شارپرێس:
بۆ کۆتاییهێنان بەپەرتەوازەیی سەربازیی لەسوریا، سیپان حەمۆ (سەمیر ئۆسۆ) یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ کاروباری ناوچەی خۆرهەڵات، نەخشەڕێگهیەکی نوێی بۆ یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیاند، حەمۆ تەئکیدیکردەوە، پڕۆسەی دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدا دەستیپێکردوەو تائێستا چوار لیوای سەربازیی پێکهێنراون.
حەمۆ لهدیدارێكدا لهگهڵ ئاژانسى هاوار، دهڵێت، "کارکردن بۆ داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆیی بۆ سوپایەکی یەکگرتوو لەتەواوبوندایە کە ئامانج لێی بنبڕکردنی دیاردەی گروپى چهكدارییه لهدهرهوهى دامهزراوهى حكومهتو دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی نیزامییە، قۆناغی داهاتوو جەخت لەسەر تەواوکردنی پەیکەری سوپا، یەکخستنی شوێنی بڵاوبونەوەی هێزەکانو کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان دەکاتەوە".
سەبارەت بەدەنگۆکانی لیوای کوردی لە عەفرین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بەشێکە لەدەسپێشخەرییەکی گشتگیر بۆ گەڕانەوەی شەڕڤانان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەژێر چەتری دەوڵەتدا.
جەختیکردەوە، دۆسێ هەستیارەکانی وەک (شەهیدان، دەستگیرکراوانو گەڕانەوەی ئاوارەکان) بۆ ناوچەکانی عەفرین، سەرێکانیو گرێ سپی، لەکارە لەپێشینەکانی وەزارەتدایە.
دهقى دیدارهكه:
ـ سەرەتا، مەبەست لەزاراوەی ناوچەی ڕۆژهەڵات بهگوێرهى ئەو پێکهاتە سەربازییەی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سوریاوە پەسەندکراوە چییەو سنورە جوگرافیو سەربازییەکانی لەچوارچێوەی دابەشکارییە فەرمییەکاندا چین؟
حهمۆ: دوای 29ی مانگی کانونی دوەم، دەستمان کرد بەکارکردن لەسەر بابەتی تێکەڵکردن، لەم چوارچێوەیەشدا تێکەڵکردنەکە بەسەر چەند قۆناغو بەشێکدا ئەنجامدرا، هەروەها ئەرکی یاریدەدەری وەزیری بەرگریم لەناوچەی ڕۆژهەڵات لەناو وەزارەتدا گرتە ئەستۆ.
لەوەزارەتدا دابەشکارییەکان لەسەر بنەمای ناوچەکاننو پێنج ناوچە دەگرێتەوە کە بریتین له(باکور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باشورو ناوەڕاست)، فەرماندەیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتیش سێ پارێزگا لەخۆدەگرێت کە ئەوانیش: ڕەققە، دێرەزورو حەسەکەن.
ئێستا وەک فەرماندەیی ئەم ناوچەیە کاردەکەین بۆ تەواوکردنی چەسپاندنی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، لەگەڵ بابەتەکانی دوبارە جێگیرکردنەوەو بڵاوکردنەوەی هێزەکان لەسەرتاسەری ئەو جوگرافیایەی کە ئاماژەم پێدا، هەروەها یەکخستنی هەماهەنگیو جێبەجێکردنی یەکخستنی هەموان لەژێر یەک فەرماندەییدا لەچوارچێوەی ناوچەکەدا.
ـ پرۆسەی بڵاوەپێکردنی سەربازیی ئەو هێزانەی سەر بەوەزارەتی بەرگریی لەچوارچێوەی ئەم ناوچەیەدا چۆن دەبێت؟ ئایا پلانێکی کاتی ڕونو قۆناغی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردن هەیە؟
حهمۆ: ئێمە ئێستا لەقۆناغی بونیادنانی سوپای سوریادایین، هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندییان بەسوپاوە کردوە، لەگەڵ دەیان پێکهاتەی سەربازیی دیکە، بەڵام پرسی هەماهەنگیو گونجان هێشتا ماوەو هێشتا نەگەیشتوینەتە جەستەیەکی سەربازیی تەواوو یەکگرتوو، بۆیە، پێویستمان بەپەیڕەوێکی ناوخۆیی گشتگیر هەیە کە دیسپلینی گشتی گەرەنتی بکاتو هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گەیشتن بەفۆڕمێکی تایبەت بەدامەزراوەی سەربازیی لەوڵاتدا.
