شارپرێس:
فەرماندەیی گشتیی یەکەکانی پاراستنی ژنان (یهپهژه) پەیامێکی توندو هۆشداریی
ئامێز ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی سوریا دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، بەبێ دانپێدانانی
فەرمی بەپێگەی سەربازیی یەکینهكانیانو چەسپاندنی مافەکانی ژنان لەدەستوردا، هەر
هەوڵێک بۆ سەقامگیرییو داهاتوی وڵات شکستی پێدەهێنرێت.
ڕوهلات عەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکەکانی پاراستنی ژنان (یهپهژه)،
لەنوێترین لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنگرەی ستار، جەختیکردوهتهوه، هەر گفتوگۆیەک لەسەر
دەستوری داهاتوی سوریا بکرێت، دەبێت بەندێکی ڕاشکاوو ڕون بۆ گرەنتیكردنى مافەکانی
ژنان لەخۆبگرێت.
عەفرین ڕایگەیاند، چەسپاندنی مافی ژنان لەدەستوردا تەنها داواکارییەکی ڕەگەزی
نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەرییو سەقامگیریی هەمیشەیی
لەسوریای داهاتودا.
ئهوهشى وتوه، "تەنها سیستمێک دەتوانێت ئاشتی بپارێزێت کە ڕێز لەتەواوی
پێکهاتە، نەتەوەو ئایینەکان بگرێت".
ئەو لێدوانەی ژنه فهرمانده سهربازییهكهى ڕۆژئاواى كوردستان تەواکەری
قسەکانی پێشویەتی کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکان ڕەهەندی
سیاسییو کۆمەڵایەتی هەیە.
ئاشکرایکردبوو، "دانپێدانان بەیەکینهکانی پاراستنی ژنان، یەکێکە لەو
بەندە سەرەکییانەی کە لەڕێککەوتنی 29ی کانوندا جێگیرکراوە، وەک بەشێک لەپڕۆسەی
دوبارە ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان لەقۆناغی ئێستادا.
لێدوانەکانی ڕوهلات عەفرین وەک پەیامێکی ڕونی هێزهكانى ژنان دەبینرێت بۆ
ناوخۆو دەرەوە، کە هیچ سازشێک لەسەر ناسنامەی سەربازیی یەکینهکانیانو مافە یاساییو
دەستورییەکانی ژنان ناکەن لەهەر نەخشەڕێگەیەکدا کە بۆ داهاتوی سوریا دابڕێژرێت.
وهكو روهلات عهفرین وتویهتى، "پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکان، تەنها ڕەهەندی
سەربازیی لەخۆناگرێت، بەڵکو پرۆسەیەکی فرەڕەهەندەو لایەنی سیاسییو کۆمەڵایەتیی
قووڵی هەیە، ئێستاش ئەم بابەتە لەژێر گفتوگۆو بەدواداچونی وردایە بۆ ئەوەی بزانرێت
چۆن دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
جهختیشیكردوهتهوه، "هیچ سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لەسوریا بەدینایەت،
مەگەر سیستمێکی سیاسی بێتە کایەوە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکان
بونیادنرابێتو مافە ڕەواکانی ژنانی تێدا پارێزراوبێت".
