لەسێبەری قەندیلەوە بۆ ژوری بڕیار لەدیمەشق.. هەڵزوار میتانی ده‌بێته‌ زمانحاڵى وەزارەتی بەرگریی

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا تۆزی شەڕ لەسەر نەخشەی سوریا دەنیشێت، بڕیارە نوێیەکان دەبنە سه‌ردێڕى هەواڵەکان، یەکێک لەو ناوانەی دەنگدانەوەی زۆری دروستکردوە، (هەڵزوار عەبدولحەکیم ئیسماعیل)ە، ناسراو بە(هەڵزوار میتانی)، گەنجێک کە ڕابردوی لەناو ئەکادیمیا فیکرییەکانی قەندیلدایەو ئێستا دەبێتە دەنگی سەربازیی دەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی وڵات.

هەڵزوار کە کوڕی مێژونوسی ناسراو عەبدولحەکیم مەلا عومەر (برادۆست میتانی)یە، کە یەکێکبوو لەوکەسانەی لەسەرەتای شۆڕشدا بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی دژی ڕژێم لەکارەکەی دورخرابوەوە، یە، تەنها ئەندامێکی ئاسایی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) نییه‌، ئەو نوێنەرایەتی نەوەیەکی نوێ دەکات کە لەنێوان تەکنەلۆژیاو ئایدۆلۆژیادا گەورەبون، وەک ئەندازیارێکی کۆمپیوتەرو شارەزایەکی مارکێتینی دیجیتاڵی، ئێستا ئەرکێکی قورسی پێسپێردراوە ئه‌ویش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییە سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتى وەزارەتی بەرگریی سوریایه‌.

میتانى دەرچوی کۆلێژی ئەندازیاریی‌و تەکنەلۆژیا بەشی ئەندازیاریی سیستمەکانی کۆمپیوتەر (تەکنەلۆژیای زانیاریی/ئینفۆرماتیک)ه‌، هاوكات ماستەری خوێندنی باڵا لەزانستەکانی وێب (Web Science) به‌ده‌ستهێناوه‌و خاوه‌نى سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیشه‌ لەبوارەکانی (بازاڕگەریی دیجیتاڵی، پاراستنی زانیارییەکان‌و مۆڵەتی نێودەوڵەتیی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر (ICDL).

چاودێران پێیانوایه‌، ئەم بڕیارە تەنها گۆڕینی پۆستێک نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوییە، هەڵزوار کە پێشتر لەژێر ئاڵایەکی دیکەدا مەشقی فیکریی‌و سەربازیی کردوە، ئێستا دەبێت لەژێر سێبەری وەزارەتی بەرگریى سوریادا، گوتارێکی نوێ بۆ ناوچەیەک دابڕێژێت کە ساڵانێکی درێژ مەیدانی ململانێ بوە.

چاودێران پێیانوایە، ئەم دامەزراندنە، وەرگێڕانی کردەیی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمی 2026ه‌ کاتێک دەبینرێت فەرماندەیەکی وەک سیپان حەمۆ دەبێتە یاریدەدەری وەزیری بەرگریی‌و هەڵزوار میتانیش دەبێتە دەمڕاستی میدیایی ناوچەکە، پەیامەکەش ڕونە كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى، سەردەمی دابەشکاریی کۆتاییهات‌و سەردەمی تێکەڵبون دەستیپێکرد.



هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، فەرهاد شامی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی خۆی لەڕاگەیاندنی سەربازیی ڕاگەیاندو ئەرکەکانی بەمەبەستی یەکخستنی دامەزراوەکان، ڕادەستی ئەندازیار هەڵزوار میتانی کرد، ئەم هەنگاوەش لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمدایە بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکان لەگەڵ دەزگاکانی دەوڵەتدا.



ئایا هەڵزوار میتانی دەتوانێت بەئەزمونە تەکنیکی‌و فیکرییەکەی، پردی متمانە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریاو دامەزراوەی سەربازیی نیشتمانی دروستبکات؟ یان ئەم تێکەڵبونە خێراو کتوپڕە ڕوبەڕوی ئاستەنگی قورستر دەبێتەوە؟ ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە سوریا بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، کە تێیدا نەیارەکانی دوێنێ، دەبنە هاوکارو هاوچەرخی ئەمڕۆ.