بابەتەکانی دوبارە جێگیرکردنەوە بەشێکی زۆر لەکارەکانمان دەگرێتەوە، ئەوەش پەیوەستە بەبابەتی پەیڕەوی ناوخۆوە کە کار لەسەر ڕێکخستنی کۆی بڵاوەپێکردنەکان دەکاتو دەسەڵاتەکانی هەر فیرقە یان لیوایەک دیاریدەکات، بەڵام ئاراستەیەک هەیە بۆ پەلەکردن لەچارەسەرکردنی هەموو گرێکوێرە هەڵپەسێردراوەکان بۆ گەیشتن بەو شێوازە ڕێکخراوەییەی مەبەستە، ئەویش لەڕێگەی بەستنەوەی فەرماندەیی ناوچەکان بەفەرماندەیی گشتی ئەرکانی سوپای سوریا لەوەزارەتی بەرگریدا، بۆیە تائێستا فیرقەکان یان لیواکان یان ناونیشانەکانی دیکەو ئەرکی ئەو پێکهاتانە دیارینەکراون، بەدڵنیاییەوە بهگوێرهى پێویستی دەبنە تەواوکەری سوپا.
ـ ڕێڕەوی تێکەڵکردنی سەربازیی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتو وەزارەتی بەرگریی سوریا لەدوای ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم گەیشتوەتە کوێ؟ دیارترین ئەو هەنگاوانە چین کە تائێستا لەسەر زەوی جێبەجێکراون؟
حهمۆ: لەڕاستیدا وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات بهگوێرهى ڕێککەوتنهكه، چوار لیوا پێکهێنرانو بەشێوەیەکی فەرمی لەناو پێکهاتەکەدا تێکەڵکران، ئێمە هەمیشە زۆر باسمان لەوەکردوە کە ژمارەی هێزەکان لەوە زۆر زیاترە، بەڵام تائێستا چوار لیوا بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە بەفەرمی پەیوەستبون؛ لیوایەک لەکۆبانێو سێ لیوای دیکەش لەحەسەکە، قامیشلۆو دێریک.
لەڕوی ڕێکخراوەییو فەرمییەوە تێکەڵبونەکە ئەنجامدراوەو ئێستا کار لەسەر لایەنە پراکتیکییەکە دەکرێت، هەروەها هەنگاوی کردەیی لەئارادان لەوانە: خولی مەشقو ڕاهێنان لەناو ئەکادیمیایە سەربازییەکانی سەر بەسوپا، دیدارو کۆبونەوەی مەیدانیی لەنێوان فەرماندەکانو پسپۆڕانی بوارە جیاوازە سەربازییەکانو ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمونەکان.
ڕاستییەک هەیە کە ژمارەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەو لیوایانەی پێکهێنراون زیاترەو هەموان ئەوە دەزانن، ئێستاش گفتوگۆو لێکۆڵینەوە دەکرێت لەسەر چۆنیەتی جوڵانەوە بۆ جێکردنەوەی ئەم ژمارانە، چ لەڕێگەی کەتیبە یان پاشکۆی لیوا پێکهێنراوەکان، یان لیوای زیادە یان فەوج، بۆ ئەوەی لەناو سوپای سوریادابن، بەڵام بهگوێرهى ئەوەی لەڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمدا هاتوە سەبارەت بەپێکهێنانی چوار لیوا، تێکەڵبونی ئەو چوار لیوایە تەواوبوەو ئەو قۆناغە تێپەڕێنراوە، ئێمەش لەسەروبەندی جێبەجێکردنیداین لەسەر ئەرزى واقیع.
ـ چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی دیكهى ناو ههسهده دەکرێت، بەتایبەت پێکهاتە تایبەتەکانی وەک ئەنجومەنی سەربازیی مهنبهجو لیوای باکوری دیموکرات؛ ئایا وەک یەکەی سەربەخۆ تێکەڵدەکرێن، یان هەڵدەوەشێنرێنەوەو ئەندامەکانیان دابەشدەکرێنەوە، یان بەشێکیان خانەنشیندەکرێنو ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن؟
حهمۆ: وەک زانراوە، ههسهده پڕۆژەیەکەو لەچەندین پێکهاتەی سەربازیی لەسەرتاسەری سوریا پێکهاتوە، لەڕوی کردەییشەوە بڕبڕەی پشتی بریتیبوو لەیەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی شەڕی دژی داعش، پەیوەستبونی ئەو پێکهاتە سەربازییانەی لەناو شۆڕشی سوریادا دروست ببون بۆ ناو ڕیزەکانی ههسهده زیادیکرد، بەتایبەتی لەگەڵ دروستبونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش.
