كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌ئه‌مریكا فڕۆکە حکومییەکە لەسه‌رۆكى ئیسرائیل ده‌سه‌نێته‌وه‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بارەگای سەرۆکایەتی ئیسرائیل ئاشكرایده‌كات، ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل ناتوانێت فڕۆکە حکومییەکەى وڵاته‌كه‌ى بەکاربهێنێت به‌مه‌به‌ستى گەشتێک بۆ پەنەما، بەهۆی گەشتێکی ئەگەری ناتانیاهۆ بۆ واشنتۆن، میدیاى ئیسرائیل-یش ده‌ڵێت، "ئەگەری هەیە، هەفتەی داهاتوو کۆشکی سپی بانگهێشتی ناتانیاهۆ بکات بۆ کۆبونەوەیەکی لوتکە لەگەڵ جۆزیف عەون سەرۆکى لوبنان".


بارەگای سەرۆکی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە، پێشبینیدەکرێت سەرۆکی ئیسرائیل لەچەند ڕۆژی داهاتودا بۆ گەشتەکەی بۆ ئەمریکای لاتین، فڕۆکەیەکی كرێ بەکاربهێنێت نەک فڕۆکەی (باڵی سه‌هیون ـ واته‌ فڕۆكه‌ حكومیه‌كه‌ى ئیسرائیل)، ئەمەش دوای ئەوەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فڕۆکەکەی (حجز) کردوە.

ئەمەش له‌كاتێكدایه‌، گای عەزریێل ڕۆژنامه‌نوسى دیارى ئیسرائیلى له‌هه‌واڵێكدا ئاشكرایكردوه‌، ئەگەری هەیە بانگهێشتنامەیەک لەکۆشکی سپییەوە بۆ کۆبونەوەیەکی لوتکە لەنێوان ناتانیاهۆو عەون-ی هاوتا لوبنانییەکەی لەواشنتۆن بگات".

نوسینگەی هێرزۆگ ڕونیکردوه‌ته‌وه‌، "بڕیاری گەشتنەکردن بەفڕۆکەی باڵی سه‌هیون دوای وەڵامی نوسینگەی سەرۆک وەزیران هات، کە ڕایانگەیاندبوو فڕۆکەکە گەشتێکی ئەگەری پلانی بۆ بۆ داڕێژراوە کە ڕەنگە هاوکات بێت لەگەڵ گەشتەکەی سەرۆکی ئیسرائیل".

(حجزکردنی) فڕۆکە حکومییەکە هاوتایە لەگەڵ خواستی کۆشکی سپی بۆ بانگهێشتکردنی ناتانیاهۆ بۆ واشنتۆن، ئیدارەی ئەمریکا خۆی ئامادەدەکات بۆ سازکردنی لوتکەیەکی مێژویی لەنێوان ناتانیاهۆو جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان کە ڕەنگە ڕۆژى 11ى ئه‌م مانگه‌ لەکۆشکی سپی بەڕێوەبچێت. 

دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌باره‌ى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ وتویه‌تى، گەشبینه‌ بەرامبەر بەو دیدارە کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتە.

لەکاتێکدا لەئیسرائیل چاوەڕێی بانگهێشتنامە فەرمییەکە دەکەن کە ڕێگە بۆ گەشتەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆشدەکات، هێرزۆگ-ى سه‌رۆكى ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بەگەشتێکی فەرمی‌و بەفڕۆکەیەکی كێ بەرەو ئەمریکای ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت، گەشتەکە وێستگەی یەکەمى بۆ لاى خۆسێ ڕائول مۆلینۆ سه‌رۆكى پەنەما ده‌بێت‌و لەوێشەوە سه‌رۆكى ئیسرائیل بەرەو کۆستاریکا دەچێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئیسرائیل لەمەراسیمی دەستبەکاربونی لۆرا فێرناندێز دیلگادۆ سەرۆکی هەڵبژێردراو.

ئەو سەردانە سیاسییە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ پەنەماو کۆستاریکا کە بەدۆستی نزیک‌و پاڵپشتیکاری دیاری ئیسرائیل دادەنرێن، دیداری سەرۆکی پەنەما بەردەوامی ئەو لێکتێگەیشتنانەیە کە لەنێوان سەرکردەکان لەکۆڕبەندی ئابوری داڤۆسدا پێیگەیشتبون کە تێیدا ڕێککەوتن لەسەر قوڵکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان‌و هاوکاری هاوبەش، جگە لەدیدارە سیاسییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە، پێشبینیدەکرێت سه‌رۆكى ئیسرائیل لەگەڵ ڕەوەندی جولەکەی ناوخۆیی کۆببێتەوە.