بەریتانیا کەمپەینی "ئامادە بن"رادەگەیەنێت: 1000 ڕۆژمان بۆ جەنگ ماوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 585 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بەریتانیا، هۆشداریی داوە کە کاتی بەردەمیان بۆ دڵنیابوون لە ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ هەر جەنگێکی داهاتوو کەم دەبێتەوە، هەروەک ئاماژەی بەوە کردووە کە دوژمنەکانی بەریتانیا لەوانەیە تا ساڵی 2030 توانای هێرشکردنیان پەیدا کردبێت.

ئەم هۆشدارییە نیگەرانییەکانی لەندەن لەبارەی هەڕەشەی ڕوسیاوە دەردەخات، بە تایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانانی ناتۆ، بەڵام ئەم ئاگادارکردنەوەیە بەو مانایە نییە کە ڕوسیا بڕیاری هێرشکردنی داوە یان جەنگ حەتمییە.

ئامانجی ڕاگەیەندراوی بەریتانیا بەهێزکردنی توانای سەربازییە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێشگریی و سڵەماندنەوەوە ڕێگە لە هێرش بگرێت و ئەگەر ئەم ڕێگایە سەرنەکەوێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئامادەی جەنگ بێت.

مەترسییەکان تەنیا بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ سنووردار نین، بەڵکو هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کردارەکانی تێکدانی ژێرخانی گرنگیش دەگرنەوە؛ لەوانە کێبڵە ژێردەریاییەکان، تۆڕەکانی وزە و پەیوەندییەکان، کە دەتوانن بانکەکان، دابینکردنی پێداویستییەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان تێکبدەن.

لەبەر ئەوە، حکومەتی بەریتانیا کەمپەینی "ئامادە بن"ی دەستپێکردووە و داوای لە خێزانەکان کردووە خواردن، ئاو، بەتانی و ڕادیۆ بە قەدەر پێویستیی سێ ڕۆژ هەڵبگرن، بۆ ئەوەی ئەگەر فرۆشگاکان یان پارەدانی ئەلیکترۆنی بوەستن، بتوانن کاروباری خۆیان بەڕێوەببەن.

لە نێوان ئامادەکردنی هاووڵاتییان بۆ بارودۆخی فریاکەوتن و مشتومڕ لەبارەی بودجەی سوپا، لەندەن ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک دەبێتەوە کە پاراستنی دانیشتووان و بەهێزکردنی بەرگریی وڵاتەکەی پێکەوە دەگرێتەوە. 

بەریتانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگە، نەک نیشانەی حەتمیبوونی یان نزیکبوونەوەی ڕوودانی.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی