی ڕۆڵی بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