لەگەڵ دەستپێکردنی جوڵە دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانان، ههسهده چوە قۆناغێکی نوێوەو دەستیکرد بەجوڵە لەگەڵ هاوپەیمانان دژی داعش لەسوریا. تێکەڵبونەکە بەو چوار لیوایە دەستیپێکرد، پێکهاتە سەربازییەکانی دیكهش خاوەن ئیرادەی خۆیاننو مافی هەڵبژاردنیان هەیە، ههسهده هەمیشە ئاراستەی وابوە کە دان بەئیرادەی ئەو پێکهاتانەدا بنێت کە لەڕیزەکانیدایە، لەڕوی ڕێکخراوەییەوە بڕیارەکان بۆ ئەو هێزانە دەهێڵرانەوە کە لەو ناوچانەدا دروست ببون، ئەم پێکهاتانەش ناسنامەیەکی ڕونیان لەناو هەسەدەدا هەبوو، بەئیرادەی خۆیان هاتنە ناو ڕیزەکانی هەسەدەو ئێستاش هەر خۆیان خاوەن بڕیارن لەقۆناغی تێکەڵبوندا، بڕیاری خۆیانە کە تێکەڵ دەبن یان نا، یان بەشێوازێکی جیاواز درێژە بەخەبات دەدەن، چ لەڕوی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان غەیری ئەوانە، یان تێکەڵبون لەگەڵ ئەو پێکهاتە سەربازییانەی سەر بەوەزارەتن؛ ئەم بڕیارە بێگومان بۆ خودی ئەو پێکهاتانە دەگەڕێتەوە.
وەزارەت مامەڵە لەگەڵ کۆی پرسە سەربازییەکانو هەموو ئەو گروپو پێکهاتە سەربازییانە دەکات کە لەسوریادا هەنو وەک یەک پاکێج گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئامانجی وەزارەتیش ئەوەیە سوپایەکی یەکگرتوو هەبێت بهگوێرهى پێکهاتەیەکی گشتگیرو پەیڕەوێکی ناوخۆیی کە دوربێت لەگروپگەری یان گروپى چهكداریى لهدهرهوهى دهوڵهت، هیچ پێکهاتەیەکیش لەدەرەوەی چوارچێوەی سوپادا نامێنێت.
بێگومان دەرگای تێکەڵبون لەبەردەم هەمواندا واڵایە، بەو مەرجەی پابەندبن بەپەیڕەوی ناوخۆی سوپاوە، هەرلایەنێکیش هەوڵی تێکەڵبون بدات، چەند پێوەرو بنەمایەکی سەرەکی هەن بۆ وەرگرتن کە دەبێت تێیدابێت، لەوانە: ئامادەیی، ئەزمون، بونی مەیدانی ناسراوو هی دیكهش، کاتێکیش ئەو مەرجانە هاتنەدی، هەرلایەنێک دەکرێت بۆ تێکەڵبون وەربگیرێت.
بێگومان ئەمە تەنها ئەو پێکهاتە سەربازییە جیاوازانە ناگرێتەوە کە لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدابون لەناوچەکانی دیكهوه، بەڵکو هەموو پێکهاتە سەربازییەکان لەسەر خاکی سوریا دەگرێتەوە، زۆر پێکهاتە هەن کە ڕەنگە بەردەوامبن، یان ڕەنگە دەستبەرداری جوڵەی سەربازی ببنو بچنە قۆناغێکی نوێوە لەسوریا دوای ئەوەی شۆڕشەکە دەستکەوتەکانی لێکەوتەوە، بۆ نمونە ڕەنگە کارکردنەکە سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێتو بەشداریی بکەن لەبونیادنانەوەی سوریا بەڕێگەی جیاواز.
ـ قسەوباس هەیە دەربارەی پێکهێنانی لیوایەکی کوردی لەناوچەی عەفرین، ڕاستی ئەم پێشنیازە چییە؟ ئایا هەنگاوی کردەیی لەم ئاراستەیەدا لەناو وەزارەتی بەرگریی یان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان نراوە؟
حهمۆ: لەڕاستیدا، ئەو ڕێککەوتنەی لە29ی کانونی دوەم واژۆکرا، دەقی لەسەر چوار لیوا کردبوو کە ناوچەکانیان ناسراونو بریتین لەکۆبانێو جەزیرە، لەخەباتی شۆڕشگێڕانەی گەنجانی کوڕو کچی عەفریندا دەورێکی گەورەو سەرەکی هەبوە، بۆ ئەوەی ڕەنجی ئەم خەباتە بەفیڕۆ نەچێتو وەک وەفایەک بۆ تێکۆشانیان، من شەخسی کارم لەسەر دەسپێشخەرییەک کرد، بەڵام بەداخەوە زۆر لایەن هەوڵدەدەن ڕاستییەکان پێچەوانە بکەنەوەو بەلاڕێیدا ببەن، بەجۆرێک زانیارییەکان دزە پێدەکەنو بەجۆرێک لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە لەچوارچێوە سەرەکییەکەی دەریدەکەن، ئەمەش هەستیارییەکی گەورە دروستدەکاتو دەبێتە هۆی تێگەیشتنی هەڵە.
