شارپرێس:
سهرۆكى ئهمریكا لهبارهى ڕێكهوتن لهگهڵ ئێران هاتهدهنگو ڕایگهیاند، "پێشبینی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دهكرێت"، دهشڵێت، "گەمارۆکان توانای عەمبارکردنی نەوتی ئێرانیان پەکخستوە".
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیکرد، لەماوەی سێ هەفتەدا ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی لەگەڵ تاران واژۆ بکرێت، چونكه گوشارە ئابورییەکان بونەتە هۆی نەمانی توانای عەمبارکردنی نەوت لەلایەن ئێرانەوە.
ترهمپ لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕەنگە پێویستمان بەدوو یان سێ هەفتە هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ئەرکەی لەگەڵ ئێراندا هەمانه، کات هۆکارێکی گوشار نییە بۆ ئەمریکییەکان".
ئهوهشى وت، "ڕێککەوتنێکی دروست لەگەڵ ئێران واژۆدەکەین، ئێمە پێشتر لەڕوی سەربازییەوە سەرکەوتوین، دەستبەرداربون لەخەونە ئەتۆمییەکانو وەرگرتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی بەرز لەئێران، هێڵه سورهكاننو دهبێت ئێران بهڕونى ئهوه لهبهرچاو بگرێت".
سهرۆكى ئهمریكا ستایشی ئەو تیمەی کرد کە ئێستا سەرکردایەتی ئێران دەکەنو بەزۆر باشتر لەگروپی یەکەم وەسفیکردن، بەڵام وتی، "ئەوان لەمیدیاکاندا بەشێوەیەکی جیاواز لەوەی بەئێمەی دەڵێن، قسە دەکەن".
ترهمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کە موشەکە بالیستییەکانی ئێران خراپنو دەبێت سنورداربکرێن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە چەکی ئەتۆمییان نەبێت"، باسی لەوەشکرد، ئێرانییەکان ئێستا پێویستیان بەڕێککەوتنەو بەهۆی گەمارۆکانەوە شوێنی عەمبارکردنی نەوتیان نەماوە.
