لەهاوارەوە بۆ پەرلەمان.. دەم پارتی قوفڵە دەستورییەکانی بەردەم زمانی کوردی دەشکێنێت

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا کوردان لەهەموو شوێنێکی جیهان یادی 15ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردی دەکەنەوە، پەرلەمانی تورکیا بوە گۆڕەپانی خەباتێکی نوێی سیاسی بۆ بەیاساییکردنی مافە فەرمییەکانی زمانی کوردی، بێریتان گونەیش پەرلەمانتاری مێردین لەفراکسیۆنی دەم پارتی بەپێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەکی فرەڕەهەند، پرسی پەروەردە بەزمانی دایک‌و پاراستنی دەستوری بۆ جارێکی دیکە گەڕاندەوە ناو چەقە مێژوییەکەی.


بێریتان گونەیش لەپڕۆژەیاساکەیدا تەنها جەخت لەسەر ئاهەنگگێڕان بەم یادە ناکاتەوە، بەڵکو داوای هەنگاوی کردەیی دەکات، ئەو پێیوایە کاتی ئەوەهاتوە، زمانی کوردی لەدۆخی قەدەغەی ناڕەسمی‌و ئاستەنگە کارگێڕییەکان دەربهێنرێت‌و دانپێدانان بەزمانی کوردی نابێت تەنها وەک دروشم بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت لەدەستوردا جێگیربکرێت.

ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە کە ساڵانێکی زۆرە چالاکوانانی بواری زمان، ڕەخنە لەوەدەگرن، زمانی کوردی لەدامەزراوە گشتییەکان، دادگاکان‌و میدیا فەرمییەکاندا بەڕێژەی پێویست فەراهەمنەکراوەو هێشتا وەک زمانێکی نەناسراو لەکۆنوسەکانی پەرلەماندا ناوی دەبرێت.

یەکێک لەخاڵە هەرە گرنگەکانی ڕاپۆرتەکەی ئەو پەرلەمانتارە، گرێدانی پرسی زمانە بەپرسی ئاشتیی‌و چارەسەری کێشەی کورد لەتورکیا، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ گونەیش دەڵێت، "هەر هەنگاوێک بۆ زمانی کوردی، هاوکارێکی سەرەکییە بۆ چارەسەری پرسی کورد"، چاودێرانیش پێیانوایه‌، ئەم دیدگایە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بێ زمانێکی ئازاد، دیموکراسییەکی ڕاستەقینە لەتورکیا بەدینایەت.

دەم پارتی داوادەکات پەرلەمان لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕێگرییە مێژویی‌و سیاسییانەی لەدامەزراوە گشتییەکاندا دژ بەزمانى کوردی پەیڕەو دەکرێن، له‌گه‌ڵ خەمڵاندنی ئەو زیانە کولتوریی‌و مەعنەوییانەی لەڕابردودا بەهۆی سیاسەتی پەراوێزخستنەوە بەر زمانەکە کەوتون‌و دابینکردنی زەمینەی یاسایی بۆ خوێندن بەزمانی دایک.

دیاریکردنی 15ی ئایار وەک ڕۆژی زمان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1932 کاتێک جەلادەت عالی بەدرخان یەکەم ژمارەی گۆڤاری (هاوار)ی بەپیتی لاتینی بڵاوکردەوە، ئێستا دوای 92 ساڵ لەو هەنگاوە ئەدەبییە، ململانێی پاراستنی زمان لەناو کایە ئەدەبییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ ناو جەرگەی بڕیاردانی سیاسیی لەئەنکەرە.

ئەم پڕۆژە یاسایەی دەم پارتی، تاقیکردنەوەیەکی نوێیە بۆ پەرلەمانی تورکیاو هێزە سیاسییەکانی دیكه‌ کە ئایا تا چەند ئامادەن پانتاییەک بۆ فرەچەشنیی زمان‌و کولتور لەچوارچێوەی یاساکاندا بکەنەوە، یان جارێکی دیکە پڕۆژەکە لەچەکمەجە ساردەکانی پەرلەماندا دەمێنێتەوە؟