وەک دەزانن خەڵکی عەفرین دەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، زۆربەی ئەوکەسانەی دەگەڕێنەوە منداڵەکانیان شەڕڤان بون لەڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتو خاوەن مێژویەکی خەباتی گەورەنو دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەو دەسپێشخەرییەی خراوەتەڕوو لەو چوارچێوەیەدایە کە ئەوانیش دەیانەوێت بگەڕێنەوەسەر زێدی خۆیان، ئەمەش مافێکی سروشتی خۆیانە چ بۆ بەردەوامبون لەخەباتی سەربازییان لەناو ئەو پێکهاتە سەربازییانەی لەعەفرینو دەوروبەریدا هەن، یان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتییان، ئەمەش کارێکی ئاساییەو لەناو وەزارەتیشدا پێشوازیی لێکراوە.
بەڵام لەلایەن هەندێک لایەنەوە وا وێناکراوهو پڕوپاگەندەی بۆکرا کە گوایە کار لەسەر شتێک دەکرێت جیاوازبێت لەوەی لەڕێککەوتنی کۆتاییدا هاتوە یان دژبێت بەڕێککەوتنەکە، دەمەوێت دوبارەی بکەمەوە کە پێشنیازەکە پێشوازیی لێکرا، پێشتریش پڕوپاگەندە بۆ هەندێک دەنگۆکراو زانیارییەکان بەلاڕێدا بران کە بوە هۆی لێکەوتەی نەرێنیو دروستبونی هەستیارییەکی گەورەو دڵتەنگی لای زۆرێک لەلایەنەکان.
ئەمڕۆ لەڕێگەی مینبەرەکەی ئێوەوە، دەمانەوێت جەختبکەینەوە کە دەوڵەتی سوریا سورە لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، لەنێوانیشیاندا خەڵکی عەفرین، ئێوەش خۆتان بینیتان کە چەندین گەشتی گەڕانەوە ئەنجامدراون، ئێمە لەوەزارەتی بەرگریی بەڕاشکاوی دەڵێین؛ زۆرێک لەخەڵکی عەفرین لەناو ڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا جەنگاونو دژی داعشو غەیری داعش تێکۆشاون، ئەمانە مافی خۆیانە بگەڕێنەوەسەر زێدی خۆیانو دەتوانن بچنە ناو پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بەسوپای سوریا لەناو جوگرافیای عەفریندا، یان لەچوارچێوەی سەربازیی ئەو ناوچانەدا کاربکەن، یان بەردەوامنەبن لەکاری سەربازیی، ئەمە ئاراستەی ئێستای وەزارەتە، بەڵام بەداخی زۆرەوە، ئەم بابەتە لەدەرەوەی چوارچێوەکەی خۆییو بەشێوەیەکی نادروست باسدەکرێت، ئەمەش وای لێدەکات ناوەڕۆکەکەی ونبکات پێشئەوەی بەتەواوی ڕون بێتەوە.
ـ هێشتا ناوچەکانی وەک عەفرین، سەرێکانیو گرێ سپی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گروپانەدان کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، سەرەڕای هەبونی قسەوباس لەسەر لێکتێگەیشتنی سیاسییو سەربازییو تێکەڵبونیان لەناو سوپادا، بەڵام ڕێنماییە سەربازییەکان ڕەتدەکەنەوەو هەوڵی نانەوەی شەڕ دەدەن، ئێوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ئێستای ئەم ناوچانەو ئەم پێکهاتانە دەکەن؟
حهمۆ: بێگومان، هێشتا هەندێک کێشە لەم بوارەدا ماون، لەسەرەتادا ئاماژەم بەوەکرد کە هەموان لەچوارچێوەی پڕۆسەی تێکەڵبوندان، بەڵام هەماهەنگیو گونجانی تەواو لەنێوان لایەنە جیاوازەکان لەناو سوپای سوریادا هێشتا بەدینەهاتوە، لەگەڵ تەواوکردنی ئامادەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی سوپا کە پێویستە بەخێرایی ئەنجامبدرێت، لەگەڵ میکانیزمە ڕێکخراوەییەکانیدا، پێشبینیدەکرێت ئەم کێشانە چارەسەربکرێنو هەماهەنگییەکی زیاتر بێتە کایەوە، هەروەها جیاوازییەکان لەجوگرافیای سوریادا نەهێڵرێن، بۆ ئەوەی هەموان لەچوارچێوەی سوریایەکی گشتگیردا کاربکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەندێک کێشە ماونو کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکرێت.
لەناوچە کوردییەکاندا، چ لەسەرێکانی یان عەفرینو شوێنەکانی دیكهش، دانیشتوانەکەی بەهۆی ئاوارەبونەوە ڕوبەڕوی ناپاکیو ستەم بونەتەوە، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، هاوڵاتیانی دیكهى سوری هەن کە لەناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا توشی ستەم بون، کەواتە، چارەسەرکردنی مەینەتییەکانی گەلی کوردو ئەو ناوچانە بەشێکە لەدیدێکی گشتگیرو پێویستە دەوڵەت وەک یەک دۆسیەی تەواوکار مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات.
