شارپرێس:
بەرهەم قەرەداغی سەرۆکی یەکێتیی کرێنشینانی هەرێم، پەردەی لەسەر قەیرانێکی مرۆییو دارایی قووڵ لادا کە بەرۆکی زیاتر لە 200 هەزار خێزانی گرتوە، ئهو دهڵێت، "کرێنشینان لەهەرێم بونەتە قوربانیی نرخە ستەمکارانەکانو غیابی پڕۆژەی نیشتەجێبونی حکومیی"، جهختیشدهكاتهوه، "سهرژمێریى دهڵێت 200 ههزار كرێنشین لهههرێم ههن، بهڵام ژمارهى ڕاستهقینه زۆر زیاتره".
بهگوێرهى دواین سەرژمێریی عێراق، زیاتر لە 200 هەزار کرێنشین لەهەرێمى كوردستان بونیان هەن کە زۆرترینیان لەهەولێرن بەڕێژەی 27٪، دواتر لەسلێمانی 19.5٪و دهۆکیش 18٪، هەرچەندە یەکێتیی کرێنشینان پێیوایە ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە.
سەرۆکی یەکێتییەکە ڕەخنەی توند لەپڕۆژە وەبەرهێنانەکان دەگرێتو دەڵێت، "حکومەت 253 مۆڵەتی بەپڕۆژەی گەورە داوە، بەڵام ئەو یەکانە بۆ کرێنشینو کەسانی کەمدەرامەت نینو ئهوان ناتوانن لێیان سودمهندبن".
قەرەداغی ئاشکرایکرد، "ستەمێکی گەورە لەنرخەکاندا دەکرێت، لەکاتێکدا تێچوی ڕاستەقینەی دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبون لەنێوان 20 بۆ 30 هەزار دۆلاردایە، کەچی لەبازاڕدا بە 150 بۆ 170 هەزار دۆلار بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێنەوە".
دواکەوتنی موچە وەک تیرێکی کۆتایی وایە بۆ کرێنشینان، بەرهەم قەرەداغی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا زۆرن ئەو خێزانانەی ماوەی سێ مانگە نەیانتوانیوە کرێی خانوو بدەن، چونکە بێجگە لەکرێ، تێچوی کارەباو ئاوو بژێوی ڕۆژانە بڕستی لێبڕیون.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، یەکێتیی کرێنشینان داوایەکی بەپەلە ئاراستەی حکومەتی هەرێمو بەغدا دەکات بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبونو خێراکردنی دابەشکردنی موچە، پێشئەوەی بارودۆخی ژیانی ئەو 200 هەزار خێزانە بگاتە ئاستێکی کۆنترۆڵنەکراو.
