گۆنێن سێگێڤ لەوەزیری وزەوە بۆ سیخوڕی تاران.. چیرۆکی داڕمانێکی بێوێنە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەزیری وزەوە بۆ قاچاخچی مادەی هۆشبەرو لەوێشەوە بۆ سیخوڕی پلە یەکی ئێران، گۆنێن سێگێڤ مێژویەکی پڕ لەسەرکێشی‌و خیانەتی نوسییەوە، ئەو پیاوەی کە ڕۆژێک کلیلی ئاشتی‌و وزەی ئیسرائیلی لەدەستدابوو، بوو بەمەترسیدارترین درز لەدیواری ئەمنیی وڵاتەکەیداو ئێستاش لەپشت شیشه‌كانى زیندانەوە باجی ئەو یارییە مەترسیدارە دەدات کە لەگەڵ تاران دەستیپێکردبوو.


دەستپێکێکی درەوشاوەو خیانەتێکی مێژویی
گۆنێن سێگێڤ کە لەبنەڕەتدا پزیشکی منداڵان‌و ئەفسەرێکی پلەبڵندی سوپای ئیسرائیل بوە، لەتەمەنی 35 ساڵیدا وەک گەنجترین ئەندامی کنێست دەرکەوت، ئەو نەک تەنها وەزیر بوو، بەڵکو دەنگەکەی لەساڵی 1995دا کلیلی تێپەڕاندنی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ 2ش بوو، کە مێژوی ناوچەکەی گۆڕیی.

قۆناغی یەکەم.. لەپزیشکەوە بۆ قاچاخچی
دوای جێهێشتنی سیاسەت، سێگێڤ لەساڵی 2004دا بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ بەقاچاخبردنی 32 هەزار حەبی ئێکس-تاسی (Ecstasy) لەئەمستەردامەوە بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرا، سێگێڤ بەشێوەیەکی سەیر بەرگریی لەخۆی دەکردو دەیوت، "وامزانیوە شوکولاتەی M&M's-ن"، هەروەها پاسپۆرتە دیپلۆماسییەکەی بەپێنوس (قەڵەم جاف) دەستکاریکردبوو تا مێژوەکەی درێژبکاتەوە، بەو هۆیەوە پێنج ساڵ زیندانیکراو مۆڵەتی پزیشکییەکەی لێوەرگیرایەوە.

قۆناغی دوەم.. داوی هەواڵگریی ئێران لەنایجیریا
دوای ئازادبونی لەساڵی 2007، سێگێڤ ڕوی لەنایجیریا کردو وەک پزیشک دەستی بەکارکردن کردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی دەزگای شاباک، سێگێڤ لەساڵی 2012دا خۆی پەیوەندیی بەباڵیۆزخانەی ئێرانەوە لەنایجیریا کردوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشبکات.

ئه‌وه‌ش زانراوه‌، سێگێڤ دوجار بەپاسپۆرتی بیانی سەردانی ئێرانی کردوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگریی، ئەو زانیاریی لەسەر کەرتی وزە، پێگە ئەمنییە هەستیارەکان‌و ناسنامەی بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل بەئێران داوە، هاوكات هەوڵیداوە بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل بەئێرانییەکان بناسێنێت، بەو ناوەی کە ئەوان تەنها بازرگانن.

چارەنوسی ئێستاو دوایین پێشهات
سێگێڤ لەساڵی 2018 لەکاتی سەردانێکی بۆ وڵاتی گینیا دەستگیرکراو ڕادەستی ئیسرائیل کرایەوە، لەساڵی 2019دا بە 11 ساڵ زیندانی سزادرا.

به‌گوێره‌ى دوایین زانیارییەکان، لە 12ی شوباتی ئه‌مساڵدا، دادگای بێرشێبا داواکارییەکی سێگێڤی بۆ ئازادکردنی پێشوەخت (دوای تەواوکردنی دوو لەسەر سێی ماوەی سزاکەی) ڕەتکردەوە، ناوەندە ئەمنییەکان‌و دادگا پێیانوایە، سێگێڤ هێشتا مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی‌و کاره‌کانی خیانەتێکی گەورە بوە لەمتمانەی دەوڵەت.

کۆتایی پاڵەوانێکی وەهمی..
سێگێڤ لەدادگادا وتویه‌تى، "ویستومە ئێرانییەکان هەڵبخەڵەتێنم‌و وەک پاڵەوانێک بگەڕێمەوە بۆ ئیسرائیل"، بەڵام ئێستا ئەو لەزینداندایەو وەک یەکێک لەتاریکترین پەڵەکانی مێژوی سیاسی ئیسرائیل تەماشا دەکرێت، کەسێک کە هەموو شتێکی هەبوو، بەڵام هەموی لەپێناو پارەو تۆڵەدا دۆڕاند.