الشرق الأوسط
وەرگێڕانی : د.حلمى رەسوڵ رەزا
لە کاتێکدا
لیژنەیەکی باڵا لە بەغدا کار بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی جێبەجێکاری دەکات بۆ
داماڵینی چەکی میلیشیاکان و دوورخستنەوەیان لە جومگەکانی دەوڵەت، گرووپە
چەکدارەکان بە توندی ئەم هەوڵانە ڕەت دەکەنەوە. ئەم ململانێیە کە هاوکاتە لەگەڵ
پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەڕەشەی سزاکانی ئەمریکا، لە نێوان سووربوونی واشنتۆن بۆ
کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و هەوڵی هەندێک لایەنی عێراقی بۆ "کڕینی
کات"دا تێپەڕ دەبێت.
شەرقلئەوسەت
ئەوەی زانیوە کە لیژنەیەکی عێراقی کە سێ کەسایەتیی باڵا لەخۆ دەگرێت، لە
تەواوکردنی «پڕۆژەیەکی جێبەجێکردن» بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان نزیک
دەبنەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ خستنەڕووی پڕۆژەکە لەبەردەم بەرپرسانی
ئەمریکی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
لە کاتێکدا ئەم
پرۆسەیە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە سەرکردایەتیی دەزگا
ئەمنییە هەستیارەکان لە ناو حکومەتی داهاتوودا، بەرپرسانی سیاسی و حکومی بە دورى
دەزانن کە پڕۆژەکە لە چوارچێوەی «کات
کوشتن» زیاتر بێت، لە هەمان کاتدا نوێنەرانی سێ گرووپی چەکدار جەختیان کردەوە کە
چەکەکانیان ڕادەست ناکەن.
واشنتۆن فشارەکانی
بۆ سەر پارتە شیعە دەسەڵاتدارەکان چڕتر کردووەتەوە بۆ داماڵینی چەکی گرووپە
چەکدارەکان و ڕێگریکردن لە نوێنەرەکانیان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێدا.
چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم فشارانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە
بەغدا، وەربگێڕدرێن بۆ هەنگاوی کردەیی.
دانوستانەکان
بۆ داماڵینی چەک
لیژنەکە کە بۆ
یەکەمجارە ئاشکرا دەکرێت، پێکهاتووە لە: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو،
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و هادی عامری، سەرۆکی «ڕێکخراوی
بەدر». ئەم لیژنەیە دانوستانی نهێنیی لەگەڵ سەرکردەی میلیشیاکان ئەنجامداوە و
«هەندێک بیرۆکەی سەبارەت بە چۆنیەتی داماڵینی چەک و تێکەڵکردنەوەی چەکدارانی»
خستووەتە ڕوو، بەڵام بە وتەی ئاگاداران، هەندێک لە کۆبوونەوەکان بە هێمنی تێپەڕ
نەبوون.
سەرچاوەکان بە
«شەرقلئەوسەت»یان ڕاگەیاندووە کە «وا بڕیار بوو بوونی عامری (کە مێژووییەکی نزیکی
لەگەڵ ئێران هەیە) یارمەتیدەر بێت بۆ بەدەستهێنانی متمانەی گرووپەکان و
ڕازیکردنیان بۆ تێکەڵبوون بە دەوڵەتەوە»، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە لیژنەکە بە
تەواوی لەلایەن (چوارچێوەی هەماهەنگی)ـیەوە سەرپشک کراوە.
وەک سەرچاوەکان
دەڵێن، کەشێکی بێمتمانەیی و تۆمەتبارکردن بە خیانەت لە نێوان سەرکردەی پارتە
شیعەکان و گرووپە چەکدارەکاندا هەیە. و پێشبینی ئەوە دەکەن «حکومەتەکەی زەیدی
ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی ڕژد ببێتەوە کە ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی چاکسازیی
بنەڕەتی لە دۆسیەی چەک و ئەو سەرچاوە داراییانەی واشنتۆن دەڵێت بە ئەنقەست و بە
ڕێگەی جیاواز بۆ ئێران دەچن.
لە کاتی
ڕاسپاردنی فەرمییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، زەیدی پشتگیرییەکی بێوێنەی ئیدارەی
ئەمریکا بەدەست دەهێنێت، بەڵام زۆرێک دەڵێن «مانگی هەنگوینی» ئەمریکییەکان ڕەنگە
کۆتایی بێت ئەگەر گۆڕانکاریی خوازراو سەبارەت بە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و
بڕینی پەیوەندیی میلیشیاکان بە دەوڵەتی عێراقەوە ڕوونەدات.
پەیوەندییە
تەلەفۆنییەکەی چوارشەممەی ڕابردووی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لەگەڵ عەلی زەیدی
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئاماژەی ئەوەی تێدابوو کە ئەمریکا هەوڵ دەدات
ئەندامانی میلیشیاکان نەک تەنیا لە پۆستە باڵاکانی وەزارەت، بەڵکو لە پۆستی
بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش دوور بخاتەوە.
