هێرشى درۆنى كرایه‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى جیاوازى هه‌رێم

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین پەرەسەندنی سەربازیدا، سوپای پاسدارانی ئێران بەدوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشیکردەسەر کەمپی (گردەچاڵ)ی تایبەت بەنیشتەجێبونی خێزانەکانی ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لەنزیک شاری هەولێر.


هێرشەکە لەکاتژمێرەکانی سەرەتای ئه‌مڕۆ بەیانی چوارشەممە ئەنجامدرا، کاتێک دوو درۆن دەوروبەری کەمپەکەیان کردە ئامانج، به‌گوێره‌ى بەیاننامەی فەرمی حدکا، هێرشەکان تەنها بارەگا سەربازییەکانیان نەپێکاوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ شوێنی نیشتەجێبونی خێزانە سڤیلەکان‌و ناوەندە تەندروستی‌و پەروەردەییەکانی کەمپەکەیان کردوەتە ئامانج.

ئەم هێرشەی سه‌ر هەولێر تەنها چەند کاتژمێرێک دوای هێرشێکی دیكه‌ى هاوشێوە هات بۆ سەر کەمپی (سورداش) لەسنوری پارێزگای سلێمانی کە خێزانە كورده‌كانى کۆمەڵەی تێدا نیشتەجێن.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، هێرشی سەر سورداش لەکاتژمێر (11:35)ی شەوی پێشتر ئەنجامدراوەو زیانی مادی لێکەوتوەتەوە.

حزبی دیموکرات ڕایگەیاندوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە، ئێران زیاتر لە 114 هێرشی موشەکی‌و درۆنی بۆ سەر بارەگاو کەمپەکانی ئەوان ئەنجامداوە، ئەمەش نیشانەی ستراتیژییەکی نوێی تارانە بۆ گوشارخستنەسەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەڕێگەی بەئامانجگرتنی خێزانەکانیان.

ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو ململانێیەکی گەورەتردایە لەنێوان ئێران، ئەمریکا‌و ئیسرائیلدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و بەغدا چەندینجار ئەم هێرشانەیان وەک بەزاندنی سەروەریی خاکی عێراق شەرمەزارکردوە، تاران بانگەشەی ئەوەدەکات کە ئەم کەمپانە بۆ مەبەستی سەربازیی‌و تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەی بەکاردەهێنرێن، بەڵام لایەنە کوردییەکان جەختدەکەنەوە کە ئەمانە شوێنی نیشتەجێبونی سڤیل‌و پەنابەرن.

بەپەلە