شارپرێس:
په‌رله‌مانى عێراق لەهەوڵێکی چڕدایە بۆ نوێکردنەوەی ژێرخانی یاسایی‌و بەهێزکردنی تواناکانی پەرلەمانتاران، لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارە لەدانیشتنی داهاتودا چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ بخرێنە بەرباس کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان‌و ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان دەبێت.
گرنگترین پڕۆژەیاساکانی سەر مێزی گفتوگۆ له‌په‌رله‌مان بریتین له:
یاسای هاتوچۆ: هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2019 بەمەبەستی پڕکردنەوەی کەلێنەکان‌و توندکردنەوەی سزا بۆ سەرپێچییە مەترسیدارەکان، تا سەلامەتی هاتوچۆو ڕێکخستنی شەقامەکان باشتربکرێت، ئه‌م یاسایه له‌ساڵى 2004 كه پۆڵ بریمه‌ر ده‌ریكردو به‌یاساى (86ى ساڵى 2004ى تایبه‌ت به‌هاتوچۆ) ناسرا له‌عێراق، تائێستا دوجار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراق هه‌مواركراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌كوردستان هه‌ر كار به‌یاسا كۆنه‌كه ده‌كرێت.
پاراستنی خۆبەخشان: خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای پاراستنی "فریاگوزارو ڕزگارکەری خۆبەخش"و پاراستنی کۆمەڵگە لەزیانەکانی "توتن".
کایەی زانستی: پرۆژەیاسای کۆمەڵە زانستییەکان وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتی ناوەندە زانستیی‌و ئەکادیمییەکان.
هاوتەریب لەگەڵ کارە یاساییەکان، پەیمانگه‌ی پەرەپێدانی پەرلەمانی بەردەوامە لەئەنجامدانی خولی تایبەت بۆ پەرلەمانتاران‌و فەرمانبەرانی ئەمانەی گشتیی‌و ئامانجیش لێى بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی پەرلەمانتارە نوێیەکان کە تائێستا 218 پەرلەمانتار لەخولی پێنجەمدا مەشق‌و ڕاهێنانیان پێکراوە، شارەزابون لەوردەکارییەکانی دەستور، چاودێری دارایی، بودجەو شێوازەکانی دەرکەوتنی میدیایی، تائێستا زیاتر لەدوو هه‌زارو 100 فەرمانبەر ڕاهێنانیان لەسەر ئەرکە کارگێڕیی‌و یاساییەکان پێکراوە بۆ ئەوەی دامەزراوەی پەرلەمان بەشێوەیەکی پیشەییانەتر کارەکانی ڕاپەڕێنێت.
چاودێران‌و شاره‌زایانى یاسایی پێیانوایه، ئەم جوڵە نوێیەی پەرلەمان نیشاندەری ئەوەیە کە تەنها یاسادانان بەس نییە، بەڵکو پێویستە جێبەجێکارانی یاساکەش خاوەن توانا‌و کارامەیی سەردەمیانەبن.
