شارپرێس:
ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ لەکۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بکەن و بەندەکانی لێکتێگەیشتنەکەشیان لەگەڵ یەکێتی پەسەند کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبووەوە و قسە لەسەر دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و گرنگترین پێشهاتە سیاسییەکان کرا
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراو کۆبوونەوەکە خاڵەکانی نێو رێککەوتنەکەی بە گرنگ بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک وەسفکرد و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا واژوو بکرێت، و ئەنجومەنەکە تەواوی خاڵەکانی رێکەوتنەکەی پەسەند کرد و رەزامەندی دا لەسەر واژۆکردنی لە داهاتوویەکی نزیکدا.
هەروەها قسە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و وەرگرتنی وەزارەتێک لەلایەن نەوەی نوێوە کراو ئەنجومەنەکە بەکۆی دەنگی ئەندامان کاندیدی پۆستی ئەو وەزارەتەی بەغدادی دیاریکرد کە بریار وایە نەوەی نوێ وەریبگرێت.
ئەوەش لەکاتێدایە تا ئێستا و دوای زیاتر لە سێ مانگ هێشتا هیچ رێککەوتنێکی نوسراو لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ نییە و یەکێتی تا ئێستا باس لەوە دەکات کە رێککەوتوون و کۆتایی بە بابەتەکە هاتووە، بەڵام هێشتا هیچ دەقێکی واژۆکراویان نییە لەنێواندا.