بەگشتیی سورییەکان ڕوبەڕوی ستەم بونەتەوە، نەبونی هەماهەنگی تەواویش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی متمانە، بۆیە پێویستییەکی زۆر بەبونیادنانی متمانەی دولایەنە هەیە، کارکردنیش لەسەر ئەمە لەڕێگەی تێکەڵبون لەناو سوپایەکی یەکگرتودا ئەنجامدەدرێت، هەرلایەنێک پابەندنەبێت بەم ڕێڕەوە یان لابداتو ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەوڵەت هەڵوێستێکی جددی بەرامبەری دەبێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش، یاساو ڕێسای یەکگرتوو بۆ سوپا پەیڕەودەکرێتو دەبێت هەموان پابەندی بنو جێبەجێی بکەن.
ـ بارودۆخی ئەو بنکە ئەمریکییانە چۆنە کە بەمدواییانە هێزەکانی ئەمریکا لێیان کشایەوە؟ ئێستا کێ ئەو بۆشاییە لەسەر زەوی پڕدەکاتەوەو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو شوێنانەدا دەکرێت؟
حهمۆ: من شەخسی، لەماوەی قۆناغی هەسەدەدا، لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بوینو پەیوەندی بەردەواممان هەبوو، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی ئەو قۆناغە، پەیوەندییەکان لەڕێگەی حکومەتو لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدان، لەم چوارچێوەیەشدا شوێنو بنکەکان ڕادەستی سوپا دەکرێن، جێی ئاماژەیە کە ژمارەیەک لەو بنکانە لەسەر زەویو موڵکو ماڵی گەل دروستکراونو دەگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان، لەکاتێکدا ئەو شوێنانەی تایبهتمهندى سەربازییان هەیە بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی سەربازی بەکاردەهێنرێن، چونکە هەندێکیان لەسەر زەوی دەوڵەت دروستکراونو وەک خاڵی چاودێری یان ناوەندی مەشقو ڕاهێنان بەکارهێنراون، ئەمەش بەهۆی نەبونی ژێرخانێکی سەربازیی پێشتر، بەتایبەتی لەبەر ئەو وێرانکارییەی کە لەساڵانی شەڕدا بەر بنکە فەرمییەکان کەوتوە.
لەناوچەی جەزیرە، ئەم شوێنانە لەلایەن سوپاوە لەچوارچێوەی ئەولەویەتە دیاریکراوەکاندا وەبەرهێنانیان تێدادەکرێت، تائێستاش بەوردی نەچوینەتە ناو وردەکارییەکانی ئەم بنکانە بەشێوەیەکی تایبەت، بەگشتیی، هێزە نێودەوڵەتییەکان کشاونەتەوەو ئەم خاڵانە ڕادەستی سوپا دەکرێن، بۆ ڕونکردنەوەش؛ لیواکانی ناوچەکە لەچوارچێوەی سوپای سوریادا لەو شوێنانە جێگیردەبن بهگوێرهى ئەو پلانانەی پەسەندکراون.
ـ دۆسیەی دیلو دەستبەسەرکراوەکانی خەڵکی ناوچەکە کە لەزیندانەکانی حکومەتدان، ئەوانەی شەڕڤانی هەسەدە یان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بون، گەیشتوەتە کوێ؟ ئایا هەنگاو یان وادەیەکی ڕون هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەو داخستنی بەیەکجاریی؟
حهمۆ: لەڕاستیدا ئەم بابەتە بێزارمان دەکاتو توڕەیی خۆمان لەوبارەیەوە دەربڕیوە، ئێمە وەک وەزارەتی بەرگرییو وەزیریش وتمان کە کاردەکەین بۆ ئازادکردنی هەموان پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان، بەڵام بۆچی ئەمە بەدینەهات؟ ئەم بابەتە بوەتە هۆی خەمێکی گەورە بۆمان، من شەخسی ئاگاداری کاردانەوەی وەزیر بوم کە نیگەرانی خۆی دەربڕیی، بەڕاشکاوی ناڵێین بۆچی هەموو ئەو ئاڵۆزییانە دروستدەبنو بابەتەکە بەبازنە سیاسییەکانەوە دەبەسترێتەوە، ئەمەش گومانو دڵەڕاوکێی نادیار لای ئێمە دروستدەکات.
لەڕاستیدا، ڕۆژی ڕاگەیاندنی تێکەڵبون دەبوایە هەموان بێ جیاوازییو بێ قۆناغ لەزیندانەکان بچنە دەرەوە، بەڵام ئەم میکانیزمو پرۆسەیەی کە زیندانییەکانی پێ ئازاد دەکرێن، بەهەڵەی دەزانین، بەڵام ئەم بابەتە وەک ڕەخنە وەردەگیرێت، بازرگانییەکی زۆر بەبابەتی دیلەکانەوە کراو کارکردن بۆ قۆستنەوەی سۆزی خێزانی دیلەکان کارێکە بەهیچ شێوەیەک قبوڵناکرێت.
ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێت، "کێ بەرپرسیارە لەم دۆسیەیە؟" دەتوانرێت بوترێت کە وەزارەتی ناوخۆ، لەگەڵ لیژنەی تێکەڵبون، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەم دۆسیەیە دەکەن، بەڵام کاتێک تێبینی هەر دواکەوتنێک دەکرێت، دەستێوەردان دەکرێت بۆ خێراکردنی هەندێک ڕێکار، دوبارەی دەکەمەوە کە دەبوو کار بکرێت بۆ ئازادکردنی هەموو دیلەکانو بەستنەوەی بابەتەکە بەفشارە سیاسییەکانەوە شتێکی نائەخلاقییە، هەروەها ئێمە بەم شێوازەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە لەسەر بنەمای قۆناغو وەجبە بێت ڕازی نین.
ئێمە داوادەکەین هیچ دیلێک لەهیچ شوێنێک نەمێنێت، بەتایبەتی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەسەرەتادا پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئاستەنگ بۆ ئەم دۆسیەیە دروستدەکرێت؛ بڕیاری ڕون هەیە، بەڵام پێویستی بەکاتە بۆ جێبەجێکردن، بەڕاشکاوی دەڵێم: قۆستنەوەی خێزانی دیلەکانو هاندانیان یان جوڵاندنیان کارێکی باش نییە، هەرچییەک لەتواناماندابێت لەئاستە جیاوازەکاندا ئەنجامیدەدەین، بەتایبەتی لەڕێگەی گفتوگۆ فەرمییەکان لەسەر ئاستی وەزارەت.
قبوڵکراو نییە ئەم دۆخە بەردەوامبێت، بەتایبەتی لەسایەی قۆناغی تێکەڵبونو ئەو هەماهەنگییەی لەسەر بەرزترین ئاستەکان لەئارادایە، مافی گەلی کوردو کەسوکاری دیلەکانە کە لێپرسینەوەمان لەگەڵ بکەن لەسەر ئازادنەکردنی ڕۆڵەکانیان تائێستا، لەکاتێکدا کە ڕێککەوتن لەسەر ڕێڕەوی تێکەڵبون کراوەو مانەوەی ڕۆڵەکانیان لەزیندان شتێکە هیچ لۆژیکێک قبوڵی ناکات.
لەڕاستیدا، دەبینم بابەتەکە زۆر جدییە، بۆیە پێویستە بەهەنگاوی خێرا پاڵ بەم ڕێڕەوەوە بنرێتو ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی.
ـ وەزارەتی بەرگریی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی شەهیدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە لەکاتی شەڕی دژی داعش یان لەکاتی ئەو هێرشانەی کراونەتەسەر ناوچەکە گیانیان بەخشیوە؟ ئایا دانپێدانانێکی فەرمی یان چوارچێوەیەکی یاسایی دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانەکانیانو مافەکانیان؟
حهمۆ: ئێمە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەینو لەلایەن خۆمانەوە کۆبونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەکەو بریندارانی جەنگ ئەنجامدراوە، هەروەها لەدیمەشقیش کۆبونەوە کراوەو گەیشتوینەتە چەند ئەنجامێک، بەپشتبەستن بەم گفتوگۆیانە، مامەڵە لەگەڵ بریندارانی جەنگ دەکرێت وەک برینداری جەنگ لەسوریا، بهگوێرهى پێوەرو یاسا تایبەتەکانی ئەم دۆسیەیە، بەجۆرێک کە سودمەندبن لەخزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لەوڵاتداو پاڵپشتی پێویستیان پێشکەشبکرێت.
سەبارەت بەبنەماڵەی شەهیدانیش، دۆسیەکەیان لەڕێگەی دوو ڕێڕەوەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، یەکەمیان تایبەتە بەبنەماڵەی ئەو شەهیدانەی هاوسەرگیرییان کردوەو ئەوانەشی هاوسەرگیرییان نەکردوە، ڕێڕەوێکی ڕێکخراوەییو فەرمی بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەو دەکرێت، تائێستاش کارەکان بەردەوامنو پێویستی بەهەندێک ڕێکاری بیرۆکراتی هەیە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە پسپۆڕەکانەوە ڕێکبخرێت؛ بۆ نمونە، لەپارێزگای حەسەکە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی بنەماڵەی شەهیدانەوە ئەنجامدەدرێتو ئەم ڕێکارە بۆ هەموو پارێزگاکانی دیكهى سوریاش گشتگیر دەکرێت، بەوەش ئەم شەهیدانە وەک شەهیدی هەموو سوریا هەژماردەکرێنو بەڵگەنامەی سورییان پێدەدرێت.
