شارپرێس:
ئهمڕۆ لەئەنجامی ڕوداوێکی هاتوچۆى کاروانێکی تانکەرە نەوتیەکانی عێراق کە مادەی "فیول"یان هەڵگرتبوو لەسەر ڕێگهی نێودەوڵەتی (M4) لەنزیک شارۆچکەی (بسنقول) لەگوندەواری ئیدلبی سوریا، کەسێک گیانی لەدەستداو سێ کەسی دیكهش برینداربون.
مشیر ڕەماح بەڕێوەبەری نوسینگەی دەستەی گشتی دەروازەو گومرگەکان ئاشكرایكردوه، کاروانەکە لەچوارچێوەی پرۆسەی گواستنەوەی ترانزێتدا بوەو لەدەروازەی سنوری یەعروبییەوە بەرەو پاڵاوگەی بانیاس بەڕێوەبوە، بەڵام دوو لەتانکەرەکان لەناو کاروانەکەدا کۆنترۆڵی برێکیان (ئیستۆپ) لەدەستداوەو بەو هۆیەوە خۆیان بەیەکدا کێشاوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕوداوەکە بوەتە هۆی تەقینەوەی یەکێک لەتانکەرەکانو کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی کە لەوکاتەدا بەڕێگهکەدا تێپەڕیوە زیانی بەرکەوتوەو شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.
ڕەماح باسی لەوەشکرد، سێ لەشۆفێری تانکەرەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، لەهەمانکاتدا تیمەکانی وەزارەتی باری نەخوازراوو بەڕێوەبەرایەتی کارەساتەکان خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو پاککردنەوەی ڕێگاکە بون، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان بۆ زانینی وردەکاری زیاتری ڕوداوەکە دەستپێکردوە.
