شارپرێس:
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى وهزارهتى ناوخۆى سعودیە ئاشكرایكردوه، سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە بهبێ مۆڵەت حەج دەکەن، دهشڵێت، "سزا توندەکان بریتین لەدەرکردن لەوڵاتو قەدەغەکردنی چونە ناوەوە بۆ عەرەبستانی سعودیە بۆ ماوەی 10 ساڵ، ئەمەش بەمەبەستی زامنکردنی ڕێکخستنی وەرزی حەجو سەلامەتی بۆ حاجیان".
وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیە ڕایگەیاند، سزای دارایی کە دەگاتە 20 هەزار ڕیاڵ واته پێنج ههزارو 300 دۆلار بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنرێت کە خەریکی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بێت یان هەوڵی ئەنجامدانی بدات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، ئەمەش لەچوارچێوەی ڕێکارە ڕێکخستنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی وەرزی حەج.
وهزارهتى ناوخۆى سعودیه ئاماژهى بهوهشكردوه، ئەو سزایانە لەیەکی مانگی (زولقهعده)وە دەستپێدەکەن تاوەکو کۆتایی ڕۆژی 14ی مانگی (زولحجه)، هەروەها دەرکردنی ئەوکەسانەش دەگرێتەوە کە نیشتەجێنو سەرپێچییان کردوە، لەگەڵ قەدەغەکردنی چونە ناوەوەیان بۆ ناو سعودیە بۆ ماوەیەک کە دەگاتە 10 ساڵ.
وەزارەتهكه ئهوهشى وتوه، "ئەم ڕێکارانە لەچوارچێوەی پەرۆشییان دێت بۆ دابینکردنی ئاسایشو سەلامەتی حاجیانو ڕێکخستنی ژمارەیان بەشێوەیەک کە لەگەڵ توانای لەخۆگرتنی شوێنە پیرۆزەکاندا بگونجێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارییانەی پەیوەستن بەقەرەباڵغی زۆرەوە".
لایەنە پەیوەندیدارەکانى سعودیه داوایان لەهاوڵاتیانو نیشتەجێبوان کردوە پابەندی ڕێنماییەکان بنو هەر سەرپێچییەک لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنە دیاریکراوەکانەوە ڕابگەیەنن، ئاماژەیان بەوەشکردوە، هاوکاری کۆمەڵایەتی بەشدارە لەسەرکەوتنی وەرزی حەجو دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ میوانانی خودا.
ئەم هەنگاوانە لەچوارچێوەی سیاسەتێکی بەردەوامدان کە سعودیە پەیڕەوی دەکات بۆ ڕێکخستنی ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەکان لەڕێگەی سیستەمی مۆڵەتی پێشوەختەوە، بەئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانو بەدیهێنانی ئاسانكاریی لەهاتوچۆی حاجیاندا.