سەبارەت بەبریندارەکان، لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگریی لەحکومەتدا دەبێت، کە خزمەتگوزارییان پێشکەشدەکرێتو بەدواداچون بۆ دۆخیان دەکرێت، لەکاتێکدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دۆسیەی بنەماڵەی شەهیدان دەگرێتە ئەستۆ لەڕێگەی پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتی لەهەموو پارێزگاکان. ئەمکارەش تائێستا بەردەوامە.
ـ سەبارەت بەسنورەکانی سوریا-عێراقو سوریا-تورکیا، میکانیزمی پاراستنیان لەئێستادا چۆنە؟ ئایا ڕێکاری نوێ یان هێزی تایبەت هەن کە بەرپرسیارێتی کۆنترۆڵکردنی سنورەکانو ڕێگریکردن لەقاچاخچێتیو دزەکردن بگرنە ئەستۆ؟
حهمۆ: ئەگەر بمانەوێت پرسیار لەمن بکەن وەک کەس ئەوا هیوای من ئەوەیە نەچینە ناو هیچ ناکۆکیو ململانێیەک لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، واتە هیچ لایەک مەترسی بۆ سەر لایەکی دیكه دروستنەکاتو سوریا وەک وڵاتێکی ئارام بمێنێتەوە، چونکە گەلی سوریا شایەنی ئەوەیە لەوڵاتێکی ئارامدا بژیت، چەندین ساڵی سەخت تێپەڕین کە تێیدا سەدان هەزار سوری شەهیدبونو هیچ ماڵێک لەسوریا نەماوە کە زیانی بەرنەکەوتبێت یان خاوەنەکەی ئاوارە نەبوبێت.
ئەم گەلە شایەنی ئەوەیە لەئارامیو ئاشتیدا بژیتو هیوادارم بیرکردنەوە لەسوریا لەسەر بنەمای بونیادنانو پەرەپێدانی دۆخی ئابورییو پەروەردەییو پێشکەوتنی زانستی بێت، نەک لەسەر ئاستی شەڕو ململانێکان.
ئەمانە هیوایەکن، بەڵام ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە سوریا وڵاتێکە خاوەن پێگەیەکی ستراتیژییەو لەدۆخی ئێستادا لەناو سێگۆشەی شەڕدا دەژیتو ناکرێت کاریگەری ئەوەی لەسەرنەبێت.
تائێستاش، سیاسەتێکی ئەرێنی لەم بارەیەوە پەیڕەو دەکەینو هەوڵمانداوە لەشەڕ دوربکەوینەوە، ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ سوریاو بەمشێوەیەش هەرچەندە بەردەوامبێت، سوریا سودمەند دەبێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی ئێستا هەیە، وەک زانراوە، شاھیدی شەڕێکی ئەمریکی-ئیسرائیلییە دژی ئێران، جگە لەجوڵەی هەندێک گروپی سەر بەئێران کە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆسەر سوریا دروستدەکەن.
دەتوانم بڵێم ئێمە لەوەزارەتی بەرگریی، ئەگەر هەست بەمەترسی بکەین بۆ سەر وڵاتەکەمان، ئەوا دەستەوەستان ناوەستین، بەڵام لەهەمانکاتدا نامانەوێت مەترسی بۆ سەر کەس دروستبکەینو نە کەسیش مەترسی بۆ سەر ئێمە دروستبکات، ئەمە هەڵوێستی ئێمەیە، هیوادارم بەرپرسانی سوریا بتوانن وڵات لەم تەحەدیاتانە بێننە دەرەوە بێئەوەی هیچ زیانێکی پێبگات.
ـ ئایا شتێکی دیكه هەیە کە بتەوێت بەسورییەکانی بڵێیتو باسمان نەکردبێت؟
حهمۆ: خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ئێمە لەقۆناغێکی هەستیارداینو بابەتی کورد لەچوارچێوەی سوریادا بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوەدەکرێت، بانگەوازم بۆ کۆمەڵگەی کوردی لەسوریا ئەوەیە؛ ئێمە دەبێت ببینە هاوپەیمانی ئەو سیاسەتە دروستنەی لەسوریادا هەن، کوردی سوریا دەتوانن لەچوارچێوەی سوریایەکی گشتگیردا درێژە بەخەباتیان بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیانو گەرەنتیکردنی ناسنامەکەیان.
کورد بەشدارییانکردوە لەبونیادنانی سوریای نوێ لەدوای ساڵی 1920، ئێستاش دەتوانن جارێکی دیكه بەشداریی بکەن لەبونیادنانەوەی سوریای نوێ لەڕێگەی بەشداریکردن لەڕۆڵە سەرەکییەکانو ناوەندەکانی بڕیاردان، بەپێچەوانەشەوە، ئەو سیاسەتانەی لەسەر بنەمای جیاوازییو دژایەتی داڕێژراون، دەبنە هۆی دروستبونی مەترسی گەورەو ئەنجامەکانیان بێ سودو نەرێنی دەبن.