سەرچاوەکان
دەڵێن «کەسانی نزیک لە زەیدی لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی وەزیرى بەرگرى تێگەیشتوون
کە شەرعیەتی حکومەتی نوێ لە بەغدا، لە ڕوانگەی واشنتۆنەوە، بەستراوەتەوە بە توانای
دوورخستنەوەی میلیشیاکان لە جومگەکانیدا.
بەرپرسێکی
باڵای سیاسی باسى لەوە کردوە «ئەو لیژنەیەی دوایین جار پێکهێنرا، لە ژێر کاریگەریی
فشارەکانی ئەمریکادا کارەکانی خێراتر کردووە»، ئاماژەی بەوەش کردووە کە
«ڕاوێژکارانی ئەمنی چەند مانگێکە کار لەسەر کۆمەڵێک بژاردە دەکەن بۆ داماڵینی چەک
یان تێکەڵکردنەوەیان، بەڵام لە هەفتەکانی ڕابردوودا ئاستی کارەکان خێراتر بووە.
بەرپرسەکە
ڕوونیکردۆتەوە کە «پڕۆژە جێبەجێکارییەکە
داماڵینی چەکی قورس و ناوەندیی گرووپەکان و دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی (حەشدی
شەعبی) لەخۆ دەگرێت»، بەبێ ئەوەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆسەکە ئاشکرا بکات. لە هەمان
کاتدا، تەمومژ
و ناڕوونی باڵی کێشاوە بەسەر داهاتووی هێزەکانی «حەشدی شەعبی» لە عێراقدا، کە ئایا
ئامادەن تەسلیمی فشارەکانی ئەمریکا ببن و ببنە بەشێک لە پڕۆژەی داماڵینی چەک یان
نا.
پڕۆژەیەک بۆ
کات کوشتن
بەرپرسانی
سیاسیی عێراق ڕایدەگەیەنن کە ئەگەری هەیە جەنەڕاڵ دەیڤد پترایۆس ئەم هەفتەیە
سەردانی بەغدا بکات، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە «حکومەتی نوێ بە تەواوی
پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیاکان دەپچڕێنێت». تا ئێستا نەتوانراوە ڕاستیی ئەو
سیفەتە فەرمییە پشتڕاست بکرێتەوە کە ئەو جەنەڕاڵە ئەمریکییە لە کاتی سەردانە
دەنگۆبۆکراوەکەیدا بۆ بەغدا هەڵیدەگرێت.
پترایۆس بە
یەکێک لە دیارترین ئەو سەرکردانە دادەنرێت کە ناویان بە جەنگی عێراقەوە
بەستراوەتەوە دوای ٢٠٠٣؛ ناوبراو ئەزموونی خۆی لە ڕێگەی چەندین ڕۆڵی مەیدانی و
ستراتیژییەوە بەدەست هێناوە، کە دیارترینیان فەرماندەییکردنی «فیرقەی ١٠١»ـی
ئاسمانی بوو لە کاتی ئەو هێرشەی ڕژێمەکەی سەدام حوسێنی پێ ڕووخێنرا. هەروەها
ئەزموونەکانی دواتری وای لێ دەکات ئەمڕۆ بتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە دۆسیەی چەکی
گرووپەکاندا، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٤دا و لە نێوەندی هەڵکشانی توندوتیژیی تائیفی،
ئەرکی مەشقپێکردنی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی پێ سپێردرا و لە نزیکەوە لەگەڵ
سەرکردە سیاسییەکان مامەڵەی کردووە، کە هەندێکیان لەو سەردەمەدا سەرکردایەتیی
میلیشیاکانیان دەکرد، لە نێویاندا هادی عامری.
سەرچاوە
عێراقییەکان پێشبینی ئەوە دەکەن ئەو «پڕۆژە جێبەجێکارییەی» لیژنەکە کاری لەسەر
دەکات «ڕەنگە بیرۆکەی هیوابەخش بخاتە ڕوو بۆ قەناعەتپێکردنی ئەمریکییەکان بە
جیدیەتی حکومەتەکەی زەیدی لە داماڵینی چەکی گرووپەکان، بەڵام گومان لە جێبەجێکردنی
کردەیی پڕۆژەکە هەیە و ڕەنگە تەنیا پرۆسەیەک بێت بۆ کڕینی کات، تا ئەو رادەیەی
حکومەتەکەی زەیدی تێپەڕێنرێت و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا بکرێت.
ڕاوێژکارێکی
باڵای شیعە لەمبارەیەوە گوتویەتی: «خۆدزینەوە و فێڵکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی
چەکی گرووپەکاندا، بەوە کۆتایی دێت کە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار وەک گروپێکی سیاسیی
پاڵپشتیکاری تیرۆر هەژمار بکرێت، ئەمەش بۆ عێراق بە واتای چاوەڕوانکردنی سزای
ئابوریی توند دێت وەک دەوڵەتێکی یاخی.
