شارپرێس:
میدیای ئیسرائیلی باس لەپێشێلکارییەکی ئەمنیی مەترسیدار دەکات کە خۆی لەدامەزراندنی سەربازانی ئێستای هێزی ئاسمانی لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە دەبینێتەوە کە ناونیشانى وردى جوگرافى شوێنە ستراتیژییەکانیان بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم دزە پێکردوە.
تائێستاش دەنگدانەوەی ئاشکرابونی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی بۆ بەرژەوەندی ئێران کاردەکەن لەسەروی باسی ئیسرائیلییەکاندایە، کەناڵی "i24 News"ی ئیسرائیلی نوسیویهتى، "فەزیحەیەکی گەورەی سیخوڕی دامەزراوە سەربازییو سیاسییەکانی تهلئهبیبى هەژاندوە، دوای ئەوەی دەرکەوتوە ئێران سەرکەوتوبوە لەبەکارھێنانی سەربازی ناو سوپای ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی زانیاری ئەمنیی زۆر هەستیار".
دۆرۆن کادۆش پەیامنێری کاروباری سەربازیی لەڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردوە، "ئەوەی لەکەیسەکانی ئەمدواییەی ئابڕوچونه سیخوڕییەکان بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەیبینین زۆر جێگەی نیگەرانییە، چونكه زیادبونی تێوەگلانی خودی سەربازانی سوپای ئیسرائیلە، ئێرانییەکان سەرکەوتوو دەبن لەبەکارھێنانی سەربازیی ڕاستەقینە، نەک تەنها هاوڵاتیانی سادەی سەر شەقام وەک ئەوەی پێشتر ڕویدەدا".
سەبارەت بەوردەکارییەکانی ئابڕوچونهكه، پەیامنێرە سەربازییەکە ڕونیکردوهتهوه، تۆمەتبارانی ئەو کەیسە ئەو سەربازانەن کە خوێندکار بون لەقوتابخانەی تەکنیکی سەر بەهێزی ئاسمانی کە بنکەیەکی سەربازییە بەهەموو پێوەرێک، ئەم سەربازانە وێنەی ناو خودی بنکەکەیان گرتوە، جگە لەدۆکیۆمێنتکردنو ناردنی وێنەی وێستگەی شەمەندەفەری ساڤیدۆر ناوەند لەتەلئەبیبو تەلاری شراع لەحەیفا، کە دوو شوێنن پێشتر لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەکانی دواییدا لەلایەن موشەکەکانی ئێرانەوە کرابونە ئامانج.
میدیاى ئیسرائیل ئاشكرایكردوه، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە یەکێک لەسەربازە تۆمەتبارەکان خۆبەخشانە پێشنیازیکردوە وێنەو ناونیشانى وردى جوگرافى فڕۆکە جەنگییەکانی "F-16" بەرامبەر 15 هەزار شیکڵ (نزیکەی پێنج هەزار دۆلار) بداتە ئێرانییەکان، بەڵام بریکارە ئێرانییەکە پێشنیازەکەی ڕەتکردوەتەوەو ئاراستەیکردوە بەرەو ئەرکێک کە بەگرنگتری زانیوەو پێی وتوە، F-16 لەبیربکە، شوێنی سیستەمەکانی قوبەی ئاسنینم بدەرێ، لەگەڵ پێشنیازی پاداشتێکی پێنج هەزار شیکڵی بۆ هەر شوێنێک کە دەستنیشاندەکرێت.
پەیامنێرە سەربازییەکە ئهوهشى وتوه، "ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامەوە بەڕێوەدەبرا کە ئەو پلاتفۆرمەیە ئێرانییەکان هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی سەرەکی کاری تێدابکەن، ئهوهشى بۆ ئیسرائیلیهكان زۆر كارهساتباره ئهوهیه، هەندێک ئیسرائیلی لەنێویاندا ئەو سەربازانەی ئەمدواییە ئاشکراکران، خۆیان دەستپێشخەری دەکەن بۆ گەڕان بەدوای کەناڵەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارەی ئاسان لهبهرامبهر گواستنهوهى زانیاریى بۆیان".
کادۆش سەرسامی خۆی نیشانداوه لەوەی، "ئەو سەربازانە ڕازیبون بەمامەڵەکردن لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم، بەوپێیەی یەکێک لەسەربازەکان تەنها (5500) دۆلاری بەرامبەر کۆی خزمەتگوزارییەکانی وەرگرتوە، لەکاتێکدا کەسانی دیکە بڕە پارەیان وەرگرتوە کە لەنێوان 800 بۆ 1000 دۆلاردا بوە، خاڵێکی کۆتایی هەیە کە پێموایە پڕترین شۆکە، چونکە لەهەموو کەیسەکانی ئەمدواییەدا سەرسامی کردم، ئەویش کەمیی ئەو بڕە پارانەیە کە ئێرانییەکان دەیدەن، ئەم کەسانە لەمکارانەدا نەبونەتە دەوڵەمەند".
کادۆش لەزاری خەمڵاندنەکانی شاباکو پۆلیسەوە گواستییەوە، "ئەم سەربازانە وایانزانیوە ئاشکرانابنو بابەتەکە بەسەلامەتی تێدەپەڕێت، هەندێکیشیان بەپارەی ئاسان یان هۆکارێک بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان دایانناوە، ئەوەی بەڕاستی شۆکە، بونی سەربازانێکە کە ئامادەن هاوکاری ئێران بکەن سەرەڕای تێپەڕبونی دوساڵو نیو بەسەر ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرو ڕوبەڕوبونەوە ڕاستەوخۆکانی دوایی لەگەڵ تاران، کە ئەمەش زیانێکی مەترسیدار بەئاسایشی دەوڵەتو خیانەت لەسیستەمی سەربازیی دەگەیەنێت".
