شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لەعێراق دەکات‌و كه‌شوهه‌واى سلێمانیش سارد ده‌بێت

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی کەشناسی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشبینییەکانی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، گۆڕانکاریی لەپلەکانی گەرما ڕودەدات‌و ئەگەری بارانبارین لەهەندێک ناوچە لەئارادایە، ده‌شڵێت، "له‌دوو ڕۆژى داهاتودا سلێمانیش ساردترین ناوچه‌ى عێراق ده‌بێت".


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی عێراق، سبەینێ هەینی ئاسمانی ناوچەکانی باکورو ناوەڕاست ساماڵ‌و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لەناوچەکانی باشوری وڵات ئاسمان نیمچەهەورو هەوری تەواو دەبێت، پێشبینیدەکرێت لەو ناوچانە نمەبارانی کەم‌و مامناوەند ببارێت‌و لەهەندێک کاتدا هەورەبروسکەشی لەگەڵ بێت.

لەبارەی پلەکانی گەرماوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە، پلەکانی گەرما لەناوچەکانی ناوەڕاست‌و هه‌رێمى كوردستان کەمێک بەرزدەبنەوە، جێگەی سەرنجە کە پارێزگای سلێمانی بەتۆمارکردنی هه‌شت پلەی سیلیزی وەک نزمترین پلەی گەرمای (کەمینە) بۆ سبەی هەینی دیاریکراوە.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، ڕۆژى شەممە ئاسمانی وڵات لەشەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەورو پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری عێراق بەراورد بەڕۆژی پێشتر کەمێک بەرز دەبنەوە، یەکشەممەش ئاسمان ساماڵ‌و پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لەبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باشور خێرایی با چالاک دەبێت (تا 40 کیلۆمه‌تر لەکاتژمێرێکدا)و دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵێکی کەم.

له‌باره‌ى ڕۆژى دوشەممەش ده‌سته‌ى كه‌شناسى عێراق ده‌ڵێت، "ڕۆژى دوشه‌ممه‌ پله‌كانى گه‌رما بەرزده‌بێته‌وه‌ لەسەرتاسەری وڵات، به‌ڵام ئاسمان ده‌گۆڕێت بۆ نیمچەهەور لەکاتەکانی شەودا".