زەیدی پێشتر
بەرنامەی حکومەتەکەی لە ١٤ خاڵدا پێشکەش کردبوو، کە لە پێشەنگیاندا «کۆکردنەوەی
چەک لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا» هەبوو، بەڵام بڕگەیەکی تێدا جێگیر
کردووە کە دەڵێت «پەرەپێدانی توانای جەنگیی (حەشدی شەعبی) و دیاریکردنی
بەرپرسیارێتی و ڕۆڵی لە ناو سیستەمی سەربازیدا. هەروەها بەرپرسێکی دیکەى عێراقی ئاماژەی بەوە
داوە : «واشنتۆن نایەوێت دەستى لەسەر بەغدا شل بکات، بۆ ئەوەى سەرکردە و ئەندامانی
گرووپە چەکدارەکان دزە نەکەنە ناو حکومەتی نوێوە.
چەک ڕادەست
ناکەین
لە بەرانبەر
ئەم توندییەی ئەمریکادا، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بەرەو گرتنەبەری هەڵوێستی توندتر
دەڕۆن؛ وتەبێژێک بە ناوی یەکێک لە گرووپەکانەوە ڕایگەیاندوە کە «کەتائیبی
حیزبوڵڵا»، «کەتائیبی سەیدولشوهەدا» و «بزووتنەوەی نوجەبا» ڕەتیدەکەنەوە
چەکەکانیان ڕادەستی هیچ لایەنێک بکەن و بەڵکو ئامادەن بۆ هەر باجێک کە بکەوێتە سەر
ئەم هەڵوێستەیان بۆ ڕەتکردنەوەی داماڵینی چەک.
بەگوێرەى هەندێ
لە سەرچاوەکان «گرووپە چەکدارەکان وا نابینن کە ناچار بن دەستبەرداری چەکەکانیان
ببن، بەڵکوو پێیان وایە دەرهاویشتە و سزاکانی ئەمریکا لەوە توندتر نابن کە لە
جەنگی ڕابردوودا ڕوویدا، لەوانەش کوشتنی کەسایەتییەکان یان وێرانکردنی ژێرخانەکان. ئەو وتەبێژەی گرووپەکان ڕوونیکردۆتەوە کە «جەنگ
نیشانی داین چۆن دەتوانین هێزی زیاتر بەدەست بهێنین.
لە ناو
«چوارچێوەی هەماهەنگی»دا پرسیار دەربارەی ئەوە دەکرێت، ئایا واشنتۆن دەیەوێت هەموو
میلیشیاکان لە دامەزراوە حکومییەکان داببڕێت، تەنانەت ئەو گرووپانەش کە دەستیان
کردووە بە گرتنەبەری گوتارێکی دوور لە چەک و کورسییان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە؟
ئەم کۆمەڵانە،
کە لە پێشەنگیاندا «عەسائیبی ئەهلی حەق» هەیە، بەدوای شێوازی جێگرەوەدا دەگەڕێن بۆ
بەشداریکردن لە حکومەتی نوێدا، ئەویش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ مۆدێلێک کە پێشتر لە
سەردەمی حکومەتەکەی مستەفا کازیمیدا پەنایان بۆ بردبوو؛ مۆدێلەکە لەسەر ئەوە
وەستاوە کە پشتگیری لە کاندیدکردنی کەسایەتییەک بکەن وەک "سەربەخۆ"
دەردەکەون بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان، لە کاتێکدا خۆیان هەژموونی
ناڕاستەوخۆیان بەسەر ئەو پۆستانەدا دەمێنێت.
سزاکانی
وەزارەتی گەنجینەى ئەمریکا لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، ئەو کەسایەتییانەی کردە ئامانج کە
تێوەگلاون لە قاچاخچێتی نەوت، تێیدا ناوی لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی ڕێبەری
«عەسائیبی ئەهلی حەق» هاتبوو؛ کەسێک کە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەنگۆی ئەوە هەبوو
جارێک بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و جارێکی تر بۆ وەزارەتێکی خزمەتگوزاری کاندید کرابێت. سزاکان عەلی مەعارز بەهادلی-شی
گرتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن :لایەنێکی سیاسی کاندیدکردنی ئەوی بۆ پۆستی
وەزیری نەوتی عێراق پێشکەش کردبوو.
سیاسەتمەدارانی
«چوارچێوەی هەماهەنگی» پێیان وایە ڕەنگە ئامانج لە سزاکان «خستنی ئەو کاندیدانە
بێت کە خوازراو نین و ئاراستەکردنی ڕێڕەوەکە بێت بەرەو کاندیدانی دیکە.
هەرچەندە
دانوستانەکانی داماڵینی چەک لە بنەڕەتدا وەک گفتوگۆ دەردەکەون بۆ دووبارە
جێگیرکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەک کە تووڕەیی ئەمریکییەکان نەورووژێنێت
ـ وەک بەرپرسێکی عێراقی وەسفی دەکات ـ بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە گۆڕانکاری
ڕوونادات.
بەرپرسە
عێراقیەکە پێى وایە: «حکومەتی نوێ گۆڕانکاریی لە پۆستە ئەمنییەکاندا بەخۆوە
دەبینێت کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی باڵادەستیی گرووپەکان بەسەر دامەزراوە
هەستیارەکاندا، لە نێویاندا دەزگای هەواڵگری کە ئەگەری زۆرە کەسایەتییەک لە
پێکهاتەی سوننە پۆستەکە وەربگرێت.
