شارپرێس:
لهڕۆژى جیهانى ئازادیى ڕۆژنامهگهریدا، یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد ڕایدهگهیهنێت، "بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسێک تەنها کوژاندنەوەی دەنگێک نییە، بەڵکو کوێرکردنی چاوی کۆمەڵگەیە"، لەنوێترین پەیامیدا یهكێتیهكه زەنگی مەترسی لێدەداتو داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو پێنوسە بێسەروشوێنانە دەکات کە بونە قوربانیی گواستنەوەی ڕاستییەکان.
3ی ئایار.. ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری
لەکاتێکدا جیهان ئاهەنگی ڕۆژی جیھانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەگێڕێت، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم یادە تەنها بۆنەیەک نییە بۆ پیرۆزبایی، بەڵکو ململانێیەکی ڕۆژانەیە بۆ مانەوە، یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد لەپهیامێكدا زەنگی مەترسی لێدەداتو ڕایدەگەیەنێت، "بێدەنگکردنی دەنگی ڕاستی، تەنها تیرۆرکردنی وشە نییە، بەڵکو کوشتنی مافی کۆمەڵگەیە بۆ ژیانێکی دیموکراسى".
جوگرافیای مەترسی.. سوریا، عێراق، تورکیاو ئێران
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو چوار وڵاتە بونەتە ناوچەی سور بۆ ڕۆژنامەنوسان، دهڵێن، لەوێدا، جیاوازی نێوان ڕاپۆرتێکی پیشەییو زیندانیکردن، تەنها یەک وشەیە، لهوبارهیهشهوه یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد جەختدەکاتەوە، ڕۆژنامەنوسانی ئەو چوار وڵاته، لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ڕفاندن، دەستگیرکردنی سەرەڕۆیانەو تەنانەت تیرۆرکردنی جەستەییدان.
یاسا وەک چەکێک دژی ڕاستيى
بهبڕواى یهكێتیهكه، یەکێک لەمەترسیدارترین خاڵەکان، قۆستنەوەی یاسا نائاساییەکانو یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکانە لەلایەن حکومەتەکانەوە، ئەم یاسایانە لەجیاتی ئەوەی پارێزگاری لەهاوڵاتیی بکەن، بونەتە چەکێک بۆ دەمکوتکردنی هەر دەنگێکی ڕەخنەگرو بەتاوان ناساندنی گواستنەوەی زانیارییەکان، بەتایبەت لەناوچە گەرمەکانی ململانێدا.
ئازادیی ڕۆژنامەگەری.. تەنها مافی ڕۆژنامەنوس نییە
وهكو یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد باسیدهكات، "کاریگەریی ئەم پێشێلکارییانە تەنها لەناو ژوری هەواڵەکاندا نامێنێتەوە، کاتێک ڕۆژنامەنوسێک بێدەنگدەکرێت، شەفافیەتو لێپرسینەوە دەمرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گەندەڵی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤو لاوازبونی توانای کۆمەڵگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەکان، ههربۆیه بەرگریکردن لەڕۆژنامەنوس، بەرگریکردنە لەمرۆڤایەتی".
داواکارییەکان.. لێپرسینەوە نەک بێدەنگی
ههر لهپهیامهكهى یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد-دا ئاماژه بهپاراستنى ڕۆژنامهنوسان كراوهو جهختدهكاتهوه، دەبێت کۆتایی بەبە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ڕۆژنامەنوسان بهێنرێت، ههروهها ئاشکراکردنی چارەنوسیش كراوهو دهڵێن، "پێویستە چارەنوسی هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بێسەروشوێنکراون یان ڕفێنراون ئاشکرابکرێتو سەربەخۆیی میدیا-ش بابهتێكى گرنگه، پێویسته میدیا لەژێر چنگی هەژمونی سیاسییو دەسەڵات بهێندرێته دهرهوه".
لەکۆتاییدا یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد نوسیویهتى، "ڕۆژنامەنوسان لەسوریاو ناوچەکە بهگشتیى، بەپێنوسەکانیان بەربەستی ترس دەشکێنن، ئهم پهیامهش وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ هەموان کە حەقیقەت ڕەنگە زیندانی بکرێت، بەڵام هەرگیز ناکوژرێت".
3ی ئایار وهك ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، مێژوهكهى دهگهڕێتهوه بۆ مانگی کانونی یەکەمی ساڵى 1993 لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، دەستنیشانکردنی ئەم ڕۆژەش لەسەر پێشنیازێکی کۆنفرانسی گشتیی یونسکۆ بوو لەساڵی 1991.