پاراستنی کورد لەسوریا لەڕێگەی گەرەنتیکردنی مافە دەستورییەکانیانەوە دێت، بۆیە دەبێت خەبات لەسەر ئاستی یاساییو دەستوری بەهێزبکرێتو پرسی کورد بخرێتە سەروی کارە لەپێشینەکان، لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتی بەعسدا، ڕێگە بەکورد نەدەدرا خۆیان ڕێکبخەن یان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئەمەش لەچوارچێوەی سیاسەتێکدا بوو کە دەکرێت بەنادادپەروەر وەسفبکرێت، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ خاوەنی پێکهاتەو دەرفەتێکی ڕاستەقینەین کە ڕێگە بەکورد دەدات بگاتە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرو کاریگەر، ئێمە لەقۆناغی بونیادناندایین، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژویی دەخاتە ئەستۆمان بۆ ئاراستەکردنی ئەم بونیادنانە بەرەو ڕێڕەوێکی دروستو هاوسەنگ، بەجۆرێک کە هاوبەشی لەگەڵ برا سورییەکانی ترماندا بچەسپێنێتو ڕێگە لەهەوڵەکانی سەپاندنی یەک ڕەنگی یان هەر جۆرە ستەمکارییەکی نوێ بگرێت.
سوریا وڵاتێکی فرەڕەنگەو ئێمە بڕوامان بەوە هەیە، بۆیە پێویستە کوردیش بڕوایان بەم بیرۆکەیە هەبێتو بیچەسپێنن، ئەو خەباتەی کوردی سوریا ئەنجامیاندا خەباتێکی گەورەو گرنگ بوو، هەندێک دەپرسن: ئایا دۆڕانمان؟ ئایا گەڕاینەوە بۆ خاڵی سفر؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە وا نییە.
چونکە ئەمڕۆ جیهان باسی پرسی کورد دەکاتو لەسوریاش دەتوانرێت لەهەر شوێنو کاتێکدا باس لەبونی کورد بکرێت، تەنانەت لەو چالاکییە جیاوازانەی لەناوخۆی وڵاتدا ڕێکدەخرێن، ئەمە بەرهەمی خەباتو ڕەنجو بەرخودانی ئێمەیە لەساڵانی ڕابردودا لەسەر ئاستە جیاوازەکان، جگە لەقوربانیو خوێنی شەهیدەکانمان، بەڵام ئەم دەستکەوتانە پێویستیان بەوەیە لەدەستورێکی گشتگیری سوریادا وەربگێڕدرێن، بۆیە پێویستە بەهەموو شێوەیەکی گونجاوو لەبەردەست بەشداریی لەپرۆسەی داڕشتنەوەی ئەم دەستورەدا بکرێت.
دەتوانم بڵێم دواڕۆژی سوریا بەرەو باشتر دەچێت لەسەر بنەمای گەرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان، ئێمە دڵنیاین کە گەلی کورد هەمیشە ئومێد بوە بۆ پێکهاتەکانی دیكهو ئەمڕۆش کورد دەگەڕێتەوە بۆ تەواوکردنی ئەم کاروانە.
بانگەوازێکم بۆ کۆمەڵگەی عەرەبیش هەیە؛ کۆمەڵگەی عەرەبیو کوردی لەڕوی ئایینیو مێژوییەوە، پەیوەندییەکی برایەتی کۆیاندەکاتەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیكهدا، هەماهەنگییەکی مێژوییو کۆمەڵایەتی هەیە کە ناکرێت لەهیچ ناوچەیەکی سوریادا لێک جیابکرێنەوە.
ئەمڕۆ ناکرێت باس لەناوچەیەکی تەنها کوردی بکرێت لەسوریا، وەک چۆن ناکرێت باس لەناوچەیەکی تەنها عەرەبیش بکرێت، بۆ نمونە لەدیمەشقی پایتەخت کۆمەڵگەیەکی گەورەی کورد هەیە کە لەکۆنەوە تائێستا بەشێکن لەپێکهاتەی کۆمەڵایەتی شارەکە، هەروەها کورد لەحمسو حەماو حەلەبیش هەن، بەهەمانشێوە عەرەبو مەسیحییەکانیش لەناوچە جیاوازەکاندا هەن لەچوارچێوەی ئەم فرەچەشنییە تێکەڵەی سوریادا.
ئێمەو کۆمەڵگەی عەرەبی ڕەگمان لەناو یەکدایەو ناکرێت لەیەکتر جیابکرێینەوە، بەڵام کاتێک توانیمان دان بەتایبەتمەندییەکانی یەکتردا بنێین، سوریایەکی بەهێز بونیاد دەنێین کە دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاشتیو خۆشەویستی لەتەواوی ناوچەکەدا، بۆیە، بانگەوازمان بۆ هەموو سورییەکان بانگەوازی یەکگرتنو کارکردنە بۆ پاراستنی سوریا لەو مەترسییە جیاوازانەی کە لەدژی دەکرێن.
