شارپرێس:
بڕیاروایه ڕۆژی پێنجشەممە 7ی ئهم مانگه، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی یەکێک لەدیارترین داپڵۆسێنەرانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەبەغدا بەڕێوەبچێت، عەجاج ئەحمەد تکریتی کە بە"جەلادەکەی ئەنفال" ناسراوە، دوای تێپەڕبونی نزیکەی چوار دەیە بەسەر تاوانەکانیدا، ڕوبەڕوی دادپەروەریی دەبێتەوە.
عەجاج ئەحمەد تکریتی لەساڵی 1962 لەپارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبوەو دەرچوی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەییە (خولی 1986)، ناوبراو لەکاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، بەرپرسی گرتوخانەی نوگرەسەلمان بوە لەبیابانەکانی سەماوە، کە تێیدا هەزاران هاوڵاتیی کوردی تێدا دەستبەسەرکرابوو.
دوای 37 ساڵ لەونبونی، تکریتی لە 31ی تەمموزی 2025 لەقەزای زوڵوعییە دەستگیرکرا، بهگوێرهى زانیارییەکان، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەداناوە کە بەئەنقەست هەلومەرجێکی سەختی ژیانی بۆ دەستبەسەرکراوە کوردەکان دروستکردوە؛ لەوانە پێدانی خواردنو ئاوی ناتەندروست بەمەبەستی خێراکردنی گیانلەدەستدانیان لەناو زینداندا.
دانیشتنەکە لەکاتژمێر (8:30)خولهكی بەیانی لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەناوچەی ڕەسافەی بەغدا بەڕێوەدەچێت، ئەم کەیسە بایەخێکی زۆری لای ڕای گشتییو بەتایبەت کەسوکاری ئەنفالکراوان هەیە، شارپرێس زانیاریى ئهوهى دهستكهوتوه، زیاتر لە200 گەواهیدەر کە ڕزگاربوی دەستی ئەو جەلادەن، لەدادگا ئامادەبن بۆ گێڕانەوەی ئەو مەینەتییانەی لەنوگرەسەلمان بەسەریانهاتوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، لەعەشیرەتی (ئەلبوناسر)و هۆزی (نزار)ە کە هەمان عەشیرەتی سەدام حوسێنی دیکتاتۆری پێشوی عێراقە، ئەم پەیوەندییە خێڵەکییە وای لێکردبوو ببێتە جێگەی متمانەی دەزگا ئەمنییەکانی بەعسو پلەی ڕائیدى لەهەواڵگریدا بەدەستبهێنێت، دوای ڕوخانی ڕژێم لەساڵی 2003، ناوبراو بۆ ماوەیەک لەکەرکوک نیشتەجێبوەو پاشان بەرەو سوریا هەڵاتوە، لەوێ لەناوچەی (جەرەمانا)ی دیمەشق ژیانی بەسەربردوە.
تەنانەت باس لەوەشدەکرێت، بۆ ماوەیەک بۆ شاردنەوەی ناسنامەکەی، خێزانەکەی پڕوپاگەندەی کۆچی دواییان بۆ کردوەو خۆشی پەنای بۆ نەشتەرگەریی جوانکاریی بردوە بۆ ئەوەی شێوەی دەموچاوی بگۆڕێتو لەچاوی هێزە ئەمنییەکانو شایەتحاڵەکان ون بێت.
دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، عەجاج تکریتی لەقەزای زوڵوعییە لەپارێزگای سەڵاحەدین بەناسنامەیەکی نادیارەوە ژیانی بەسەردەبردو سەرقاڵی کاری ئاژەڵداریی بوە، سەرەڕای ئەوەی ناوی لەلیستی داواکراوانی دادگای باڵای تاوانەکاندا هەبوو، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لەسێ دەیە دەرباز ببوو، سەرەنجام لە 31ی تەمموزی 2025، دوای پرۆسەیەکی هەواڵگریی ورد کە شەش مانگی خایاندو لەلایەن نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئهحمهد خانمی یەکەمی پێشوى عێراقو دەزگا ئەمنییەکانەوە سەرپەرشتیدەکرا، لەئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا دەستگیرکرا.
دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارە شەپۆلێکی خۆشحاڵی لەناو ڕزگاربوانی ئەنفالدا دروستکرد، بەتایبەت کە ئێستا زیاتر لە 300 سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمارکراوە.
